سوڵحی عەشایەری؛ هۆکارێک بۆ پێشێلکردنی مافەکانی ژنان

ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە ڕۆژانە ڕووی لە زیادبوونە، بەشێکیان لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەریەوە چارەسەر دەکرێن، کە مافەکانی ژنانی جار تیادا پێشێل دەکرێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-لە کۆندا بەشێک لە کۆمەڵگەکان کێشەکانیان بە ڕێگەی سوڵحی عەشایەری چارەسەر دەکرد، کە لەلایەن دوو بنەماڵەی پەیوەندیدار بڕیار لەسەر کێشەکان دەدرا و زۆرجار ئەو کێشانە پەیوەندی بە ژنانەوە هەبوو، دواتر بە ڕێکەوتن کۆتایی دەهات و ژنانیش دەبوون بە قوربانی یەکەم، لە ئێستاشدا سەرەڕای ئەوەی زۆربەی کێشەکان دەچێتە دادگا، بەڵام ئەم دیاردەیە تا ئێستاش بوونی ماوە.

 

"کێشەکانی ژنان نابێت بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر بکرێن"

مریەم حاتەم، کارمەندی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر سەیرێکی ڕابردوو بکەین لە نێوان ساڵەکانی پەنجاکان بۆ حەفتاکان ئەنجامدانی سوڵحی عەشایەری ئاسایی بووە و یەکێک بووە لەو ڕێگەیانەی زۆر کاری پێ دەکرا، بەو پێیەی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا عەشرەت و خێڵ هەبووە بەو ڕێگەیە کێشەکانیان چارەسەر کردوە، بەڵام لە ئێستادا سوڵحی عەشایەری بۆ چارەسەری کێشەکانی ژنان ڕێگەیەکی باش نییە، دەکرێت سوڵحی عەشایەری دوو لایەنی هەبێت، لایەنە باشەکەی ئەوەیە، هەندێک کێشەی بچوک هەیە پێویست بەوە ناکات ببرێتە دادگا، وە لایەنی نەرێنیشی ئەوەیە نابێت کێشە گەورەکانی پێ چارەسەر بکرێت، بەڵکو دەبێت پەنا ببرێتە بەر سەنتەری خێزانی، چونکە لەوێ لیژنەی ئاشتەوای و یاساناس کار لەسەر ئەو کەیسانە دەکات، وە ئەگەر کێشەکە دووبارە بووەیەوە دەچێتە دادگا و ئێمەش پشتگیری لەو کەیسە دەکەین کە پێشتر کێشەکەی لای ئێمە چارەسەر کراوە.

 

"ئەو مافانەی لە سوڵحی عەشایەریدا بە ژن نادرێت لە یاسادا دەدرێت"

مریەم حاتەم ڕوونی کردەوە، ئەو مافانەی تایبەتە بە ژنان لە سوڵحی عەشایەریدا زۆربەی پێشێل دەکرێت، بەڵام یاسا بە لایەنی زۆرەوە ئەو مافانەی ژنان دەپارێزێت، زۆرجار لە سوڵحی عەشایەریدا کاتێک هەردوولا ڕێکدەکەون بۆئەوەی ژنەکە نەچێتە دادگا و ناوبانگیان لەکەدار نەبێت و لەبەر وشەی عەیبە، لێرەدا ژنەکە مارەیی، حازری، نەفەقە و پێدانی منداڵ و بینینی دەفەوتێت، لە کاتێکدا ئەمانە هەمووی مافی تایبەتی ژنەکەیە، بەڵام لە یاسادا تا تەمەنی ١٨ ساڵی منداڵ لای دایک دەبێت، ئەگەر بە هۆکارێکیش منداڵەکە لای باوکەکە بێت یاسا مافی بینینی منداڵەکان بۆ ژنەکە ڕێکدەخات.

 

وتیشی: زۆرجار لە سوڵحی عەشایەریدا ژنان قوربانی یەکەمن، هەندیک سوڵحی وەکو کوشتن بە کوشتن، ژن لەبری خوێن و پارە وەرگرتن، بۆیە سوڵحی عەشایەری زۆر جار کێشەکە وەکو خۆی دەهێڵێتەوە و دوای چەندین ساڵ کێشەکە سەرهەڵدەداتەوە، بۆیە پێویستە بە هەموو شێوەیەک دوور بکەوینەوە لەو جۆرە سوڵحانە، هەرچەندە لە دادگادا چارەسەرکردنی کێشەکان ماوەیەکی زۆری دەوێت، بەڵام هەر لە سوڵحی عەشایەری باشترە."

 

"هەر وڵاتێک کار بە یاسا نەکات ئەو وڵاتە بەرەو هەڵوەشان دەڕوات"

مریەم حاتەم ئەوەشی خستەڕوو، ئەو سوڵحە عەشایەریانەی لەسەر بابەتی کوشتن دەکرێت دەبێت پێشوەختە دادگا بڕیاری لەسەر بدات، چونکە بابەتی کوشتن بە سوڵحی عەشایەری کۆتایی نایەت، وە لە هەر وڵاتێکدا یاسا کاری پێ نەکرا ئەو وڵاتە بەرەو هەڵوەشان دەچێت، ژنان هیچ کات ئامادە نین لە سوڵحی عەشایەریدا بەشدار بن، بەڵکو ڕێگەی یاسایان پێ باشترە، چونکە هەرچەندە ئیشەکان لە دادگا دوا بکەوێت بەرهەمی باشترە، بەڵام لە هەندێک کاتدا گرێبەستی هاوسەرگیری بە سوڵحێکی عەشایەری کۆتایی پێ دەهێنن و لەناویشیدا ژنان زەرەمەند دەبن، داواش لە ژنان دەکەم بۆ چارەسەری کێشەکانیان ڕێگەی یاسا بگرنەبەر بۆ ئەوەی بێ بەش نەبن لە مافەکانیان.