هاژە لە ڕێگەی کارگەی پەینی بایۆچارەوە پەرە بە بواری کشتوکاڵی دەدات

لە هەرێمی قەڵادزێ کچان و ژنان دەتوانن خاوەن کاری خۆیان بن و هەلی کار بۆ کەسانی تریش بڕەخسێنن، هاژە حسێن یەکێکە لەو ژنانەی بیرۆکەی کاریگەری پەینی هەبووە، کە ئێستا بووەتە ڕێگەیەکی چارەسەرکردنی کێشەی کشتوکاڵی.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- هاژە حەسەن، دانیشتووی شارۆچکەی قەڵادزێیە، خاوەنی کارگەی هاژە حەسەن بۆ دروستنکردنی پەینی بایۆچار و دەرچووی کۆلیژی کشتوکاڵییە، لە ڕێگەی کارگەکەیەوە خزمەت بە کەرتی کشتوکاڵ دەکات و چارەسەری کێشەی کشتوکاڵی دەکات، کارگەکە پاشماوەی کێڵگەی پەلەوەری کۆدەکاتەوە و لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا بەکاری دەهێنێت و وەک سەماد سوودی لێوەردەگیرێت.

 

هاژە حەسەن باس لەوە دەکات، بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی پاشماوەی پەلەوەری لێشەی تەندروستی بۆ ژینگە و بۆ خاک و بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دروستدەکات و بە ناو زەوییەکاندا بڵاودەبێتەوە، وتیشی: ئێمە ئەو پاشماوەیە چارەسەر دەکەین و وەک سەمادێکی ئەندامی تەواو سروشتی بەکاردێت و ٪١٠٠ پشتی پێ دەبەستین و بەرهەمی دەهێنین بۆ کەرتی کشتوکاڵی، هەروەها دوو جۆری سەماد هەیە، ئەوانیش بایۆچاری شل بە دەبەی بیست لیتری و لە جۆری یەکەمیشەوە، جۆری دووەم بەرهەم دەهێنین کە بەو شێوەیەش وادەکات لە کارگەکەماندا ڕێژەی پاشماوە سفر بێت، ئەمەش جێگرەوەی سەمادی کیمیایی سپییە.

 

هاژە حەسەن باس لەوەدەکات، خێزانەکەی پشتیوانی بیرۆکەکەی بوون، وتیشی: من وەکو ئەندازیارێکی کشتوکاڵی هەم بۆ خۆم و هەم بۆ خێزانەکەم توانیومە هەلی کار دابین بکەم، کە هەلی کاری ڕاستەوخۆ چوار کەسە بە خێزانی کاری تێدا دەکەین، هەروەها پڕۆژەکەمان سوود بە جوتیارەکان دەگەیەنێت و ئەوانیش توانیویانە سودێکی زۆر باش لە بەرهەمەکەمان ببینن و بە بەکارهێنانی ئەو سەمادانە بتوانن تەواو بەرهەمێکی سروشتی بەرهەم بهێنین و بێ زیان بێت و لە ڕووی تەندروستیەوە گونجاو بێت، بتوانن بە بێ هیچ ترسێک بەکاری بهێنن.

 

هاژە حەسەن پەیامی بۆ ژنان ئەوەیە کە تەنها بەردەوامی دەتوانێت بیانگەیەنێتە ئامانجەکانیان، "منیش دوای تێپەڕینی چەند ساڵێک لە کارکردن توانیومە بگەم بەم ڕۆژەی ئێستا، تەنها گرنگە کە بەردەوام بن لەسەر گەیشتن بە ئامانجەکانتان، هەروەها خیزان ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و پشتیوانی سەرەکییە، چونکە ئەگەر پشتیوانی سەرەکی یەکەم خێزان بێت، دڵنیابە کۆمەڵگەش پشتیوانی سەرەکی دەبێت، پەیامیشم بۆ ئەو کچانەی کە دەرچووی بەشی کشتوکاڵن، ئەگەر بە کەمترین کارکردنیش بێت کە پەروەردە کردنی چەند گوڵێکیش بێ لە ئینجانەدا دەتوانن لە ماڵەوە دەستپێبکەن بە کارکردن و دواتر کارەکانیان فراوان بکەن.