ناسنامەی گەلی کورد؛ سەرهەڵدان و شۆڕش ...٣
داستانی کورد پڕە لە شۆڕش و سەرهەڵدانی مێژوویی، کە تا ئەمڕۆش لەسەر ڕێچکەی ئەو شۆڕشانە کورد خۆیان ڕێکدەخەن و ئەنجامە تراژیدیاکانی ئەو قۆناغە بە تێکۆشانی ئێستا و لەسەر ناسنامەی کوردی ئازاد دووبارە پێناسە دەکەنەوە و دەیگەیەنن بە سەرکەوتن.

ناوەندی هەواڵ
تەوار عادل و ئەڤین عیزەت-گەلی کورد گەلێکی سەرهەڵدێر بووە و بە درێژایی مێژووش سەرهەڵدان ناسنامەیی نەتەوەیی بووە بۆی، دوای جەنگی جیهانی دووەم و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتانی عێراق و تورکیا، بەڵای سەری بەریتانییەکان، کە هەژموونیان لە ناوچەکەدا باڵا بوو، کوردەکانی ناوین بوون، واتە کوردانی باشووری کوردستانی ئێستا، چونکە نەدەکەوتنە ژێر دەسەڵاتی داگیرکاریی بەریتانیا و تورکیا و عێراقیشیان پەسەند نەدەکرد، پەیمانی سیڤەر، کە دەوڵەتە باڵادەستەکانی ناچار کرد تیایدا باس لە هەرێمێکی سەربەخۆ بۆ کوردەکان بکەن، یەکێکە لە نمونەی ئەو پێداگرییانەی کورد کە جگە لە خۆبەڕێوەبەری هەموو دەسەڵاتێکی خۆسەپێن ڕەت دەکەنەوە.
لە ماوەی ١٥٠ ساڵی ڕابردوودا سەرهەڵدانەکان لە مێژووی گەلی کورددا دژی داگیرکاری و سەرکوتکردن تۆمار کراون، یەکێک لەوانەش شۆڕشی ئاگری داغە، کە شێخ سەعیدی پیران، ئیحسان نووری پاشا و سەید ڕەزای دەرسیمی ڕابەرایەتییان کرد و لە نێوان ساڵانی ١٩٢٧ بۆ ساڵی ١٩٣٢ لە ناوجەرگەی شاخ و زنجیرە چیاکانی ئاراراتدا سەری هەڵدا، لەو ماوەیەدا کە وڵاتانی ھاوپەیمان لە رێکەوتننامەی سیڤەری ئابی ١٩٢٠، بەڵێنیان دابوو قەڵەمڕەوێکی کوردی سەربەخۆ بەپێی بەندەکانی (٦٢-٦٣-٦٤) دابمەزرێت، ئیحسان نووری پاشا کە خۆی خەڵکی بەدلیس و ئەفسەرێکی کوردی ناو سوپای عوسمانی بوو و لە یەمەن دەمایەوە. بەڵام کاتێک دەبینێت وڵاتانی هاوپەیمان لە بەڵێنەکانی پەیمانی سیڤەر پاشگەز بوونەتەوە، ئیحسان نوری پاشا ھەوڵیدا پەیوەندی بکات بەو شۆڕش و ڕاپەڕینە کوردیانەی کە ساڵانی دوای شەڕی یەکەمیی جیهانیی دژی بەجێنەھێنانی بەندەکانی سیڤەر لە ناوچەکانی کوردستاندا سەریانھەڵدا، بۆیەش پەنا دەباتە شام و لەوێوە بۆ باشووری کوردستان، ئەو دەمە کاروبار بەدەستی ئینگلیزەوە بوو نەیدەویست ھاوکاری سوپای ئینگلیز بکات، بۆیە بە ناچارییەوە پەنای بردۆتە بەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاتێکیش شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە باکووری کوردستانەوە دەستپێدەکاتەوە لەگەڵ چەند کەسایەتی دیکە بۆ پەیوەندیکردن بە شۆڕشەوە ڕوو لە باکوور دەکەن.
هەڵوێستی کەمالیستییەکان بەرامبەر بە کورد خەباتی سیاسی بۆ چەکداری گۆڕی
قۆناغی دوای پاشگەزبوونەوە لەو بەڵێنانەی بە کورد درا، قۆناغی بڕیاردانی دەستکردن بە خەباتی چەکداری بوو، دەوڵەتی تورکیا لەو بەڵێنانە پاشگەزبووەوە لە ماوەی ڕاگەیاندنی کۆمارەکەیدا بە کوردی دابوو، هەروەها هەڵوێستی کەمالیستییەکان بەرامبەر بە کورد تا دەهات ڕادیکاڵتر دەبوو. لە بەرامبەر ئەمەدا کوردان خەباتی سیاسی خۆیان گۆڕی و خەباتی چەکدارییان کردە بناغەی تێکۆشان. کۆماری تورکیا کە لەسەر بنەمای لەناوبردنی کورد خۆی دامەزراند، ئەم سەرهەڵدانەی شێخ سەعیدی پێ پەسەند نەدەکرا و بە هەموو هێزییەوە هێرشی کرد و شۆڕشەکەی لە ساڵی ١٩٢٥ بە لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هاوڕێیانی سەرکوت کرد.
دوای ئەوەش ئیحسان نوری پاشا و هاوڕێکانی بە ناچاری دەگەڕێنەوە شاری ڕەواندزی باشوری کوردستان و پاش ماوەیەک لەگەڵ بنەماڵەی نەهرییەکان و عەشیرەتەکانی ناوچەکە بە پێشەنگایەتی سەید عەبدوڵای نەهری لە دژی دەوڵەت لە سێکوچکەی زاگرۆس واتا لە شەمزینان سەرهەڵدەدەن.
پاش شکستی سەرهەڵدانی نەهری، شۆڕشی کورد کۆتایی نایەت، چونکە بەرەنگاری شادەماری کوردان بوو دژی داگیرکاری، هەر لە ماوەیەدا سەرهەڵدانی سمکۆی شکاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێدەکات و کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشەوە بەشداری شۆڕش دەکەن. بەڵام دەوڵەتی ئێرانیش ئەو شۆڕشە سەرکوت دەکات. دوای ئەوەش لە چیای ئاگری کۆمەڵێک سەرکردەی خۆییبون، کە ئیحسان نووری پاشا و برۆ حەسکێ ڕابەرێکیان بوون، بەمەش شۆڕشێکی دیکە دژی دەوڵەتی تورکیا سەرهەڵدەدات و ئەو شۆڕشگێرانەی لە دوای شێخ سەعیدی پیران باکووری کوردستانیان بەجێنەهێشتبوو، بە زووی خۆیان گەیاندە ئاگری و چیای ئاگری بووە ناوەندێکی سەرەکی شەڕی سەربەخۆیی نەتەوەی کورد. هەروەها ڕێکخستنەوەی هێز و پێکهاتە سەربازییەکان، دیاریکردنی سەرۆک وەزیر، وەزیرەکان، ئاڵا، سوپا و ڕۆژنامە لە ئاگری بناغەیەک بوو بۆ دەوڵەتی کوردی و گوندی "کوردئاوا"ش لە چیای ئاگری وەکو پایتەختی کۆماری کوردان ڕاگەیەندرا، پارێزگار وقایمقامیان بۆ دەستنیشان کرد کە نوێنەرایەتی حکومەتی سەربەخۆی کوردەکان لە ئاگری و ناوچەکانی بکات.
سەربەخۆیی نەتەوەی کورد سەرەڕای هەموو دەستتێوەردان و دژایەتییەکانی دەوڵەتی تورک بەرەوپێش دەچوو، لە ساڵی ١٩٢٨یشدا چووە قۆناغێکی نوێوە، دەوڵەتی تورک ویستی ئەو تاکتیکانەی کە بۆ سەرهەڵدانەکانی دیکەی کوردان بەکاری هێنابوو، لە “ئاگری”یش بەڕێوەی ببات، هەربۆیە لەگەڵ هیزە کوردیەکان دەستی بە دانوستان کرد. کاتێک کە دەوڵەتی تورک تێگەیشت کە ئەو ناتوانێت شۆڕشی ئاگری سەرکوت بکات، بە رێکەوتنی دیبلۆماتیک هەوڵی شکستهێنانی بە سەرهەڵدانی کوردان دەستپێکرد. لە مانگی ئەیلولی ١٩٣٠دا دەوڵەتەکانی ئێران و تورکیا و یەکێتی سۆڤییەت، پەلاماری ئاگرییان دا و شۆڕشەکەیان سەرکوت کرد. ئەم ڕێککەوتنەش بۆ یەکەمجار بوو کە تورکەکان بە دیپلۆماسیەت شۆڕشێکی کوردان سەرکوت بکەن و کۆماری کوردیی ئاگری پاش ٤ ساڵ لە بەڕێوەبردنی هەڵوەشایەوە و نزیکەی ٣٤ سەرکردەی شۆڕشی ئاگری دەستبەسەرکران و لەسێدارەدران.
