ژنانى تەعز لە ڕووبەڕووبوونەوەی بۆردومان و گۆشەگیریدان
کاریگەرییەکانی پەرەسەندنی سەربازی لە شارۆچکەی تەعز، لە چیرۆکی ئەو ژنانەدا دەردەکەوێت کە خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی بۆردومان و قەناس بەدەستدا بینیوەتەوە، تەنانەت لە ناو ماڵەکانیشیاندا.
ڕەحمە شەنزور
یەمەن ـ لە سەرەتای ئەیلوولی ٢٠٢٦ەوە شاری تەعز لە یەمەن پەرەسەندنێکی سەربازی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینی کە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی "بەیانی یەمەن"، گۆڕانکاری مەیدانی لە ناوچەکانی کەناراوی ڕۆژئاوا و دەوروبەری باب مەندەب، لە نێوەندی ڕووبەڕووبوونەوە لە چەندین بەرەکان لە شارەکەدا، پەرەسەندنەکان بوونە هۆی زیاتربوونی مەترسییەکان سەبارەت بە پارێزراوی مەدەنییەکان، ئەم پەرەسەندنانە لە شارێکدا دێن کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە ژێر گۆشەگیرییەکی سەپێندراودایە لەلایەن حوسییەکانەوە بۆ سەر تەعز، کە بووەتە هۆی سنوردارکردنی جوڵەی دانیشتووان و کەلوپەل و ڕێگریکردن لە گەیشتنی پێداویستییە سەرەکییەکان، پێش ئەوەی پەرەسەندنی دوایی ئاڵۆزی زیاتر بۆ بارودۆخی مرۆیی زیاد بکات، خێزانەکان لە شاری تەعز لەگەڵ سەختی ڕووبەڕووی بەدەستهێنانی ئاو، دەرمان، سووتەمەنی و کەرەستەی خۆراکیدا دەبنەوە، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکان و پاشەکشەی خزمەتگوزارییە تەندروستی و ژینگەیییەکان، کە ئەمەش بارگرانی ڕۆژانەی سەر شانی ژنان دووهێندە دەکاتەوە لە بەخێوکردنی خێزانەکانیان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان.
سەدان قوربانی و هەزاران پێشێلکاری
ژمارەکانی ناو ڕاپۆرتێکی دەرچوو لە تۆڕی یەمەنی بۆ مافەکان و ئازادییەکان، قەبارەی ئەو پێشێلکارییانە ئاشکرا دەکەن کە تەعز بەخۆیەوە بینیوە لە ماوەی ١ی ئەیلوول تا ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بەپێی ڕاپۆرتەکە کە لەژێر ناونیشانی "تەعز... لە نێوان کوشتن و گۆشەگیری"دایە، گروپە مەیدانییەکەی تۆڕەکە دوو هەزار و ٢٦٤ تاوان و پێشێلکارییان دەرهەق بە مەدەنییەکان و شوێنە مەدەنییەکان بەڵگەدار کردووە، جگه لە تەقاندنی نزیکەی ١٢هەزار و ٧٦١ هاوەن و فیشەک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە ماوەی ٥٩ ڕۆژدا.
ڕاپۆرتەکە کوژرانی ١٨٩ مەدەنی تۆمارکردووە، لەنێویاندا ٣٨ مناڵ، کە نۆیان منداڵی ساوا بوون، ٢٧ ژن، هاوشانی برینداربوونی ٢٨١ مەدەنی، لەنێویاندا ٢٩ مناڵ و ٤٦ ژن، هەروەها ٢٣ تاوانی لەسێدارەدانی مەیدانی، پێنج کۆمەڵکوژی، و ٣٢٤ حاڵەتی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی بەڵگەدار کردووە، لەنێویاندا ژنان، مناڵان و بەتەمەنەکان.
سەرەڕای زیانپێگەیشتنی ماڵ و موڵکی مەدەنییەکان، و تاڵانکردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت، جگه لە گوڕینی ٢٣ قوتابخانە بۆ سەربازگە، ئامانجگرتنی بنکە تەندروستییەکان و ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری، کوژرانی حەوت لە ئەندامانی گروپە پزیشکییەکان، لەگەڵ داخستنی نزیکەی ٢٣ سەنتەری بازرگانی و پێنج بنکەی تەندروستی.
مەدەنییە گیرخواردووەکان لە نێوان بۆردومان و گۆشەگیریدا
ڕەحمە عەبدوڵا، تەمەن ٣٤ ساڵ، لە ناوچەی ئەقروپ، هەوڵیدەدا شوێنێکی ئارام لە ناو ماڵەکەیدا بدۆزێتەوە و بچێتە نهۆمی خوارەوە بۆ خۆپاراستن، کاتێک گوللـەی قەناسێکی بەر کەوتووە.
لە ناوچەی سەبر، ئامال کەمالی تەمەن ٢٦ ساڵ، کە دایکی دوو کچە، دوو ڕۆژ لە ژێر گۆشەگیریدا لە ناو ماڵەکەیدا ژیا بێ خۆراک و ئاو، پێش ئەوەی تووشی تەقەکردن بێت کە لە کەلەکە و قاچی داوە.
سەبارەت بە دەوڵەت حەسەن، ژنێکی تەمەن شەستەکان، ڕووبەڕووی جۆرێکی جیاواز لە ئازار دەبێتەوە، ئەو تووشی لەکارکەوتنی گورچیلە دەبێت و هەفتانە پێویستی بە چوار جار شۆردنی گورچیلە هەیە، بەڵام قەیرانی سووتەمەنی کە لە ئەنجامی گەمارۆکانەوە دروست بووە، لە نیوەی دانیشتنەکانی بێبەش کردووە، ئەمەش ژیانی دەخاتە مەترسی تەندروستی زیاترەوە.
