"سنووردارکردنی بەشداری ژنان لە ئەفغانستان دادپەروەری تێکدەدات و دەسەڵاتی دادوەری لاواز دەکات"

لەیلا شەفا، دادوەری پێشوو جەختی لەوەکردەوە کە سنووردارکردنی بەشداری ژنان لە دامەزراوە دادوەرییەکانی ئەفغانستاندا توانای سیستەمی دادوەری کەمدەکاتەوەو بنەمای بەشداریکردنی یەکسان لاواز دەکات.

بەهاران لەهیب

 

لوگر- لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە ٢٥ی تشرینی دووەم، پرسەکانی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری ژنان، پاراستنی یاسایی و ڕۆڵی دامەزراوە دادوەرییەکان لە ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان گرنگییەکی تایبەتیان بەدەستهێناوە.

 

لە ئەفغانستان، ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر ژناندا سەپێنراوە، دوورخستنەوەیان لە سیستەمی دادوەری و سەختی دەستڕاگەیشتن بە پەناگەی یاسایی و داوای مافەکانیان بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە پێگەی یاسایی و کۆمەڵایەتی ژنان، لەم چوارچێوەیەدا، ئاژانسەکەمان ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوەی لەگەڵ لەیلا شەفا، دادوەری پێشوو ئەنجامدا سەبارەت بە ڕەهەندە یاساییەکانی توندوتیژی دژی ژنان، بەربەستەکانی ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنیان بە دادپەروەری، کاردانەوەکانی دوورخستنەوەی ژنان لە دامەزراوە دادوەرییەکان.

 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سنووردارکردنانەی ئێستا لە ئەفغانستان بەسەر ژناندا سەپێنراوە، تا چەند دەتوانن لە بەرامبەر توندوتیژیدا دەستیان بە دادپەروەری و پاراستنی یاسایی بگات؟

توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئەفغانستان دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەتایبەتی دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکان، ڕەهەندی فراوانتر و ئاڵۆزتری وەرگرتووە، توندوتیژی تەنها لە دەستدرێژی جەستەیی و لێدان سنووردار نییە، هەروەها توندوتیژی دەروونی و ئابووری و خێزانیش دەگرێتەوە، جگە لە ڕەتکردنەوەی مافە سەرەتاییەکانی وەک خوێندن، دامەزراندن، ئازادی جووڵە و بەشداری کۆمەڵایەتی.

 

لە ڕوانگەی یاساییەوە هەر کارێک یان ڕەفتارێک کە کەرامەتی مرۆیی و ئازادی و ئاسایش و مافە سەرەتاییەکانی ژن پێشێل بکات، دەبێت بە جددی وەربگیرێت، هەروەها کۆمەڵگەیەک کە ژنان لە پاراستنی یاسایی و مافی یەکساندا بەهرەمەند نەبن، ناتوانێت بانگەشەی بەدەستهێنانی دادپەروەری بکات.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سنووردارکردنانەی ئێستا لە ئەفغانستان بەسەر ژناندا سەپێنراوە، تا چەند دەتوانن دەستیان بە دادپەروەری و پاراستنی یاسایی لە دژی توندوتیژی بگات؟

دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری یەکێکە لە سادەترین مافە مرۆییەکان و جەوهەریترینیان، نابێت هیچ ژنێک بەهۆی ڕەگەزەکەیەوە لە پەنابردن بۆ لایەنە دادوەریەکان بێبەش بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کۆتوبەندە بەردەوامەکان و نەبوونی توێژی ژنان لە دامەزراوە دادوەرییەکان و کێشە ئابوورییەکان، ترس لە تۆڵەسەندنەوە و نەبوونی پاڵپشتیی کارا، هەموویان ئەو هۆکارانەن کە وایکردووە گەیشتنی زۆرێک لە ژنان بە دادپەروەری کارێکی یەکجار سەخت بێت.

 

دادپەروەری کاتێک واتای ڕاستەقینەی خۆی بەدەست دەهێنێت کاتێک زیانبەرکەوتوویەکی توندوتیژی بەبێ ترس بتوانێت سکاڵا تۆمار بکات، کاتێک دەنگی بیسترێت، کاتێک دۆسیەکەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بێلایەنانە کۆڵینەوەی بۆ بکرێت و کاتێک تاوانبارەکە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت،  تەنها بوونی یاساکان بەس نییە، هەروەها جێبەجێکردنی دادپەروەرانەیان و دابینکردنی دەستڕاگەیشتنێکی کاریگەر بۆ دادگاکان زۆر گرنگە.

