بێدەنگی ژنانی باشووری کوردستان لە قازانجی دەسەڵاتە

بێدەنگی ژنان لەباشوور لەبەرامبەر نادادی کۆمەڵایەتی وکوشتن وتوندووتیژییەکاندا گەشتۆتە لوتکەو ئەوەش لەقازانجی دەسەڵاتە.

ئاڤان کەریم  

 

ناوەندی هەواڵ-لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی و ڕفاندنی هەزاران ژنی ئێزدی لەشنگال، ژنانی باشوور بێدەنگیان هەڵبژاردووە، لەکاتێکدا دەبوو لەم ڕۆژانەدا ژنانی باشوور لەهەرشوێنێکی دیکەی ئەم کوردستانە زیاتر دەنگیان بەرزکردایەتەوەو بەشێوەی خۆپیشاندان یان گردبوونەوە دژایەتی ئەو کۆمەڵکوژی و ڕفاندنەی ژنانی ئێزدی بکردایە کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ بەپلانی ناوخۆو دەرەکی ڕوویدا.  

 
بەڵام ساڵانە لەدوای ئەو ڕووداوەوە کەژنان تیایدا زیانبەرکەوتەی سەرەکی بوون و بەچەندین جۆر کڕین وفرۆشتنیان پێوە کرا بەئێستاشەوە کەهێشتا چارەنووسی سەدان ژن بەنادیاری ماونەتەوە، ژنانی باشوور خۆپێشاندانێکی گەورە کەزۆرینەی ژنان تیایدا بەشداربن یان کەمپەینێکی تەواو چالاکیان دژبەو کارەساتە دروست نەکردووە، ئەوەشی کەهەبووە وەکو ناڕەزایەتی یان گردبوونەوە کۆمەڵێک ژنی چالاک بوون کەلەپەنجەی دەست تێناپەڕن، لەکاتێکدا دەبوو زۆرترین ڕێژەی ژن بەشداری پێ بکرێت، بەپێچەوانەی باشوور ژنان لەڕۆژئاوا لەم کاتانەدا بۆپشتگیری لەژنانی شنگال بەڕێژەیەکی زۆرو بەرچاو ساڵانە سەرشەقام ومەیدانەکان پڕدەکەن ودەنگ هەڵدەبڕن لەدژی ئەو کارە قێزەونەی بەرامبەریان کرا. 
 
بێدەنگی مانای درێژەدانە بەو دۆخە 
دەیان ساڵە لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە ژن لەباشوور بەجۆرەها شێوە سەرکوت دەکرێت ولەمافەکانی بێبەش دەکرێت لەلایەن خێزانەوە، زۆرجار یاساکانیش خۆیان هۆکاری توندوتیژیەکانن بۆسەر ژنان، بەڵام ژنانی نوخبەو تەنانەت ڕێکخراوەکانیش نەیانتوانی دەنگی ژنان یەکبخەن و زۆرترین ژن بەشداری پێبکەن لەناڕەزایەتیەکاندا تابیکەنە هێزێک بۆسەر دەسەڵات و کەم کردنەوەی توندوتیژی سەر ژن لەهەموو ڕووەکانەوە، ئەوەش بۆخۆی کارەساتە، چونکە بێدەنگی واتای قایلبوونە بەودۆخە، لەهەرجێگایەکدا بێدەنگی باڵی بەسەر ژناندا کێشا لەوجێگایە هەموو توندوتیژیەکان بەنهێنی وبێ چارەسەر دەمێننەوەو ڕۆژ بەڕۆژ لەزیادبووندا دەبن. 
 
ژنانی باشوور بەسیستم لەلایەن دەسەڵاتەوە بێدەنگ کراون 
ئەگەر سەرنج بدەن دەسەڵات بەمیکانیزمی ئاڕاستەکردن لەزۆر ڕێگاوە ژنانی بێدەنگ و قایل کردوە، یەکێک لەو ڕێگایانە میدیاو ڕۆڵی خراپی ڕاگەیاندنەکانە کەسەتوانرێت بوترێت چەن دانە میدیایەکی کەمی باشوور نەبێت تەواوی میدیاکانی تر لەخزمەت بێدەنگ کردنی ژناندان، لەڕێگەی پەخشکردنی زنجیرە دراماو بەرنامە بێ کەڵک وخراپەکانیانەوە ژنان بەلاڕێدا دەبەن و دووریان دەخەنەوە لەڕۆڵی سەرەکی خۆیان وئاڕاستەیان دەکەن بەرەو دۆخێکی خراپی بێدەنگی، سەرقاڵیان دەکەن بەجۆرەها بابەتی لاوەکی کەتیایدا ژن خۆی وون دەکات وهەرگیز نایەوێ خۆی بدات لەبابەتی ئازادی ومافەکانی ،ئەوە جگە لەوەی بەجۆرەها شێوە ژنان ئاراستە دەکرێن بۆبەکاڵا کردنی خۆیان وبچوک کردنەوەی کەسایەتیان وناتوانن تەنانەت لەناوخێزانەکەی خۆشیاندا ڕۆڵی باشیان هەبێت، پارەو ئاڵتوون و مارەیی و ئۆتۆمبێلی بەرزو چەندین خواستی بێ کەڵکی تر ژنانیان بەم دۆخە گەیاندووە، ژن ڕۆڵی سەرەکی خۆی وەکو مرۆڤ لەبیر کردووەو تێکەڵ بووە بەسیستمی سەرمایەداری لەچەندین لاوە. 
 
ئەو بێدەنگییە لەقازانجی دەسەڵاتدایە 
ئەم بێدەنگیەی ئێستای ژنان بەتەواوی لەقازانجی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەدایە و ڕێگەی بۆ خۆش دەکات درێژە بە سەرکوتکاری وتوندووتیژی بدات بەرامبەر بەژنان ئیتر ئەو توندوتیژییە لەڕێگای کۆمەڵگەوە بێت یان لەڕێگای یاساو دامودەزگاکانی حکومەتەوە بێت، جگە لەوەش لەبەرئەوەی ژنان چینێکی کاریگەری کۆمەڵگەن و دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە گۆڕینی حوکومڕانی و نەهێشتنی نادادی بۆیە لەقازانجی دەسەڵاتە بێدەنگی و ڕازیبوون بەو دۆخەو هەرگیز دەسەڵات ترسی نابێت لەوەی ژنان هۆشیارو بەئاگابن، ئەوەش بۆخۆی ڕێگا بەمانەوەی دەدات. 
 
تەنها چارەسەر بەڕێکخستن کردنی ژنانە 
لەم دۆخەی ئێستای باشووردا کە ژنان تیایدا بێدەنگیان هەڵبژاردوە، پێویستە ژنان لەڕێگەی کۆمەڵەو دەستەو گرووپەوە خۆیان بەڕێکخستن بکەن وهەر لەو ڕێگایەوە هۆشیاربکرێنەوەو کەمپەین دروست بکەن لەسەر ئاستی گەڕەک وناوچەو شارەکانیش بۆ بەستنی کۆڕو سیمینار لەلایەن کەسانی شارەزاو پێگەشتوو لەبواری ئازادی و مافەکانیان، پێویستە ژن  لەسەرجەم کایەکانی کۆمەڵگەدا دەنگی هەبێت وبتوانێت فشارێک بێت بۆسەردەسەڵات و ڕێگا لەتوندووتیژی زیاتر بگرێت ونەهێڵێت چیتر دەسەڵاتی پیاوسالاری بەناوی جیاجیاوە خۆی بەسەر خێزان و ژناندا بسەپێنت.