ئەم حاڵەتانە لایەنێک لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی پەرەسەندنەکە لەسەر مەدەنییەکان نیشان دەدەن، کە لە لایەکەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکانی بۆردومان و قەناس دەبنەوە، لە لایەکی دیکەوە سەختی گەیشتن بە چارەسەر و پێداویستییە سەرەکییەکان.
بارگرانییەکانی بژێوی و مەترسییە تەندروستییەکان
سەمیرە خەلیدی، چالاکوانی تەعزی بارودۆخی مرۆیی لە شارەکەدا بە "کارەساتبار بە هەموو واتای وشە" پێناسە دەکات،، وتی: قەیرانی ئاو گەیشتووەتە ئاستێکی سەخت، بە شێوەیەک دانیشتووان لە کۆڵان و گەڕەکەکاندا داوای قۆمێک ئاو دەکەن، تەنانەت بەشێک لەو بەخشینانەی ئاو کە وەک سەرچاوەیەکی جێگرەوە بوون وەستاون دوای تەواوبوونی کۆگاکەیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە کۆبوونەوەی زبڵ و پاشەکشەی خزمەتگوزارییەکانی پاککردنەوە، لەگەڵ سەختی گەیشتنی بارهەڵگرەکانی گواستنەوەی خاشاک بۆ شوێنەکانی کۆکردنەوەیان، هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە پەتاکان و بڵاوبوونەوەیان لە نێوان دانیشتوواندا دەکەن، ژنان و مناڵان لە پێشەوەی زیانپێکەوتووانی ئەو بۆردومانانەن کە شارەکە بە ئامانج دەگرێت.
هۆشداری دەدات لە کاریگەرییە تەندروستییە ئەگەرییەکانی ئەو چەکانەی لە بۆردومانەکەدا بەکارهێنراون، و ئەوەی کە دەکرێت جێی بهێڵێت لە نەخۆشی یان کەمئەندامی لە مەودای دووردا، کە ئەمە مەترسییەکە پێویستی بە بەڵگەدارکردن و لێکۆڵینەوەی پزیشکی سەربەخۆ هەیە بۆ دیاریکردنی سروشتی چەکەکان و کاریگەرییەکانیان.
ئازاری ژنان لە مەترسییە ئەمنی و تەندروستییەکان ناوەستێت، چونکە زۆربەیان بارگرانی زیاتر لە دابینکردنی پێداویستی خێزانەکانیان هەڵدەگرن، بە تایبەتی لە سایەی بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەی خۆراکی و دەگمەنی کەلوپەلە سەرەکییەکان و گازی لێنانی خۆراک.
ڕوونیکردەوە، کە گۆشەگیری و پەرەسەندنی سەربازی بارگرانی دارایی گەورەیان خستووەتە سەر ئەو خێزانانەی کە لەگەڵ سەختی زیاتر ڕووبەڕووی دابینکردنی خۆراک و گاز و پێداویستییە ڕۆژانەییەکانی دیکە دەبنەوە، لە سایەی سنورداربوونی داهات و پاشەکشەی توانای کڕین.
دەستپێشخەرییەکانی ژنان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی جەنگ
سەرەڕای هەلومەرجی سەخت، ژنان بەردەوامن لە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و مرۆیی لە ڕێگەی دەستپێشخەریی هاوپشتی کۆمەڵایەتییەوە، کە ئامانجیان پشتیوانی خێزان و کۆمەڵگە و هاوکاریکردنی شەڕکەرانە لە بەرەکانی پێشەوەیە.
سەمیرە خەلیدی ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنان دەستپێشخەری ڕێکدەخەن بۆ گەیاندنی خۆراک و جلوبەرگی زستانە بۆ شەڕکەران لە شوێنە شاخاوییەکاندا، بۆ یارمەتیدانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمای سەخت لە وەرزی زستاندا.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم دەستپێشخەریانە شێوازێک لە شێوازەکانی پشتبەستنی کۆمەڵایەتی نیشان دەدەن کە شاری تەعزی پێ ناسراوە، وتی: ڕۆڵی ژن تەنها لە پێشکەشکردنی یارمەتییەکاندا کورتبووەتەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ لەباوەشگرتنی کۆمەڵگە و پاراستنی یەکگرتوویی لە سایەی جەنگ و گۆشەگیریدا.
ڕوونیکردەوە، کە دەستگرتنی ژنان بە زەوییەکانیان و مانەوەی خێزانەکان لە شارەکەدا، سەرەڕای بۆردومان و بارودۆخی ژیانی سەخت، شێوازێک لە شێوازەکانی خۆڕاگری نیشان دەدات، وتی: زۆربەی خێزانەکان، ئەگەر هەموویان نەبن، هێشتا دەستیان بە مانەوە لە تەعزدا گرتووە سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت دەبنەوە.
لە نێوان بۆردومان و کەمئاوی و بەرزبوونەوەی نرخەکان و پاشەکشەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا، ژنان لە تەعز خۆیان لە بەرامبەر بارگرانی زیاتربوودا دەبیننەوە کە تێپەڕ دەبێت لە بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی ڕۆژانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی جەنگ و کاریگەرییە دەروونی و تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانی، لە کاتێکدا دەستپێشخەرییەکانی ژنان بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانەکە و پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵگە.