ئامارەکان دەشاردرێنەوە؛ ژنان ڕووبەڕووی تاوانی کوشتنی یەک لە دوای یەک دەبنەوە

بە پێی کۆکردنەوەی ئامارەکان، لە سەرەتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی تەمووز لە هەرێمی کوردستان، ٩ ژن کوژراون یان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوەو هەوڵی کوشتنیان دراوە.

هێرۆعەلی 

 

ناوەندی هەواڵەکان- ساڵانە لە جیهاندا ئامارەکانی توندوتیژیی دژی ژنان بڵاودەکرێتەوە، بەڵام لە باشووری کوردستان ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕێگری دەکرێت لە بڵاوبوونەوەی ئامارەکان کە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە کۆدەکرێتەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش بەهۆی کاری ڕێکخراوەکانی ژنان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دەسەڵات لە شاردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان سەرکەوتوو نەبووە، چونکە بەردەوام کار لەسەر کەیسەکانی کوشتنی ژنان دەکرێت، ئەمەش وایکردووە بکوژەکان دیار بن و هەندێکیان دەستگیر بکرێن. 

 

دەسەڵاتەکانی جیهان کە بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و خۆسەپێنی حکومڕانی خۆیان بەڕێوە دەبەن، بوونی خۆیان لەسەر چەوساندنەوەی کۆمەڵگە و بە تایبەت دوورخستنەوەی ژنان لە کایە سیاسیی و کۆمەڵایەتیەکاندا دەبیننەوە، هەروەها کوشتنی ژنانیش بە دەستی پیاوان ڕۆژانە بە هەمان ئەقڵیەتی دەسەڵاتە کە لە باشووری کوردستانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. 

 

کوشتنی ژنان بە شێوەی ئاشکرا و گوماناوی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، هەروەها هۆکار و شێوازە نوێکانی کوشتنی ژنانیش بەردەوام لە زیادبووندایە، کوشتنەکان لە ژێر ناوی شەرەف، کێشەی کۆمەڵایەتی، نەخۆشییە دەروونییەکان و چەندین بیانووی ناڕاستی دیکە پەردەپۆش دەکرێن، هەبوونی ئەم بارودۆخەش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری. 

 

هەروەها بڕیاری ڕاگرتنی ڕوماڵکردنی کوشتنەکان بە تایبەتی کوشتنەکانی ژنان کە ٢٤ی ئاداری ئەمساڵ لە لایەن وەزارەتی دادەوە ڕاگەیەندرا و سەروەر نەبونی یاسا و زیادبونی چەکی بێمۆڵەت لە کۆمەڵگەدا وایکردوە کوشتنی ژنان و توندوتیژیەکان لای خەڵک ئاسایی بێت، ئەمانەش هۆکاری سەرەکین بۆ بەردەوامیدان بە کوشتنەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان و کوشتنەکانیش لە ئێستادا ڕێژەیەکی بەرزیان تۆمارکردووە.  

 

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسەکەمان "نوژنها"، ژمارەی کوشتنەکان ژنان لە سەرەتای مانگی تەمووزی ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی تەمووزبەم شێوەیە بووە: 

 

لە٣ی تەمووزی ئەمساڵدا، لە شارەدێی چوارقوڕنەی سەر بە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین ژنێک بە ناوی "هـ.ڕ" کە ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو، بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. 

 

 لە ٥ی تەمووزی ئەمساڵدا، ژنێک بە ناوی مریەم سیارئاڤدەل، تەمەن ٤١ ساڵ، لەسەربانی ماڵەکەی خۆی ئاگری لە جەستەی بەرداوە و بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەستدا. 

 

 شەوی ١٢ی تەمووز، لە هەولێر، فریشتە سەعدی، پاش ئەشکەنجەدانی بە زیاتر لە ٩ گولـە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراو، لە چۆڵەوانیەکی ناحیەی شاوێس تەرمەکەی فڕێدرا. 

 

 لە ١٤ی تەمووزی ئەمساڵدا، لە گەڕەکی شاکەل لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ژنێک بە ناوی (ز.ع ) تەمەن ٦٦ ساڵ بە شێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا. 

 

 لە ١٧ی تەمووزی ئەمساڵدا، ژنێک لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بە هەشت فیشەک لەلایەن خانەوادەکەیەوە کوژرا. 

 

 لە ٢٠ی تەمووزی ئەمساڵدا، لە شارۆچکەی شێخان كوڕێك بە چەكی جۆری دەمانچە و لە ماڵەكەی خۆیاندا باوك و خوشکێكی خۆی کوشت. 

 

لە ٢٨ی تەمووزی ئەمساڵدا، لە شارەدێی حاجی ئۆمەران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ئەنجامی هێرشی زاوایەک بۆ سەر ماڵی باوكی هاوژینەكەی، سێ کەس بریندار بوون، کە دوانیان ژنن. 

 

 لە ٢٩ی تەمووزی ئەمساڵدا، لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلاری سەر بە ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ فیشەکی بەرکەوت و بەهۆی سەختی برینەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کرا. 

 

هەربە پێی کۆکردنەوەی ئامارەکانی ئاژانسەکەمان "نوژنها"، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ تاوەکو کۆتایی مانگی تەمووز،  ٢٥ژن کوژراون، ١٥ ژن بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، چوار ژنیش هەوڵی کوشتنیان دراوە.