ژنانی کۆبانێ بە دڵخۆشییەوە ڕەنجیان دەپارێزن
ژنانی گوندەکانی ڕۆژئاوای کۆبانێ کە زۆر دڵخۆشن بە بارانبارینی باشی ئەمساڵ، بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە بەرهەمە دەستکردەکانیان کۆدەکەنەوە.
نورشان عەبدی
کۆبانێ-ژن، ژیان و کار سێ وشەن کە لە هەموو ئەو تابلۆیانەدا دەردەکەون کە لە ژیاندان و ڕاستی ئێستا پێناسە دەکەن، ئەم تابلۆیە زۆرتر لە گوندەکاندا دیارە کە تا ئێستا کولتووری ژن و دایکان پارێزراون.
لە گوندەکانی شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەمساڵ لە هەموو ڕوویەکەوە خۆی بە ڕەنگەکانی بەهار ڕازاندۆتەوە، کار و بەرهەمی ژنانیش بەهاری وڵات دەوڵەمەندتر دەکەن، ئاژانسەکەمان کە پێشتر سەردانی گوندەکانی ڕۆژئاوای کۆبانێی کردووە، لەگەڵ ژنان کۆبووەوە و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ تێکۆشان و ڕەنجی ژنان کرد.
هەر بستێک لە زەوییەکە چێندراوە
ئەمینە شێخۆ، لە گوندی گابالەک ڕوونیکردەوە، کە هەر بستئک لە زەویەکەی چاندووە و وتی: لە چەند ساڵی ڕابردوودا باران زۆر کەم بووە، هەموو شتێک وشک بووە، بەڵام ئەمساڵ باران زۆر باش بووە و هێشتا دێت، هەروەها هەموو جۆرە گوڵێکمان لە دەوروبەری ماڵەکەدا چاندووە و ڕازاندمانەوە لەگەڵ باران، هەروەها لە بەردەم ماڵەکەمدا باخچەیەکم چاندووە، کە نەک تەنها ڕەنگ دەبەخشێت بەڵکو سوودی بۆ ئێمەش هەیە، ئەمەش زۆر دڵخۆشمان دەکات، لە هەموو بستێکی زەویدا شتێکی جیاوازمان چاندووە.
لە ڕێگەی ڕەنج و بەرهەمهێنانەوە واتا بە ژیان دەبەخشێت
ئەمینە شێخۆ باس لەوە دەکات، کە هەموو ژنێک سەرقاڵی کارێکی جیاوازە، هەروەها باسی لە کاری ژنان کردووە بەم شێوەیە: بەهاری ئەمساڵ هیواکانمانی نوێ کردەوە، ئەو ڕووداوانەی ڕوویاندا دڵمانی سارد کرد و چیتر دڵخۆش نەبووین، بەڵام لەگەڵ هاتنی بەهار هەستەکانمان وەک گوڵ گەشایەوە و دڵمان دڵخۆش بوو، هەر بۆیە هەموو بەهارێک واتای هیوایەکە بۆ ئێمە، هەموو خێزانێک لە گوندەکەدا خەریکی جۆرێکن لە کار، هەندێک ژن خەریکی باخدارین، هەندێکیان بە کشتوکاڵ و هەندێکیشیان بە دارستان، جگە لە باخداری، تایبەتی دارم هەیە و وەک منداڵی خۆم چاودێرییان دەکەم، هەروەها کاتێک کات لەگەڵ سروشت و چیمەن بەسەر دەبەین دڵخۆشین، ڕاستە کە پێویستی بە کاری زۆر قورسە، بەڵام لە هەمان کاتدا واتا بە ژیانمان دەبەخشێت.
بەرهەمی جیاواز لە بەخێوکردنی مەڕ
وەحیدە ئەمین، تەمەن ٦٠ ساڵ، لە گوندی زەکەری، وتی: گوندەکەمان بە شێوەیەکی سەرەکی مەڕ بەخێو دەکات، کە لە شیرەوە چەندین بەرهەمی جیاواز بەرهەم دەهێنن، من خۆم لە ئێستادا خەریکی دروستکردنی پەنیرم، هەروەها بۆ خێزانەکەمان و بۆ گەلەکەمان دروستی دەکەین، کارێکە کە زۆر ماندووت دەکات، بەڵام مرۆڤەکان زۆر جیاوازن لە بەرهەمی دەست و ماندووبوونی خۆیان، هەر بۆیە دڵخۆشم بە ئەنجامدانی ئەم کارە.
وەحیدە ئەمین ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بارانبارینی ئەمساڵ لەوەڕگاکان پڕن، هەروەها ئەمساڵ مەڕەکانمان پڕن لە شیر، بەهۆی بارانەوە چیمەنێکی زۆر هەیە، ئەمەش بەشێوەیەکی سروشتی خۆراک دەدات بە لەوەڕگەکان و بەرهەمهێنانیان زیاد دەکات، هەر بۆیە مەڕەکانیش لەمساڵدا گرانن، دەبینین خەڵکێکی زۆر ئاژەڵ بەخێو دەکەن بەهۆی ئەمساڵەوە.