چالاکوانێکی جەزائیری شۆڕشەکە بەبیر دێنێتەوەو چیرۆکی نەوەیەک دەگێڕێتەوە کە ڕووبەڕووی داگیرکاری بوونەتەوە

شەش دەیە دوای سەربەخۆیی، قوربانیدانی زۆرێک لە ژنانی جەزائیر لە یادەوەریی بەکۆمەڵدا نەماوەتەوە، زولەیخا بەقدور، خەباتکار گەشتەکەی لە قوتابخانەوە بۆ ڕیزەکانی شۆڕش دەگێڕێتەوە و پرسیار لەبارەی دادپەروەری لە نووسینی مێژوویی و دوورخستنەوەی ژنان دەوروژێنێت.

نەجوا راهم

 

جەزائیر-چیرۆکی خەباتی ژنانی جەزائیری لەگەڵ داواکارییە هاوچەرخەکان بۆ یەکسانی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و جیاکاری دەستی پێ نەکرد، بەڵکو ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی داگیرکاری، کاتێک ژنان خۆیان لەبەردەم ڕاستیەکدا بینییەوە کە لە دەرفەتەکانی خوێندن و بەشداری لە ژیانی گشتی بێبەشی کردن، پاڵی پێوە نان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆتوبەندە کۆمەڵایەتی و داگیرکارییە جیاوازەکان، لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی، ژن لە پەراوێزدا نەمایەوە، بەڵکو چووە ناو مەیدانەکانی خەبات، بەشداری کرد لە ڕێکخستنی کاری نیشتمانی و پەیوەندییە نهێنییەکان، هەروەها هەندێکیان پەیوەندییان بە شاخەکانەوە کرد و بەرگەی مەترسییەکانی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانیان گرت.

 

دوای زیاتر لە شەش دەیە لە سەربەخۆیی، هێشتا ئەزموونی زۆرێک لەوان لە یادەوەری بەکۆمەڵدا نییە، لە کاتێکدا شایەتیی خەباتکارەکان پرسیار دەوروژێنن دەربارەی داننان بە بەشدارییەکانی ژنان، دادپەروەری لە نووسینەوەی مێژوودا، بەردەوامیی وێنە نموونەییەکان کە لە ڕۆڵەکانیان کەم دەکەنەوە. ئەمەش ئەو پرسەرانەن کە لەگەڵ زیندووکردنەوەی کەمپەینی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان گرنگییەکی زیادەیان پێ دەدرێت، کە بوار دەکاتەوە بۆ بیرهێنانەوەی شێوازە جیاوازەکانی جیاکاری و پەراوێزخستن کە ژنان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، بۆ پێویستیی پاراستنی دەنگەکانیان و داننان بە ئەزموونەکانیان.

 

زولەیخا بەقدور، خەباتکار سەرەتاکانی ڕێڕەوی خەباتی خۆی دەگێڕێتەوە لە ڕێگەی وردەکاریی پەیوەست بە ساڵانی خوێندن، کاتێک دەرفەتی فێربوونی زمانی عەرەبی بە شێوەیەکی پێویست بۆ نەگونجاو، بەهۆی پشتبەستن بە زمانی فەڕەنسی لە خوێندنەکەیدا، ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەختی باشی ئەو بووە کە مامۆستایەکی بە ناوی ئەمینە زەعلان ناسیوە، ئەرکی فێرکردنی زمانی عەرەبی پێی سپێردرا، لەگەڵیدا لە ئەلفوبێی ڕێزمان و بنەما سەرەتاییەکانیەوە دەستی پێ کرد، دوای ئەوەی خوێندنەکەی بە زمانی فەڕەنسی بەڕێوە دەچوو.

 

بەکارهێنانی فەڕەنسی بە دەستبەرداربوون لە ناسنامەکەی نەدەزانی، بەڵکو پێی وابوو دەتوانێت زمانی داگیرکەر بۆ خزمەتی دۆزەکەی بەکار بهێنێت، لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دەکرد چۆن دەکرێت زمانی دوژمن وەک ئامرازێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خودی داگیرکاری بەکار بهێنرێت، ئەمەش ئەزموونێکە کە لایەنێک لە بارودۆخە پەروەردەیی و کولتوورییەکان ئاشکرا دەکات کە ژنانی گەنجی جەزائیر لە ماوەی سەردەمی داگیرکاریدا تێیدا دەژیان، کاتێک دەرفەتەکانی فێربوون و دروستبوونی هۆشیاریی نیشتمانی لەگەڵ ڕاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاڵۆزدا یەکیان دەگرتەوە.

