ژنانی سودان بڕیاریان داوە بۆ ئاشتی خەبات بکەن

بەهۆی ئەو شەڕەی لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە، ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە هەر بۆیە ژنانی سودان هەوڵدەدەن ڕێگاکانی ئاشتی بدۆزنەوە و بە ئیرادەوە خەبات بکەن.

ئایە ئیبراهیم

 

سودان-دوای چەند مانگێک لە شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پاڵپشتیوانی خێرا، ژنانی سودان دەستیان کرد بە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانەی کە بەهۆی شەڕەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە.

 

کۆنفرانسێک بە ناوی "ژنانی سودان پشتیوانی ئاشتی و یەکڕیزین" بەڕێوەچوو، پێش کۆنفرانسەکە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ کۆبوونەوەیەک بە بەشداری ٣٠ ڕێکخراوی ژنان بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی لە سودان بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا پلانێکی خەباتی هاوبەش بە ناوی "پلاتفۆرمی ژنانی سودان بۆ وەستاندنی شەڕ و دروستکردنی ئاشتی لە سودان و هەماهەنگیکردنی کۆمەڵەکانی ژنان" دامەزرا، بەمەبەستی هەماهەنگی هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ٦٩ ڕێکخراوی ژنان لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەگەڵ ژنان لە سودان سەبارەت بە هەوڵەکانی پشتیوانیکردنیان گفتوگۆیان کرد.

 

گرووپی ژنان لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزرا

سانیە ئادەم، ئەندازیارە لە ڕێکخراوی کشتوکاڵی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەیە بۆ کۆبوونەوەکانی ژنان لە ویلایەتی قەزارف لە ڕۆژهەڵاتی وڵات، ڕایگەیاند، کۆمەڵەی ژنان لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە، هەروەها ڕێژەی بەشداری ژنان لە سیاسەتدا بەرزبووەتەوە بۆ ٤٠%، دوای جەنگ، گروپەکە لەگەڵ ڕێکخراوە فێمینیستەکاندا هاوپەیمانییان کردووە، دوای پێکهێنانی کۆمەڵەکە، ژنان هەوڵی تایبەتیان داوە بۆ ڕێگریکردن لە جەنگ، چونکە ژنان و منداڵان لە جەنگدا زەرەرمەندی سەرەکین.

 

ژنان کار بۆ ئاشتی دەکەن

سانیا ئادەم باسی لەوەکرد، هاوپەیمانی ژنان چالاکی ناڕەزایەتییان بۆ وەستاندنی شەڕ ڕێکخستووە، بەڵام بەو پێیەی شەڕ گەیشتووەتە خراپترین ئاست، ژنان نەیانتووانی ڕۆڵی خۆیان لەو ڕێگرییە ببینن، هەروەها ڕایگەیاندووە کە گۆرانییەکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە کە داوای ئاشتییان کردووە وتی: ژنان لە پەیوەندیدان لەگەڵ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بۆ ئەوەی هەوڵەکانیان بۆ ئاشتی لە هەموو ناوچەکەدا ڕەنگبداتەوە.

"هەمیشە دژایەتی شەڕەکان دەکەین"

مەوەدە بابەکەر، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی دژ بە شەڕ و یاریدەدەری سکرتێری گشتی ڕێکخراوی پێشەنگانی ژنانی گەنج، وتی: کارێکی زۆرمان کرد بۆ ڕاگرتنی شەڕ، لەوانەش بونیادنانی تەڤگەرێکی تایبەت بە ژنان ئەمەش لەبەر ئەوەی ژنان زۆرترین کاریگەری شەڕیان لەسەرە، هاوپەیمانییەکمان بۆ ئیدانەکردنی شەڕ دامەزراندووە، = پەیوەندیمان بە بەشێک لەو ژنانە کرد کە لە ناوەندەکانی نیشتەجێکردندا دەژین، وۆرک شۆپی پەروەردەمان ئەنجامدا بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ و چۆنیەتی نزیکبوونەوە لە ژنان لە کاتی شەڕدا، هەوڵماندا لە ڕێگەی هەندێک دامودەزگای مافی مرۆڤ و نێودەوڵەتییەوە دەنگمان ببیسترێت، تا ئازارەکانی ژنان بەردەوام بن ئێمە دەنگمان لە دژی شەڕ بەرز دەکەینەوە.

"پێویستە ژنان بە وڵاتان بڵێن ژن باجی شەڕ دەدات"

سەلیمە ئیسحاق، بەرپرسی گشتی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئاماژەی بەوەدا، لە شەڕدا ژنان ئەو لایەنەن کە زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، وتیشی: ژنانی سودان هێشتا لە ماڵەکانیاندا ئازاری ئاوارەبوون دەچیژن، لەبەرئەوەی شەڕ بەردەوامە، ژنان مافی نیشتەجێبوونیان نییە لەم هەلومەرجەدا بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی ژنانی سودان، دەبێ بە وڵاتان بڵێین کە ژنان باجی شەڕ دەدەن، تەنانەت دوای شەڕیش، ڕۆڵی ژن زۆر گەورەیە، چونکە توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکانیان هەیە، پێشەنگن لە بواری بونیادنانەوە و نوێکردنەوە و ئاساییکردنەوەی ژیان.