ژنانی سودان لە بەرامبەر ململانێکان و ئاوارەبوون و لاوازیی یەکگرتوویی خێزان لە خەباتدان
سودان لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە شایەتی بەرزبوونەوەی بەرچاوی حاڵەتەکانی جیابوونەوە بەخۆیەوە بینیوە، فشارە ئابوورییەکان و ئاوارەبوونی بەربڵاو یەکگرتوویی خێزانی لاواز کردووە، ژنان سەرەڕای ئاڵەنگاری کۆمەڵایەتی و دەروونی لە خەباتدان.
ئایە ئیبراهیم
سودان – لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣، سودان نزیکەی ٣٥ هەزار حاڵەتی جیابوونەوەی تۆمارکردووە، زۆر کەس ئەمە وەک بەڵگەیەک بۆ تێکچوونێکی کۆمەڵایەتی بێ وێنەی دەبینن کە بەهۆی ململانێ و فشارە ئابووری و دەروونییەکانییەوە کە کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر سەقامگیری خێزان هەبووە.
توێژەری کۆمەڵایەتی ئامال عەبدول لەتیف دووپاتی دەکاتەوە، کە کێشەی جیابوونەوە کۆنە و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی داکوتاوە، ئەو هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی دوای ململانێکان دەگەڕێنێتەوە بۆ چەندین هۆکاری پەیوەست بەیەکەوە، لەوانە کێشەی ئابووری، ناسەقامگیری، ئاوارەبوون و کۆچکردن، ئەم هۆکارانە پێکهاتەی خێزانیان لاواز کردووە و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییان لەناوبردووە و لە ئەنجامدا دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییە زۆرەکانی لێکەوتووەتەوە.
پێی وایە کە خێزانی فراوان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەهێزکردنی یەکگرتوویی خێزان، وتی: چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستی بە پشتگیری دەروونی هەیە کە لەلایەن خێزانەکەوە پێشکەش دەکرێت یان لەلایەن دەزگاکانی حکومەتەوە وەرگیراوە، لەگەڵ گرنگی بەشداریکردنی کۆمەڵگە لە چالاکییەکان کە پەیوەندییە خێزانییەکان بەهێز دەکەن.
ئاماژە بەوە دەکات، ئەو پەناگە و کۆمەڵگەیانەی کە میوانداری خێزانە ئاوارەکان دەکەن، شایەتحاڵی زیادبوونی ڕێژەی خۆلێدان بوون، ئەمەش بەشداربووە لە بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە، ژنان و منداڵان زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، جگە لەو بارگرانییە دەروونییەی کە دەخرێتە سەر ژنان بەهۆی ئەو چەواشەکارییە کۆمەڵایەتییەی کە جیابوونەوە بە شەرمەزاری دەزانێت.
فشارە کۆمەڵایەتییەکان لاوازی خێزانت سودان قووڵتر دەکەنەوە
بەپێی ئامارەکانی ئەم دواییەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژنان و منداڵانی کچ زیاتر لە ٥٣٪ی ئەو ملیۆنەها ئاوارە لە ناوخۆ و دەرەوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەکەوە پێکدەهێنن، ئەمەش وایکردووە ئەو گروپە بن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئاوارەبوون و پەنابەرییەوە، ڕاپۆرتەکانی سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) ئاماژە بەوە دەکەن، کە زیاتر لە ٤.٢ ملیۆن ژن و منداڵی کچ لە سودان زۆر پێویستیان بە پاراستن و خزمەتگوزاری چاودێری بەپەلە هەیە بەهۆی ئەو فشارە ئابوورییانەی کە لە ئەنجامی تێکچوونی خێزانەکان لە کەمپەکانی ئاوارەبووندا دروست دەبن.
ئامال عەبدول لەتیف جەخت لەسەر گرنگی گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ئەو ژنانە دەکاتەوە کە جیابوونەوە هەڵدەبژێرن، بریاردانی نەرێنی ئازارەکانیان گەورەتر دەکەن و توانای وەرگرتنەوەی هاوسەنگی خۆیان سنووردار دەکەن، هەر بۆیە جەخت لەسەر پێویستی هێز و ئارامی دەکاتەوە.
پێی وایە بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە پێویستی بە دەستێوەردانی هاوبەشی نێوان حکومەت و کۆمەڵگە هەیە، ئاماژە بە پێویستی گرتنەبەری ستراتیژی نیشتمانی بۆ پاراستنی خێزان و منداڵ دەکات، هەروەها پەرەپێدانی دیدێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئاشتی و سەقامگیری، لەڕێگەی چالاککردنی چەندین ڕێگا بۆ پێشخستنی ئاشتی و گرنگی سەقامگیری خێزان.