 

لە ماوەی کارکردنی دادوەریدا، باوترین جۆرەکانی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان چین کە ڕووبەڕووت بوونەتەوە، ئاستەنگە سەرەکییەکانی چارەسەرکردنی دادپەروەرانە لەم کەیسانەدا چین؟

لە حاڵەتەکانی پەیوەست بە توندوتیژی دژی ژنان، بابەتەکانی وەک توندوتیژی خێزانی، دەستدرێژی جەستەیی، هاوسەرگیری زۆرەملێ، هەراسانکردن، ڕەتکردنەوەی مافە داراییەکان، دەستدرێژی دەروونی لە دیارترین بابەتەکانن کە پێویستیان بە گرنگیدانی جددی لەلایەن دامەزراوە دادوەرییەکانەوە هەیە.

 

یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتانە، ئەو فشارە خێزانیی و کۆمەڵایەتیانەیە کە لەسەر زیانبەرکەوتووان دەخرێنە سەر، زۆرێک لە ژنان بەهۆی وابەستەیی ئابووری، ترس لە دەنگۆ، دڵەڕاوکێ لە داهاتووی منداڵەکانیان یان هەڕەشەی ئەگەری خۆیان لە تۆمارکردنی سکاڵا دەپارێزن.

 

لە ڕووی یاساییەوە دەبێت ڕەچاوکردنی ئەو جۆرە کەیسانە لەسەر بنەمای بەڵگە و بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پاراستنی نهێنی زانیارییەکانی زیانبەرکەوتووەکە و دڵنیابوون لە پارێزراوییەکەی و ڕێگریکردن لە کاریگەریی لایەنگریی ڕەگەزی یان فشارە دەرەکییەکانی هەر حاڵەتێک بێت.

 

بەڕای ئێوە نەبوونی ژنان لە دامەزراوە دادوەرییەکان چ کاریگەرییەکی لەسەر دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری ژنان و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی هەیە؟

بوونی ژنان لە دامەزراوە دادوەرییەکان تەنها بابەتی دامەزراندن نییە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە بەدەستهێنانی دادپەروەری، یەکسانی و بەشداریکردنی دادپەروەرانە لە پێکهاتەکانی بڕیاردان، ژنانی دادوەرە، کاتێک کەیسەکانی پەیوەست بە توندوتیژی ڕەگەزی لەبەرچاو دەگرن، دەتوانن بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە کێشە و بارودۆخی زیانبەرکەوتووان بکۆڵنەوە، بێگومان دادپەروەری وابەستەی ڕەگەزی دادوەر نییە و هەموو دادوەرێک، چ پیاو بێت یان ژن، پابەندە بە ڕاگرتنی یاسا و بنەماکانی بێلایەنی، بەڵام بوونی ژنان لە چوارچێوەی قەوارەی دادوەریدا متمانە بەرز دەکاتەوە و هەستێکی زیاتری ئاسایش بۆ زۆرێک لەو ژنانەی کە بەدوای دادپەروەریدا دەگەڕێن دەڕەخسێنێت.

 

بەرتەسککردنەوەی بەشداری ژنان لە دامودەزگاکانی دادوەریدا توانای سیستمی دادوەری کەمدەکاتەوە و بنەمای بەشداری یەکسان تێکدەدات، بۆیە پێویستە ژنان بە یەکسانی دەستیان بە پۆستە دادوەرییەکان بگات و دەرفەتی بەشداریکردنیان لە گەیشتن بە دادپەروەریدا هەبێت.

 

توندوتیژی دژی ژنان تەنها پێشێلکردنی مافی تاک نییە، بەڵکو پێشێلکردنی دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤە لە کۆی کۆمەڵگەدا، بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە پێویستی بە پابەندبوونێکی جددی و پاراستنی یاسایی و دامەزراوەی لێپرسینەوە و بەشداریکردنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەیە، هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت دادپەروەرییەکی بەردەوام بەدەستبهێنێت بەبێ ئەوەی ئاسایش و ئازادی و مافی یەکسانی ژنان مسۆگەر نەکات.

 

بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەمەوە، ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، پەیامی ئێوە بۆ ژنان و چالاکوانانی ئەفغانستان چییە؟

ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان تەنها بۆنەیەکی سیمبولی نییە، بەڵکو ئەوە بیرهێنانەوەی بەرپرسیارێتی یاسایی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی بەکۆمەڵمانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، توندوتیژی دژی ژنان نابێت وەک بابەتی خێزانی یان کولتووری ئاسایی بکرێتەوە، هیچ داب و نەریت و پاساوێکی کۆمەڵایەتی ناتوانێت شەرعیەت بدات بە پێشێلکردنی کەرامەت و مافی مرۆڤی ژن.

 

بەداخەوە لەبری پاراستنی زیانبەرکەوتووان و لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکان و لێپرسینەوە لە تاوانباران، دامەزراوە بەرپرسیارەکان لە ئەفغانستان خۆیان هاوبەشن لەم جۆرە تاوانانە دژی ژنان، ئەوان لە ڕێگەی ئەو یاسایانەوە کە میدیا و دامەزراوە پەروەردەییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی سنووردار دەکەن، زیاتر ئاسانکارییان بۆ ئەم کارە کردووە.