دایکانی مەخمور ئیدانەی تاڵانکردنی سروشتی کوردستانیان کرد
دایکانی کامپی ئاوارەکانی مەخمور وێرانکردنی سروشتی باکوور و باشووری کوردستانیان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند کە دەوڵەتی تورک گوندەکانیان سووتاندووە و تا ئێستاش لە هەوڵی تێکدانی سروشتی کوردستاندایە.
ڕۆژەڤین ڕووبا
مەخمور- لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی سیاسەتی جینۆساید و داگیرکارییەوە، سروشتی کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کەوتووەتە ژێر سیاسەتی جینۆسایدەوە و سروشت تاڵان دەکرێت. لە هەموو دیمەنێکی نوێی داربڕیندا دەبینرێت کە ناوچەکانی شرناخ خەریکە دەبنە بیابان. لە چیای جودی سەر بە گابار لە هەرێمی بەستای سەر بە شاری شرناخ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەلایەن چەتەکانەوە بە سەرپەرشتی پارێزەرانی گوندی سەر بە دەوڵەت دارەکان دەبڕدرێن. بە تایبەتی لە گوندەکانی کەنیامیر، براتەتۆ، براپەشۆ، دەیندەرۆک، جنیوەر، بەلوزەر، ڕیسۆر، سەرێرو، تیکەرە، قورتەکا پێشیا، گرێداینجە، شێرەوان، خرتکبەستێ و ناڤیانێ لە دەڤەری بەستا، درەختەکان دەبڕدرێن و سروشت لەناودەچێت.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن سەندیکای پارێزەرانی شرناخەوە بڵاوکراونەتەوە، لە ماوەی ٧ مانگدا ٪٨ی ناوچە دارستانەکان وێران بوون، لە ڕۆژێکدا ٢٠-٢٥ بارهەڵگر دار دەبرێنە دەرەوەی شار. سەبارەت بە جینۆساید و وێرانکردنی سروشتی کوردستان، دایکانی کامپی ئاوارەکانی مەخمور کە هاوڵاتییانی باکووری کوردستانن، قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی.
"دەوڵەتی تورکیا هەوڵدەدات یەک دار لە کوردستان بەجێنەهێڵێت"
ئۆزنور مامخوری دایکێکی مەخمورییە، ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەت خۆی دژی لەناوبردنی سروشتە و کاتێک باس دێتە سەر کورد، سروشتی کوردستان لەناودەبات، "لەبیرمە کاتێک ئێمە بچووک بووین دەوڵەت خۆی رێگەی نەدەدا دار ببڕێت و ئەوە قەدەغە بوو، بەڵام ئێستا بە چاوی خۆمان دەبینین کە دەوڵەتی تورک دەستی کردووە بە تێکدانی سروشتی شرناخ و چیای جودی و هەموو کوردستان و خەریکی بڕینی دارەکانە. دار لەکوێ بێت ئاگری تێبەردەدات، ئەم تاڵانکردن و وێرانکردنی سروشت ناتوانرێت بهێنرێتە زمان، هەموو شتێک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەکرێت. دەوڵەتی تورک خۆی دەڵێت مافی مرۆڤ دەپارێزێت و دژی جینۆسایدە. هەزاران کەسمان بەهۆی دڕندەیی و زوڵم و زۆرداری دەوڵەتی تورکەوە پەنامان بۆ مەخمور بردووە، دەوڵەتی تورک گوندەکەمانی سوتاندووە و ئێستا سروشتی کوردستانی پشتگوێ خستووە، ئەمە گەورەترین شەرمەزارییە. ڕێگە نادات لقێکی درەختێک لە چیاکانی کوردستاندا گەشە بکات، واتە دەوڵەتی تورک تەنانەت لە لقێکی دارێک لە کوردستان دەترسێت. شەرمەزارییە بۆ دەوڵەتێک کە لقێکی درەختی کوردستان بکاتە ئامانج و بیبڕێت و لەناوی ببات."
ئۆزنور باسی لەوەشکرد، جگە لە باکوور، باشووری کوردستانیش ژینگەکەی لەناودەبرێت و دارستانەکانی دەبرێندرێتەوە و دەبرێنە باکووری کوردستان، "بەڕێوەبەرانی باشووری کوردستان بێدەنگن، ئێمە وەک هاوڵاتیانی باکووری کوردستان، ئەم کارانەی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکەین. خەڵکی باشووری کوردستان کە ویژدانیان هەیە پێویستە ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەر بەم وێرانکردنی سروشتە، لە چی دەترسن، دەوڵەتی تورک پێشتر باشووری کوردستانی داگیر کردووە و هەموو چیاکانی تاڵان کردووە و وێران کردووە، ئەمە گەورەترین شەرمەزارییە بۆ ماڵی بارزانی. ئێمە ڕێز لە خەڵکی باشوور دەگرین، خەڵکی باشوور خراپ نین، پێویستە ئێستا شتێک بکەن و بڵێن ئێمە ئەم کۆمەڵکوژیانە قبوڵ ناکەین”.
"دەوڵەتی تورکیا ڕەگی دارەکانی کوردستان لەناو دەبات"
فادیلە پیرانی ئیدانەی لەناوبردنی سروشت کرد و وتی: دەوڵەتی تورک دەستی کردووە بە لەناوبردنی سروشت لە باکووری کوردستان، چیای جودی شاخێک بوو کە کەشتی نوحی لێ وەستابوو، شاخێکی پیرۆز بوو، شاخێکی زۆر گرنگ بوو بۆ کورد. ئێستا دەوڵەتی تورک دەستی کردووە بە بڕینی دارەکانی چیای جودی و دەیەوێت سروشتەکەی لەناوببات، باوک و باپیرانمان هەمیشە باسی جوانی و سەوزایی سروشتەکەیان دەکرد، بەڵام ئێستا دەوڵەتی تورک ڕەگی دارەکان دەبڕێت و سروشت لەناودەبات، ئێمە پێمانوایە خەڵکی کوردستان کە ویژدانیان هەیە چیتر ئەم دڕندەیی و جینۆسایدە قبوڵ ناکەن، ئایا دەوڵەتی تورک هەموو گوندەکانی ئێمەی چۆڵ نەکرد، ئێستاش دەستیان کردووە بە بڕینی دارەکانی گوندەکانی ئێمە. دەوڵەتی تورک تەنیا لە گەریلا تووڕە نییە و لە خاکی کورد دەترسێت، لە هەموو کورد توڕەیە، بۆیە هەموو سروشتەکەی تاڵان دەکات و بۆمب دەبارێنێت و دەیسووتێت، شوێنێک نەماوە بۆ گەشەکردن بەهۆی چەکی کیمیاییەوە، بانگەوازی ئێمە بۆ خەڵکی شرناخ و جەزیر و سلۆپیا و قەیلەبان و هەموو ناوچەکان ئەوەیە کە لە دژی ئەم لەناوچوونی سروشتە پێکەوە بوەستینەوە.