عەلی شێر و زەریفە خان
شۆڕشی کۆچگری ئەو شۆڕشە بوو کە ژنێک پێشەنگایەتی کرد و لە دژی کۆماری تورکیای کەمالیستی سەریان هەڵدا، ئەو ژنەش زەریفە خان بوو، هەموو هەوڵی زەریفە هۆشیارکردنەوەی ژنان بوو لە مافەکانیان، لەگەڵ عەلی شێری هاوژینیدا، لە سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەم، واتا ساڵانی ١٩١٤ بۆ ١٩١٩ دەستیان بە یەکگخستنی هۆزە کوردییەکانی پارێزگاکانی دەرسیم و سێواس کرد، لەبەر لێهاتوویی و خوێندەواری ڕێز و پلە و پایەیەکی باشیان لەناو عەشیرەتەکاندا پەیدا کرد.
عەلی شێر لە مانگی تەموزی ساڵی ١٩٢٠ لە ناوچەی کۆچگری دەرسیم لەگەڵ هاوڕێیەکی بەناوی بایتار نوری دەرسیمی دەستیان بە کۆکردنەوەی چەکدار کرد، لە ماوەیەکی کەمدا ڕێکخستنەکانی لەناو هۆزە کوردییەکاندا بەهێز کرد و چەندین سەرۆک هۆز و کەسایەتی لەگەڵ چەکدارەکانیان هاتنە ناو شۆڕشەوە، ئەم سەرهەڵدانەش تا مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ بەردەوام دەبێت و سوپای تورک ناچار دەکەن ژمارەیەک قەرەقۆل و بارەگایان دابخەن و لە ناوچەکانیشیاندا پاشەکشێ بکەن، بە هۆی لاوازی حکومەتی ئەنقەرە لەو کاتەدا کە مستەفا ئەتاتورک بەڕێوەی دەبرد، درکیان بەوە کرد کە ناتوانن شۆڕشەکە سەرکوت بکەن، لەبەرئەوە پەیوەندیان بە عەلی شان بەگ کرد کە کوردێکی ناوچەی عومرانیەی دەرسیم بوو، لە ڕووی هاوڕێیەتی کۆنەوە کە پەیوەندی لەگەڵ شۆڕشگێڕەکاندا هەبوو، ڕاسپاردەی ئەتاتورک بە شۆڕشگێرەکان دەگەیەنێت و ئەوانیش بە مەرجێک ڕازی دەبن؛ مافی خۆبەڕێوەبەری بە کورد بدرێت و هەموو هێزەکانی حکومەت لە ناوچەکە بکشێنەوە و ئیدارەی هەرێمەکە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە بکەوێتە دەستی کورد، بەڵام بەهۆی فشارێکی زۆری سەر ناوچەکە و خیانەتی سەرۆک هۆزەکان و شەهیدکردنی شۆڕشگێڕەکان، شۆڕشەکە توانی تا بەهاری ١٩٢١ بەردەوام بێت، عەلی شێر و زەریفە خانمیش تا شۆڕشی سەید ڕەزای دەرسیم لەناو پارێزگای دەرسیمدا دەژیان، لە کۆتاییەکانی ١٩٣٠ دا عەلی شێر و زەریفە خانم ، روو لە چیای (توژک) دەکەن و لە ئەشکەوتێکدا درێژە بە خەباتیان دەدەن، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٧ شۆڕشی سەید ڕەزای دەرسیمی سەرکوتکرا و خۆشی لە سێدارە درا و کۆمەڵکوژی دەرسیم دەستیپێکرد. بەهۆی خیانەتی ژمارەیەک کوردەوە عەلی شێر و زەریفە خانم لە ٩ی تەمموزی ساڵی ١٩٣٧ لە ئەشکەوتێکی چیاکانی دەرسیمدا دەستگیردەکرێن و شەهید دەکرێن. سەری هەردووکیان لەلایەن جاشێکەوە بە ناوی زەینەل، لە جەستەیان لێدەکرێتەوە و دەبرێت بۆ ئەتاتورک و تا ئێستاش لاشەیان نەدۆزراوەتەوە. بەو شێوەیە داستانی دوو قارەمان، دوو هاوژینی شۆڕشگێر و فیداکاری گەلی کورد کۆتاییان پێدێت.