لە ئازارەوە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی خۆت
سوها حاج کە لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ کاردەکات، ساڵانێک لەمەوبەر جیابووەتەوە، دوای ئەوەی هاوسەرگیرییەکەی سێ منداڵی لێکەوتەوە، ئەو ئەزموونەکە بە توند و ئازار پێناسە دەکات، شتێک کە زۆرێک لە ژنان پێیان باشە خۆیان لێ بەدوور بگرن، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەوە کۆتایی ڕێگاکە نییە، بەڵکو دەتوانێت سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ ئەوانەی خۆیان دەدۆزنەوە.
ڕوونی دەکاتەوە، کە لە ئەزموونەکەی بە وانە قووڵەکانەوە سەریهەڵداوە، گرنگترینیان ناسینی تواناکانی و دووبارە بونیادنانەوە متمانە بەخۆبوونی بووە، هەروەها پێویستە ژنان ئەزموونەکانیان لە ئازارەوە بگۆڕن بۆ هێز، لە دڵشکانەوە بۆ پەیامی هیوا، جەخت لەسەر گرنگی ئارامگرتن و باوەڕبوون بە توانای مرۆڤایەتی دەکاتەوە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ سەرهەڵبداتەوە.
سوها حاج باس لەوە دەکات، کە پێش جیابوونەوەی، بە دوای خۆئاگابووندا دەگەڕا، بە خوێندنەوە و کۆڵنەدان ئەم قۆناغەی تێپەڕاندووە، پەیامێک ئاراستەی هەموو ژنێک دەکات کە بە جیابوونەوەدا تێپەڕیوە، داوای لێدەکات هەستێتەوە و هێزی خۆی وەربگرێتەوە.
ڕاویە عوسمان، پیشەگەری میدیایی کە ساڵانێک لەمەوبەر ئەزموونی جیابوونەوەی هەبووە، باس لەوە دەکات، کە سەرکەوتنەکانی ئێستای بە ئاسانی بەدەست نەهێنراوە، بەڵکو لە ئەنجامی پشتیوانی خێزان و هاوڕێکانی هاتبوون، کە لە تەنیشتی وەستابوون کاتێک ڕێگایەکی نوێی هەڵبژارد کە ئاسایشی پێشکەش دەکرد.
ڕوونی دەکاتەوە، کە خێزانەکەی پاڵپشتی سەرەکی بووە لە دوای جیابوونەوەکە، یارمەتییان داوە خوێندنی زانکۆ تەواو بکات و دواتر لە ڕێگەی دامەزراوە جیاوازەکانەوە دەست بە کارەکەی بکات، ئەم دامەزراوانە وەک بەردی هەنگاو بۆ ئەو بوو بۆ دامەزراندنی کارێکی تایبەتی خۆی و گۆڕینی گەشتە پڕ لە ئازارەکەی بۆ سەرچاوەیەکی هیوا.
ڕاویە عوسمان ئاماژە بەوە دەکات، کە زۆربەی ئەو ژنانەی جیابوونەوە هەڵدەبژێرن، پێش ئەوەی بگەنە چاکبوونەوە و هۆشیاری، بە قۆناغێکی نکۆڵی و تۆمەتبارکردندا تێدەپەڕن، پاشان دەست دەکەن بە بونیادنانی ژیانێکی نوێ و دانانی ئامانجی ڕوون، هانی ژنان دەدات بە هۆشیاری و متمانەوە ڕووبەڕووی ململانێکان ببنەوە و خۆیان لە گۆشەگیری بەدوور بگرن و لەکاتی پێویستدا داوای پشتیووانی دەروونی بکەن.
لەم دۆخە ترسناکەدا، قەیرانی جیابوونەوە لە سودان زیاترە لە تەنها بابەتی ئامار، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی داڕمانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە کە بۆ دەیان ساڵ وەک قەڵایەک بۆ خێزانەکان لە دژی قەیرانەکان کاری دەکرد.
لە کاتێکدا ژنان قورسایی دەرئەنجامەکانی تێکچوونی خێزانەکان لە ئەستۆ دەگرن، چیرۆکەکانی سوها و ڕاویە و ئەوانی دیکە وەک بەڵگەیەک لەسەر توانای ئەو ژنە سودانییە وەستاون کە لە سەرووی برینەکانیەوە هەڵدەستێت و ئازارەکان گۆڕی بۆ هێز.
ژنان لە کاتێکدا چاوەڕوانی چارەسەری هەمەلایەنەن، بەردەوامن لە داوای دامەزراندنی ژینگەیەکی پارێزراو کە سەقامگیری بۆ خێزان و کەرامەت بۆ ژنان و هاوسەنگی بۆ کۆمەڵگە بگەڕێنێتەوە.