ژنانی یەمەن ڕووبەڕووی ململانێ و توندوتیژی بەردەوام دەبنەوە

ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ پشتڕاستی دەکەنەوە، کە ململانێی بەردەوام لە یەمەن بووەتە هۆی داڕمانی ئەو دامەزراوانەی کە پارێزگارییان لە ژنان دەکرد، وەک شوێنی داڵدەدانی ژنان.

ڕەحمە شەنزور

 

یەمەن- لەگەڵ دەستپێکردنی ١٦ ڕۆژەی چالاکی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دەنگی ژنان لە یەمەن زیاتر تیشک دەخاتە سەر ڕاستی ئەو توندوتیژیانەی کە ڕووبەڕووی ژنان و منداڵانی کچ دەبێتەوە، کە بەهۆی ململانێکان و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە توندتربووە.

 

داتاکانی سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNFPA" ئاماژە بەوە دەکەن، کە زیاتر لە ٦.٢ ملیۆن ژن و منداڵانی کچ لە یەمەن بەرکەوتەی جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی ڕەگەزی بوون، لەوانەش کارە زیانبەخشەکان.

 

لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوە، ڕێکخراوەکانی وەک ''هیومان ڕایتس وۆچ''جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ژنانی یەمەن بەردەوامن لە تووشبوون بە هەڵاواردنێکی یاسایی ڕوون، چونکە مافی یەکسانیان لە جیابوونەوە، سەرپەرشتیکردن یان میراتدا نییە، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە، هەروەها ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەکە کە لەم دواییانەدا بڵاوکرایەوە، هەندێک لە لایەنەکان بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کۆنترۆڵکراون، کۆمەڵێک خاڵ دەسەپێنن کە جوڵەی ژنان سنووردار دەکەن، ئەمەش ڕێگری دەکات لە دەستڕاگەیشتنیان بە کار و خوێندن و چاودێری تەندروستی.

 

"ئەو ململانێیە ئاستی توندوتیژی زیادکردووە، ژنانیش لە مافەکانیان بێبەش دەکرێن"

ئەسما سامت، ڕۆژنامەنووسی یەمەنی پێی وایە، توندوتیژی دژی ژنان نوێنەرایەتی "داگیرکردنی بەربڵاو" لە مافە سەرەتاییەکان دەکات، ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕەگ و ڕیشەی ئەم توندوتیژییە بۆ دەیان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، سەرەتا لە هاوسەرگیری منداڵانەوە دەستپێدەکات کە لە زۆر بواردا هێشتا باو بووە، دواتر درێژدەبێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ژنان بە خوێندن و دامەزراندن و ژیانێکی شایستە.

 

شەڕئەم ڕاستیەی خراپترکردووە، بەو پێیەی جۆرەکانی توندوتیژی چەند هێندە زیادی کردووە، بەتایبەتی داگیرکردنی ئەلیکترۆنی، کە بووەتە هەڕەشەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ سەر ژنان، هەندێکیانی بەرەو خەمۆکی و تێکچوون و تەنانەت ناچار بە خۆکوشتن بردووە، وتی: تەنانەت بوونی ژنێک لەبەردەم هاوڵاتیانیدا ئێستا ترسی لە بڕیاردانی کۆمەڵایەتی لەگەڵدایە، ئەمەش وا دەکات ئامادەبوون و کارەکەی سەیر و سەمەرە یان قبوڵنەکراو دەربکەوێت، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان کە زۆرێک لە مندالانی کچ ڕێگرییان لێدەکرێت لە تەواوکردنی خوێندن یان چوونە ناو هێزی کار.

 

ئەسما سامت جەخت لەوە دەکاتەوە، گۆڕانکاری لە هۆشیارکردنەوەی ناو خێزانەکانەوە دەست پێدەکات، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان وەک مرۆڤێکی خاوەن مافێکی تەواو و  یەکسان بە پیاوان، کە دەتوانن کار بکەن و فێربن و بەبێ ترس و سنووردارکردن بژین.

 

''داگیررکردنی ماف و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی''

سالی نەبهانی، چالاکوان و کەسایەتی ڕاگەیاندنی یەمەنی پێی وایە، توندوتیژی دژ بە ژنان بە پلەی یەکەم لە "بێبەشکردنی مافەکانیان" و پێدانی پێویستی یاسایی و کۆمەڵایەتی بە پیاوان دەردەکەوێت کە ژنان وەریناگرن، هەروەها کاتێک ژن کەیسێکی یاسایی هەیە، بەدەگمەن هەمان دادپەروەری پیاوی پێدەدرێت، تەنانەت لەڕووی ئاسایشی کاریشەوە ئەو شتە وەرناگرێت کە پیاو وەریدەگرێت، کە ئەمەش توندوتیژی و جیاکارییەکی ڕوونە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، داب و نەریتەکان سنووردارکردنەکان توندتردەکەنەوە، زۆرێک لە ژنان لە ئازادی کەسی و هەڵبژاردنی پیشە بێبەش دەکەن، هەروەها هەلی کارە بەردەستەکانیان سنووردار دەکەن بۆ بوارە تایبەتەکان کە ڕەنگدانەوەی توانا ڕاستەقینەکانیان نییە.

 

سالی نەبهانی پێی وایە، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی پێویستی بە دەرکردنی یاسای پابەندکەرهەیە کە ئازادی کارکردن بە ژنان بدات و ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتنیان بە مافەکانیان بکات، ئەمە جگە لەوەی ئەو ئاستەنگە دامەزراوەییانەی کە ڕێگاکەیان بە بەراورد لەگەڵ پیاوان قورستر دەکات.

 

لەگەڵ بەردەوامیی ململانێکان و خراپتربوونی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ژنانی یەمەن لە ڕیزی هەرە سسترین گروپەکاندا ماونەتەوە و ڕووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژی دەبنەوە، لە ڕەتکردنەوەی مافە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان تا دەگاتە سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و دەروونی.

 

ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان ڕادەی ئەو ئازارانەی کە ڕۆژانە ژنان و منداڵانی کچ بەرگەی دەگرن، لە ڕەشبگیری ئۆنلاین و توندوتیژی دەروونییەوە تا بێبەشکردنی خوێندن و دامەزراندن ئاشکرا دەکەن، کە ئەمەش پێویستی پاراستنی یاسایی و مرۆیی دەکاتە بابەتێک کە ناتوانرێت دوابخرێت، لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەوە دەکەنەوە، کە بەهێزکردنی ژنان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و یاسایی تاکە ڕێگایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و یەکسانتر.