قەدەمخێر
لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکانەوە تاکو دەسەڵاتی سەفەوییەکان میرنیشینەکانی ناوچەی لوڕستان نیمچە سەربەخۆییان هەبوو، هەرچەندە بەشێک بوون لە دەسەڵاتی ئێران، بەڵام میرەکان دەسەڵاتیان لەدەست نەداوە، دوای ئەوەی کە ڕەزا شای پەهلەوی دەسەلاتی ئیەانی گرتەدەست، هەوڵی لەناوبردنی دەسەلاتی میرەکانی دا لەناویاندا میرنشینی لوڕستان بوو کە توانی بە پلان و فێڵەکانی بیانخڵەتێنێت و دانوستانیان لەگەڵ بکات، هێزەکانی شا لە ساڵی ١٩٢٩-١٩٣٠ هێرشیان کردە سەر عەشیرەتەکانی لوڕستان، عەشیرەتی قەلاوەندیش ئەمەیان قبوڵ نەکردو لە دژی هێرشەکان وەستان و شەڕیان کرد،
لە نێو شەڕکەرەکانی لوڕدا ژنێکی قارەمان هەبوو پێشەنگایەتی دەکرد، ئەویش قەدەم خێر بوو، لەگەڵ هاوژین و براکانی لە سەنگەری شەڕدا بەشدار بوون و لە دژی داگیرکەر شەڕیان کرد، دوای کوژرانی هاوژین و براکەی، قەدەم خیر هێزێکی گەورەی لە سوارە و پیادە پێکهێنایەوە و لە دژی داگیرکاری ڕەزا شا دەوەستنەوە و چەندین شەڕ بەرپا دەکەن تا زۆربەی ناوچەکانی لوڕستان لە سوپای داگیرکەری ئێرانی پاک بکەنەوە. ئامانجی ئەو ژنە قارەمانەی کورد ڕزگارکردنی نەتەوەی کورد بوو، نەک بە تەنها ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکو ئەو دەیویست پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ڕزگاربکات. بۆ ئەم مەبەستەش نامەیەکی بۆ شێخ مەحمودی حەفید نارد و داوای لێکرد کە هێزەکانیان یەک بخەن لە پێناو ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵات و باشوور، لە نامەکەدا نوسیویەتی "با هەوڵ و تێکۆشانمان یەک بخەین و کوردستان لە دەستی دوژمن ڕزگار بکەین؛ ئێستا لە دژی زوڵم و ستەم دەجەنگم و نامەوێت سەر بۆ دوژمن دانەوێنم و زوڵم لە گەلەکەم قەبووڵ بکەم؛ من لە پێناو ڕزگاریی کوردستان و دژی ستەم و نادادپەروەری شەڕ دەکەم و لەو خەباتەدا برا و مێردەکەم لەدەست داوە؛ هەر بۆیە داواتان لێ دەکەم هێزەکانمان یەک بخەین و خەبات بۆ ڕزگاریی کوردستان بکەین و هەموو موڵک، چەک، سەرباز و جەنگاوەرەکانم دەخەمە خزمەتتان؛ چەک و تەقەمەنییەکانم بەشی دوو ساڵی شەڕ دەکەن"
هەر دەچوو فشارەکانی ڕەزا شا بۆ ناوچەکە زیادی دەکرد و شەڕێکی قورس لە نێوان هێزی داگیرکەر و چەکدارانی لوڕدا ڕوویدا کە بە "خورماداد" ناسراوە، دوای سێ ساڵ لە بەرەنگاربوونەوەی قەدەم خێر و هێزەکەی، بەهۆی کەمی پێداویستی شەڕەوە، شا توانی سەرهەڵدانەکە سەرکوت بکات و لە پێش چاوی هێزەکەشیدا؛ قەدەم خێریان بە دوای ئەسپێکی کوێردا ڕاکێشا و هەمووگیانی تێک شکا، دەوترێت قەدەم خێر بەو هەموو ئەشکەنجە و ئازارانە تەنانەت بۆ جارێکیش داوای لێبوردنی لە ڕەزا شا نەکرد و پێی وتووە "ئەگەر جارێکی دیکە ئازاد بکرێمەوە، بۆ خاک و شەرەفی گەلەکەم خەبات دەکەم" لە دوای ئەمە بە فەرمانی ڕەزا شا دەخرێتە زیندانەوە و هەر لەوێش کۆچی دوایی دەکات و چووە ڕیزی شەهیدانی شۆڕشگێڕ و قارەمانە نەمرەکانی کوردستان.
خانزانی میری سۆران
داستانی شۆڕشگێری گەلی کورد، بە پێشەنگایەتی ژنان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا تۆمار کراون، خانزادی میری سۆرانیش ئەو ژنە میرە بوو کە دژی عوسمانییەکان جەنگا و ئەو بیرۆکەیەی ڕەتکردەوە کە ژن ناتوانێت وڵاتێک سەرکردایەتی بکات و بیپارێزێت، جگە لە بەڕێوەبردنی وڵات و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی ئابووری، یارمەتی فراوانکردنی خاک و سنورەکانیدا و توانی چەندین ناوچەی گەورە لەژێر دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەوییەکان ڕزگار بکات و بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی میرنشینی سۆرانەوە و چەندین قەڵای دروستکردووە وەک قەڵای سەر چیای هەریر، قەڵای بانەمان، دروست کردنی مزگەوت و حوجرەی کۆڕێ، قەڵای ناحیەی باڵەکایەتی، دروست کردنی پردێک لە گەلی عەلی بەگ، خیانەت ئەو دەردەیە کە کۆمەڵگەی لەناوبردووە، بەپێی ئەو مێژووەش کە لەبەرچاوە، شکستی شۆڕشەکان بەشێکی زۆری بۆ خیانەت و یەڕیز نەبوونی گەل و بە تایبەت ئاغاو دەرەبەگەکان دەگەڕێتەوە، لە سەردەمی میرنشینی سۆرانیشدا خان ئەحمەد خانی ئەردەڵان خیانەتی لە گەلی کورد کردو خانزادی میری سۆرانی بە برینداری رادەستی سەفەوییەکان کردو بەمەش کۆتایی بە دەسەڵاتی میری سۆران هات.
