"دروستکردن و پێشکەشکردنی مۆدێلی کولتووری هەنگاوێکە بۆ پاراستنی ژینگە"

سروە بابایی، چالاکوانی ژینگە دەڵێت: لەناوبردنی ژینگە لێکەوتەی زیانبەخشی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە، ئەمڕۆ پاراستنی ژینگە و دڵنیابوون لە بەردەوامییەکەی جددیترین ئاڵنگاری کۆمەڵگەی جیهانییە.

ژینۆ درەخشان

 

سنە- پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشت لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا ئێستا هێندەی ئەمڕۆ نیگەرانکەر و هەڕەشەئامێز نەبووە، ڕۆژانە چەندین دار دەبڕدرێن و ئاو بەفیڕۆ دەچێت و پیس دەبێت و دارستانە سروشتییەکان لەناودەچن، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی بەرفراوانی بە مەبەست و بێ مەبەست، زۆرێک لە جۆری زیندەوەرەکان بەرەو لەناوچوون دەچن.

 

مرۆڤ پێچەوانەی بوونەوەرەکانی دیکە هەمیشە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر لەناوچوون و هەڕەشەی ژینگە هەبووە، ئێستاش بە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی لەناوبردنی ژینگە ناسراوە، هاوکات ئێران و چیاکانی زاگرۆس لەسەر ئاستی جیهانیش لە کاریگەرییەکانی لەناوبردنی ژینگە ڕزگاریان نەبووە و حکمەت نەک هەر هەنگاوی نەناوە بۆ کەمکردنەوەی مەودای ئەو کاریگەرییانە، بەڵکو بە خراپ بەڕێوەبردن ڕەهەندەکانیشی زیاد کردووە، نموونەش بریتین لە وێرانکردنی دارستان و لەوەڕگەکان، ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان، دروستکردنی بەنداوی زۆر، دروستکردنی ڕێگاوبان و چالاکییەکانی بیناسازی بەبێ ڕەچاوکردنی ژینگە، بوونی ڕاوچی نایاسایی، نەبوونی پارە و دەیان هۆکاری دیکە.

 

"ساڵانە ئاگر هەڕەشە لە دارستانەکانی کوردستان دەکات"

سروە بابایی، چالاکوانی ژینگەپارێز، ئاماژە بە ئاگرکەوتنەوە بەربڵاوەکان دەکات و دەڵێت: تێکدانی ژینگە لێکەوتەی زیانبەخشی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە، ئەمڕۆ پاراستنی ژینگە و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و تەندروستی جددیترین ئاڵنگاری کۆمەڵگەی جیهانییە، بەڵام هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگە بەتایبەت لە کوردستان ڕێچکەی خۆی ناگرێت، بۆ نمونە ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییەی جوانڕۆ کە زیاتر لە ١٠٠ هێکتار دارستان و لەوەڕگەی سووتاند و لە ٥ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا بوو و هیچ دەزگایەکی حکومی هاوکار نەبوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و خەڵک بە بێ پێداویستییەوە چوونەتە شاخەکان و ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.

 

سروە بابایی دەشڵێت: ساڵانە ١٢٥ هەزار هێکتار لە دارستانەکان لە سەرتاسەری ئێراندا لەناودەچن، پێشبینی دەکرێت ئەگەر دۆخەکە بە هەمان شێوە بەردەوام بێت، ئێران لە ٥٠ ساڵی داهاتوودا هیچ دارستانێکی نابێت، ئەم مەترسییەش لە کوردستان زیاترە و مەترسی ئاگرکەوتنەوەیەکی ترسناک هەڕەشە لە دارستانەکانی زاگرۆس دەکات.

 

"لەناوبردنی ژینگە لێکەوتەی زیانبەخشی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە"

 

لە درێژەی باسەکانی لەناوبردنی ژینگە، ئەو چالاکوانە دەڵێت: نەبوونی تەکنەلۆژیای گونجاو بۆ ڕیسایکلکردنی پاشماوە و پاکنەکردنەوەی ئاوەڕۆ دەبێتە هۆی پیسبوونی زیاتری خاک و ئاو، تا ئێستاش شوێنی ڕیسایکلکردنی پاشماوە لە زۆرێک لە شارەکانی پارێزگای سنەدا نییە، حکومەتیش ئامادە نییە بۆ دامەزراندنی سەنتەری فڕێدانی گونجاو بۆ وەبەرهێنان، ئەمەش بە تایبەتی لە ناوچە دارستانییەکان، هۆکارێکی دیکەیە بۆ تێکدانی ژینگە و تێکدانی کشتوکاڵ و تەندروستی گشتی، چونکە لەگەڵ دزەکردنی پاشماوەی شلەمەنی بۆ ناو ڕووبارەکان و ئاوی ژێر زەوی، ئاو بۆ خواردنەوە تەندروست نابێت، ئەمەش لێکەوتەی ئابووری-کۆمەڵایەتی زیانبەخشی هەیە و وێرانبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکانیش بەهۆی وشکبوونەوە و کەمی ئاوەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لەگەڵ لافاو و هاوکاری نەکردنی حکومەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان و ڕێگاوبانەکان، لەگەڵ وشکبوونەوەی دەریاچە و تاڵ و ڕووبارەکان، لەگەڵ وەرینی خاک بەهۆی هۆکاری ژینگەیی، گوندنشینان ناچار دەکرێن کۆچ بکەن یان ڕوو لە کارە مەترسیدارەکان دەکەن لە ناوچەکەدا، هەروەها کۆچکردنی گوندنشینان ژمارەی دانیشتوانی شارەکان و گەڕەکە هەژارەکان زیاد دەکات، کە پێشتر ڕووبەڕووی بێکاری و هەژاری بوونەتەوە.

 

سروە بابایی لە درێژەدا دەڵێت: ژینگە لە ڕۆژانی جەژن و هاویندا زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە بەر زیان دەکەوێت، کە بابەتێکە ئەگەر بەردەوام بێت مانای لەناوچوونی ژیانە، بۆیە دوورکەوتنەوە لە پیسبوونی ژینگە بە پێویستییەک دادەنرێت. بەڵام ئەمە هێشتا بۆ زۆرێک لە ئێمە پرسێکی گرنگ نییە، لە پاشماوەی بەجێماوە لە سروشت و سووتاندن و بڕینی دارەکان بۆ ئامادەکردنی خەڵوز و دار، بڕینی دار بۆ بەرهەمهێنانی دار و کەرەستەی بیناسازی و پیشەسازی و... لەڕادەبەدەر فراوانبوونی شار و کارگەکان هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوون و لەناوچوونی ئیکۆسیستمەکانە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزە چارەسەری پاراستنی ژینگەی خستەڕوو و وتی: یەکەم هەنگاو بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە بریتییە لە دروستکردن و پێشکەشکردنی مۆدێلی کولتووری کە بتوانێت خەڵک لەو زیانانە ئاگادار بکاتەوە کە فڕێدانی زبڵ و خاشاک لەناو سروشتدا بۆیان دەگەیەنێت، دابینکردنی زەرف بۆ  کۆکردنەوەی پاشماوەی گەشتیاران لە دەروازەکانی شار و دروستکردنی شوێنی گونجاو بۆ فڕێدانی پاشماوە و دانانی هێمای ئاگادارکردنەوە و جێبەجێکردنی بەرنامەی جۆراوجۆر بۆ ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیان لە چارەسەرەکانی ڕزگارکردنی سروشتە.