 

لە کورسییەکانی خوێندنەوە بۆ بەشداری لە شۆڕشدا

بە یادەوەرییەکانیدا دەگەڕێتەوە بۆ تشرینی دووەمی ١٩٥٤، هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی وەک ئەوە پێناسە دەکات کە لە بۆمبێک دەچێت لە ئاسمانی ئارامی جەزائیردا تەقیبێتەوە، لەو ماوەیەدا، لە دواناوەندی "لا کروا" لە نزیک زانکۆ دەیخوێند، لەناو کۆمەڵێک منداڵی کچدا، کە دوو خوشکە بچووکەکەی لەنێویاندا بوون.

 

بەڵام بەشداریی کردەیی ئەو لە چالاکیی خەباتدا، بەپێی شایەتییەکەی، ١٧ی ئایار ١٩٥٦ دەستی پێ کرد، کاتێک نووسینگەی یەکێتیی گشتیی خوێندکارانی جەزائیری، کە ئەو ئەندامی بوو، بڕیاری دا خوێندکاران و دواناوەندییەکان کۆ بکاتەوە بۆ ڕاوێژکردن سەبارەت بە تێکەڵبوون بە ڕێڕەوی شۆڕش.

 

ئەم قۆناغە گرنگیی خۆی لە پەیوەندییەوە بەو گۆڕانکارییانەی بزووتنەوەی خوێندکارانی جەزائیری بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی دوای بڕیاری مانگرتن کە خوێندکاران لە هەمان مانگدا دایان، بانگەواز بۆ پەیوەندیکردن بە ڕیزەکانی سوپای ڕزگاریخوازی نیشتمانی. زانکۆ و دواناوەندییەکان بوونە کەشێک کە بەشدارییان کرد لە کۆکردنەوەی گەنجان، بەشداریی خوێندکارانی ژن لەم جووڵەیە دابڕاو نەبوو، چونکە هەندێکیان لە کاری ڕێکخراوەیی و پەیوەندی و پاڵپشتیدا تێکەڵ بوون، لە بارودۆخێکدا کە مەترسیی گەورەی لەخۆ دەگرت.

 

شایەتیی زولەیخا بەقدور، خەباتکار ئەوە ئاشکرا دەکات کە تێکەڵبوونی ژنان تەنها کاردانەوەیەکی سۆزداری نەبووە بۆ ڕووداوەکان، بەڵکو بەستراوەتەوە بە لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی کردەیی لەناو تۆڕەکانی خەباتدا، هەندێکیان لە چالاکیی خوێندکارییەوە گواستراونەتەوە بۆ ئەرکی هەستیارتر، کە پێویستی بە نهێنیپارێزی و ڕێکخستن و توانای پەیوەندیکردن هەیە، ئەمەش وای کردووە ڕووبەڕووی ڕاوەدوونان و دەستگیرکردن ببنەوە.

 

بارودۆخی دەستگیرکردنی خۆی لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩٥٦ دەهێنێتەوە یاد، ئەم ئەزموونە تەنها ڕێڕەوێکی تاکەکەسی ئاشکرا ناکات، بەڵکو دووبارە ڕووناکی دەخاتە سەر نەوەیەک لەو ژنە گەنجانەی کە خۆیان لەبەردەم بەرپرسیارێتیی بەشداریکردن لە جەنگی ڕزگاریدا بینییەوە، سەرەڕای سنوورداریی دەرفەتەکانیان لە خوێندن و ئامادەبوونی گشتی، ئەو کۆتوبەندانەی سزای ژیانی ژنانیان لە کۆمەڵگەدا دەکرد لەو کاتەدا.

 

خەباتێکی ژنانە بە شێوازە جیاوازەکان

بەشداریی ژنی جەزائیری لە شۆڕشی ڕزگاریخوازییەوە تەنها لە خوێندکارانی کچە خەباتکاری ناو شارەکاندا قەتیس نەمایەوە، بەڵکو بەپێی بارودۆخی جوگرافی و کۆمەڵایەتیی هەر ناوچەیەک شێوازی جیاوازی وەرگرت، لە کاتێکدا ژنانێک لە کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی و پەیوەندییە نهێنییەکاندا بەشدار بوون، ژنانێکی تر بەرپرسیارێتیی ماندنەوە و شاردنەوەی خەباتکاران، گواستنەوەی چەک و خۆراک، دابینکردنی زانیارییان لە ئەستۆ گرت، هاوکات لەگەڵ ئەو ڕۆڵە پزیشکی و پەرستارییانەی هەندێک لە خەباتکاران گرتییانە ئەستۆ.

 

لە گوند و ناوچە شاخاوییەکانیشدا، ژنان ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختتر بوونەوە، چونکە بەرپرسیارێتییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان لە ئەستۆ بوو، هەروەها بەرگەی مەترسییەکانی هەڵکوتانە سەر ماڵان و دەستگیرکردن و توندوتیژیی داگیرکارییان گرت، ئەم ڕۆڵانە هەمیشە لە وێنە یان شایەتیی نووسراودا تۆمار نەکرابوون، ئەمەش وایکرد ئەزموونی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە بڵاوبوونەوەی مێژووییدا دوور بمێنێتەوە.