لە باشووری کوردستان سەردەمی شێخ مەحمودی حەفید زۆرترین باسی لەسەر دەکرێت، چونکە لە دوای لاوازبوونی دەوڵەتی عوسمانی و هەوڵدان بۆ نەخشەکێشانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لەلایەن ئینگلیزەوە، تێکۆشانی بۆ چەسپاندنی پێگەی کورد کرد و هاوپەیمانی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا ڕەتکردەوە و نەیهێشت بێنە ناو خاکی کوردستان، یەکەم حکومەتی کوردی بە ئاڵا و هێزەوە ڕاگەیاند و لە ماوەی ساڵانی جەنگی جیهانی یەکەم ڕابەری چەندان ڕاپەڕین بوو دژی هێزی بەریتانیا لە کوردستان، لەنێوان ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩١٦ جەنگی لە دژی ڕووسیا بەڕێوەبرد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاتێکیش لە شەڕی بازیان بە برینداری دەکەوێتە دەستی ئینگلیز و دوور دەخرێتەوە بۆ هیندستان، بارودۆخی کوردستان ئاڵۆز دەبێت و خۆپیشاندان و پشێوی ڕوودەدات، مەترسی هێرشی تورکەکانیش بۆ سەر کوردستان سەرهەڵدەداتەوە، بۆیە ئینگلیزەکان ناچار دەبن جارێکی دیکە لە ساڵی ١٩٢٢ شێخ مەحمود بگەڕێننەوە بۆ کوردستان؛ هەر خۆشیان دانیان نا بە کوردستاندا و شێخ مەحمودیان کرد بە مەلیکی کوردستان و حکومەتی کوردستان دامەزرا، تێکۆشان و بەرخۆدانی ئەو سەردەمە هێزەکانی براوەی جەنگی جیهانی یەکەمیان ناچار کرد کە لە پەیمانی سیڤەریشدا پێگە بە کورد بدەن و باس لە سەربەخۆیی بۆ کرد بکەن، لە سەرەتای دامەزراندی حکومەتە کوردییەکەشدا زمانی کوردی کرا بە زمانی فەرمی، هەروەها چەندان ڕۆژنامەی گرنگ بە زمانی کوردی دەرکرا وەک: ڕۆژنامەی بانگی حەق و ڕۆژی کوردستان.
بەڵام بەهۆی پشتگیری کردنی ئینگلیزەکان بۆ دەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراق، هێزەکانی ئینگلیز لەشکرکێشییان دەکردە سەر کوردستان و ڕێگەیان لە پێشکەوتنی گەلی کورد دەگرت. چەندین جار بە ڕابەرایەتی شێخ مەحمود سەرهەڵدان لە باشووری کوردستان دەستی پێکرد، وەک شەڕی ئاوباریک و کەناروێ و سورداش، بەڵام بەهۆی نا هاوسەنگی هێزە عەسکەری و سیاسییەکان، ڕاپەڕینەکە بە هێزە ئاسمانی و زەمینییە بەریتانییەکان سەرکوت کرا.
هاوشانی سەرهەڵدانی شێخ مەحمود لە شاری سلێمانی دژی هێزەکانی عێراقی تازە دامەزرا و بەریتانیا و ئینگلیزی داگیرکار، لە ساڵی ١٩٢٠ شۆڕشی ئیبراهیم خانی دەلۆ لە شاری کفری ناوچەی گەرمیان سەریهەڵدا، ئەمەش بەهۆی سزادان و هێرشکردنە سەر ژنان و منداڵان و پێشێلکردنی مافەکانیان و لێسەندنی باج و سەرانەیەکی ئێجگار زۆر لەلایەن ئینگلیزەوە بوو، کە کەڵەکە بوونی ئەو هەموو زوڵم و زۆرە لە لایەک و دەستگیرکردن و دورخستنەوەی "شێخ مەحمودی حەفید" لەو کاتەدا لە لایەکی تر؛ بووە هۆی ئەوەی کە ڕاپەڕین و شۆڕش لە چەند ناوچەیەکی گەرمیاندا سەرهەڵبدات؛ و هەر لە ماوەی هەفتەیەکدا شارەکانی خانەقین و دوز و کفری، لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە ئازادکران.
لە هەمان کاتدا برایم خان بە بەشداری تەواوی هێزی دەلۆ و هاوکاری هێزەکانی دیکەی ناوچەکە، لە دژی دەسەڵاتدارانی داگیرکەر ڕاپەڕین و لە چیای باوەشاسوارەوە شۆڕشیان دەستپیکرد؛ و لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکانی ئینگلیزەکانیان دا لە ناوچەکە؛ هەر لە هەمان رۆژدا و لە ٢٢ی ئابی ١٩٢٠ شارەکە لە دەستی داگیرکەران ڕزگارکرا و حکومەتێکی کاتی بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم خانی دەلۆ پێکهێندرا. هەر لە شۆڕشەکەدا دوو ژن کاریگەرانە بەشدار و هاوکاری شۆڕشگێڕان بوون کە هەریەک لە "نەنە خان" دایکی برایم خان و "نەعیمە خان" بوو کە ژنێکی ئازا و خاوەن کار بوو و لەگەڵ برایم خاندا بەشداری لە شۆڕشەکەدا کردبوو.
لە باشووری کوردستان دەتوانین ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ بە یەکێک لە دیارترین سەرهەڵدانەکانی گەل بەناو بکەین کە بەرامبەر ڕژێمی بەعس و زوڵم و زۆرداری ڕاپەرین و لەماوەیەکی کورتدا زۆترین ناوچەی باشووری کوردستان لە ڕژێمی بەعس پاککرایەوەو تا سەری کێشا بۆ ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراقی بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن، لەدوای ئەوەش پەرلەمان و حکومەتی هەرێم دامەزراو فەرمانڕەوایی کەوتە دەست کوردان.
ڕۆژئاوای کوردستان هەمیشە پاڵپشتی شۆڕشەکانی پارچەکانی دیکە بووە
ڕۆژئاوای کوردستان لانەیەک بووە بۆ شۆڕشگێڕان و ڕاپەڕیوان لە دژی زوڵم و ستەم، ڕۆژئاوای کوردستان کە خاکەکەی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بچوکترە، بە لکاندنی بە خاکی سووریاوە لە پارچەکانی دیکە دابڕێندرا، بەڵام هیچ کاتێک ناسنامەکەیان پێدانەبڕێندرا، کاتێک بایتار نوری دەرسیمی لە باکور هەڵدێت بە هۆی سەرکوتی شۆڕشەوە، وە بنەماڵەی بەدرخانەکان باکوور بەجێدەهێڵن، روودەکەنە ماڵی دووەمیان کە ڕۆژئاوای کوردستانە و خەڵکیش باوەشی سۆز و پاراستنیان بۆ دەکەنەوە و بۆ چەندین ساڵ تیایدا نیشتەجێ دەبن، ئەم لانەیە بۆ پەکەکەش، کە دواین سەرهەڵدان و ژیانەوەی گەلی کوردە بە هەمان شێوەبوو.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراق و بە تایبەت لە دوای ڕاپەڕینی گەل لە باشووری کوردستان، ڕژێمی بەعسی سووریا فشارەکانی بۆ سەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاد دەکات، زیندانەکان پڕبوون لەو کەسانەی داوای مافی گەلیان دەکرد، ئەو کوردانەی بێ ناسنامە کرابوون و لە سایەی ڕژێمەوە خەباتی سیاسیشیان لێ زەوت کرابوو. پڕبوون لەو کەسانەی بە زمانی کوردی قسەیان دەکرد. ئەم دۆخە بۆ ڕژێمی سووریا تا ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤ بەردەوام بوو، بەڵام دوای ئەوەی بەهۆی یارییەکەوە لە نێوان قامیشلۆ و دێرەزوور لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، هێرش کرایە سەر هاوڵاتیانی کوردی ڕۆژئاوا، خۆری ڕژێم لەلای کوردان ئاوابوو، خۆری ژیانەوەی کورد لەو پارچەیەی کوردستانیش هەڵهات، کاتێک هاندەرانی یانەی دێرەزوور کە عەرەبە شۆڤێنییەکان بوون، دروشمی سیاسییان لە دژی رۆژئاوای کوردستان بەرز کردەوە و پشتگیرییان لە ڕژێمی بەعسی عێراق دەکرد؛ و لە دواتردا هێرشیان کردە سەر هاندەرانی یانەکەی قامیشلۆ، لە دوای برینداربونی چەند کەسێک؛ هاندەرانی یانە کوردییەکە وەڵامی هێرشەکانییان دایەوە و پێکدادان لە نێوانیاندا ڕوویدا. هێزە ئەمنیەکانی سوریاش لەبری ڕێگری هێرشیان کردە سەر کوردەکان و شەهید بوونی سێ کەس و برینداربونی دەیان کەسی دیکەی لێکەوتەوە، لە ڕۆژی مەراسیمی بە خاک سپاردنی شەهیدەکاندا؛ هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی سوریا هێرشیان کردە سەر جەماوەری ئامادەبوو و چەند کەسێکی دیکەیان لێ شەهید و بریندار کردن. ئەمەش ترسکەی ڕاپەڕینی گەشتر کردەوە و گەل دژی زوڵم و ستەمەکانی ڕژێمی بەعس ڕاپەرین، سەرەڕای شەهیدبوونی ٢٧ کەس لە سەرەتادا، ٢٠٠ بریندار، دەستگیرکردنی ٥٠٠٠ هەزار هاوڵاتی کورد و تاڵان کردنی سەروماڵی کوردان لە هەندێک ناوچەی سوریادا. ئەم ئاگرە تا دەهات گەشتر دەبوو و بووە هەوێنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە تەموزی ٢٠١٢، کە بە شۆڕشی ژن بەناو دەکرێت.
لایلا قاسم دەڵێت؛ “دەبمە بووکی کوردستان و بە كوشتنی من هەزاران كورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم كە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاریی كوردستان دەكەم”.
قازی محەمەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان لە وەسێتنامەکەیدا کە بە ماوەیەک پێش لە سێدارەدانی نووسیویەتی دەڵێت؛ دوژمنانی نهتهوهی كورد زۆرن، زۆردارن، نامهرد و بێویژدانن، رازی سهركهوتنی ههر نهتهوهیهك یهكیهتییو پێكهوه بوونه. ئازادیی نهتهوهیهك پێویستی به پشتیوانیی گشت نهتهوهكهیه، نهتهوهی یهكنهگرتوو ههمیشه له ژێر دهسهڵاتدایه.
شێخ ڕەزای دەرسیمیش لە کاتی لەسێدارەدانیدا دەڵێت؛ “دەرەقەتی ئێوە نەهاتم، با ئەمە داخێک بێت لە دڵما؛ وەلێ بەرانبەرتان چۆکم دانەنا، با ئەمەش ببێتە داخی دڵی ئێوە”. لەم سۆنگەی دەرک کردن بە ڕاستی مێژووی و دووبارە شیکارکردنەوەی هەڵە مێژووییەکان و لەسەر ڕێبازی شۆڕگێڕانی گیانفیدای نیشتمان، پارتێک دامەزرا کە هەزاران شەهیدی لە پێناو کوردستان و ئازادی گەلاندا بەخشی و بە پارتی شەهیدانیش بەناو کرا.
سەرهەڵدانی پەکەکە، وەرچەرخانێکی مێژوویی
لەدوای لەناوچوون و شکستی بزاڤ و سەرهەڵدانەکان لە باکووری کوردستان، کورد لەو پارچەیە رووبەڕووی نکۆڵیی و سیاسەتی توانەوە بوو، بەڵام هێز و بزووتنەوەیەکی دیکە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرهەڵدانەکانی رابردووی چوار پارچەی کوردستان، لە کۆتاییی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا لەدایکبوو، بە وتنی "کورد داگیرکراوێکی نێودەوڵەتییە" چەخماخەی شۆڕشێکی گشتگیر لە سەرانسەری کوردستان هەڵگیرسا، ڕێبەری شۆڕشەکە ڕێبەری گەلانی ئازادیخواز، عەبدوڵا ئۆجالان بوو، کە ورد ورد وەک هۆنینەوەی تەزبیح دەستی بە شیکارکردنی مێژوو و کورد و ژن کرد، تا تەزبیحێکی لێدروستکرد و لە ٢٧ی ١١ی ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی فیس-ی سەر بە ناوچەی لیجە-ی ئامەد کۆنگرەی دامەزراندن بەسترا و ناوی لێ نرا؛ پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە.
پەکەکە بە دواین و درێژترین سەرهەڵدانی کوردیی دادەنرێت، کە ئێستا سنوورەکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی بڕیوە و بووەتە فکر و بزووتنەوەیەکی گەردوونیی، کە تێکۆشان بۆ ئازادیی مرۆڤایەتیی دەکات.
لە شەش ساڵی یەکەمی تەمەنییدا، پەکەکە تێکۆشانی سیاسیی بەڕێوەدەبرد، بەڵام لەدوای فشارە بەردەوامەکانی کوودەتاچییەکانی تورکیا و زیندانییکردن و شەهیدکردنی ئەندامەکانیان و پێشەنگەکانیان، پەکەکە بڕیاری خەباتی چەکداریی دا و لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ یەکەم فیشەکی بەڕووی دەوڵەتی تورکدا تەقاند.
لەوە بەدوا خەباتی سیاسیی و فکریی و چەکداریی پەکەکە بەردەوام لە پەرەسەندندا بوو، هەزاران گەنجی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان بەشدارییان لە تێکۆشاندا کرد و تا ساڵانی نەوەدەکان، پەکەکە بووە هێزێکی کاریگەر لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ژنیش لەو سەرهەڵدانەدا پێگەی سەرەکیی هەبوو، دەکرێت پەکەکە وەک یەکەم بزووتنەوەی کوردییش دابنرێت، کە رۆڵی راستەقینەی بۆ ژن گێڕایەوە و ژنی کردە پێشەنگی تێکۆشانی ئازادیی و بنیادنانی ژیانی ئازاد. تێکۆشانی ژن لەناو پەکەکە بەردەوام لە باڵاکردندا بوو، دەیان پێشەنگی ژن توانییان مۆرکی خۆیان لە تێکۆشانی ئازادیی بدەن و ببنە وەرچەرخێنەری مێژووییەکی هەزاران ساڵە، کە ژنی لە رۆڵ و پێگە سەرەکییەکەی خۆی دوورخستبووەوە، وەک زەینەب کناجی، بێریتان و ئارین میرکان و دەستینا قەندیل. ئەم بەشدارییەی ژن لەناو پەکەکەدا بووە بناغەی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، کە لە هەناوی خۆیدا فەلسەفەی چۆن ژیان و چۆن تێکۆشانی هەڵگرتووە و ٥٠ ساڵیشە ژنانی کورد بەو دروشمە ڕووبەڕووی زوڵم و داگیرکاری و چەوسانەوە وەستاونەتەوە. ئەمڕۆش دەتوانین بڵێین، ژن، ژیان، ئازادی، لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، تەنها لەناو ژنان و کۆمەڵگەی کوردیدا نەمایەوە و بووەتە سەرهەڵدانێکی کۆمەڵگەی و فەلسەفەیەکی گەردوونی.
هەر ئەمەش وایکرد، هەوڵەکان بۆ سەرکووتکردن و لەناوبردنی ئەو بزووتنەوەیەش چڕ بکرێنەوە، لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا پەکەکەیان خستە لیستی رێکخراوە قەدەغەکراوەکانەوە، جگەلەوەش، دەوڵەتی تورک بە هەماهەنگیی لەگەڵ هەندێک لایەنی باشووری کوردستان بەتایبەتیش پەدەکە و یەنەکە، چەندین ئۆپەراسیۆن و هێرشیان بۆ سەر سەنگەرەکانی گەریلا ئەنجامدا، بەڵام بێ ئەنجام گەڕانەوە.
باڵاکردنی تێکۆشانی پەکەکە وایکرد، هەوڵەکان زیاتر بخرێنە گەڕ، تا ئەو جوڵانەوەیەش بە دەردی جوڵانەوەکانی دیکەی گەلی کورد ببەن، هەر بۆیە لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیی عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری گەلی کورد رفێندرا و لە دوورگەی ئیمراڵیی زیندانیی کرا، سەرەڕای گۆشەگیری توند، ڕێبەر ئۆجالان ئیمراڵیی کردە گەورەتریین وێستگەی تێکۆشانی فکریی و سیاسیی، بەشێوەیەک، لەوێوە دەیان پەرتووکی بڵاوکردەوە و بناغەی سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیی داڕشت و بەپێچەوانەی ئامانجەکانی پیلانگێڕانەوە، هێز و کاریگەریی ئۆجالان و پەکەکە بەهێزتر و کاریگەرتر بوو
پەکەکە هەمیشە ئاشتی کردووەتە زەمینەی چارەسەری پرسی کورد
پەکەکە لە پاڵ تێکۆشانی سەربازییدا، هەمیشە هەوڵیداوە ئاشتیی بکاتە زەمینەی چارەسەرکردنی پرسی کورد، لە ساڵی ١٩٩٣ـەو تا ئێستا، پەکەکە زیاتر لە ١٠ جار تاکلایەنە ئاگربەستی راگەیاندووە و دانووستانی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد کردووە، لە ڕایەڵکەی داهاتوودا، قۆناغە جیاوازەکانی ئاگربەستتان بۆ دەخەینەڕوو، وەک بیرخستنەوەش دەڵێین، لە درێژەی خەباتی پەکەکەدا بە ڕێبەرایەتی ڕێبەری گەلانی ئازادیخواز، عەبدوڵا ئۆجالان دوایین پرۆسە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەستیپێکردووە، ئەویش پرۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە، کە لە دوای بانگەوازە مێژووییەکەی رۆژی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ـەوە دەستیپێکرد و تا ئێستاش هەنگاوی مێژوویی لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەدا دەنرێت؛ بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.