"برینی عەفرین ساڕێژ نابێت تا خەڵکەکەی نەگەڕێنەوە بۆ سەر خاکەکەی"

هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە بۆ سەر ناوچە کوردیەکان بە تایبەتی عەفرین بۆ ئەوەی ناسنامەی گەلی کورد بسڕێتەوە، ئەڤین سوێدیش دەڵێت:گەلی عەفرین خۆڕاگرن و ڕووبەڕووی هەموو داگیرکاریەک دەبنەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- عەفرین یەکێکە لە شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کە هەمیشە ڕووبەڕووی داگیرکاری بووەتەوە لە لایەن داعش و دەوڵەتی تورکیا و نەیارانیەوە، لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ تورکیا و گروپە توندڕەوەکانی سەر بە سوریا پەیکەری کاوەی ئاسنگەریان لەو شارە ڕووخاند وەک هێمایەک کە شارەکە داگیرکراوە لە لایەن تورکیاوە، هەر لەو کاتەوە تا ئێستا تورکیا هەوڵی گۆڕینی جوگرافیا و ناسنامەی گەلی کورد دەدات لەو ناوچەیەدا، لە کۆتا هێرشیدا شەهید کردنی ٤ هاوڵاتی بوو لە جەندرێس لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆز، جەژنی گەلی کورد، ئەڤین سوێد، نوێنەری خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشووری کوردستان باسی لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیای کرد کە چۆن چاوی بڕیوەتە سەر بەپیتی خاکی عەفرین.

 

"تورکیا هەمیشە هەوڵی کپ کردنی خەباتی گەلی کورد دەدات"

ئەڤین سوێد ئاماژەی بەوەکرد، ٥ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر داگیرکردنی شاری عەفرین لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە، هەروەها سەرێکانی و گرێسپی لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا دایە، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا هەوڵی دەدا کە هیوا و ئاوات و خەباتی گەلی کورد بۆ ژیانێکی ئازاد بووەستێنێت، بەتایبەتی شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بۆ تێکشکاندی دەوڵەتی تورکیا دەستیپێکرد، بۆیە تورکیا بە هەموو هێزی خۆی هێرشی کردەسەر عەفرین، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە کە تورکیا دەستیکرد بە داگیرکاری خەڵکی عەفرین ئاوارە بوون و لە جێگەی ئەوان چەتەی سەر بە دەوڵەتی تورکیا نیشتەجێبوون، بێگومان ئەمە تەنها تورکیا نەبوو بەڵکو دەوڵەتانی تر لە پشت ئەم داگیرکاریەوە بوون، تورکیا هەوڵدەدات دیمۆگرافیای کورد بسڕێتەوە بۆ ئەوەی هەبوونی گەلی کورد لە جیهاندا کەم ببێتەوە بە تایبەتی لە عەفرین، چونکە بە ڕێژەیەکی زۆر کوردی تێدا دەژی.

 

"تورکیا عەفرینی داگیرکرد بۆ وەستاندنی شۆڕشی ژن"

ئەڤین سوێد ڕوونی کردەوە، ژنان لە عەفرین پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن هەربۆیە دەوڵەتی تورکیا داگیریکرد بۆ ئەوەی ئەو شۆڕشە بوەستێنێت، بە هەزاران کەس لە عەفرین ئاوارە بوون و ژیانیان تێکچوو، لە ئێستادا لە شوێنی ئەوان تەنها هەواڵی خەمگینی کوشتن و گرتن و داگیرکردن هەیە، هەر شتێک ئاماژە بێت بۆ ناسنامەی کورد لە عەفرین تورکیا لە ناوی دەبات و زمانی خۆی زاڵ دەکات بەسەر ئەو ناوچانەدا، وەک ناگیهان ئاکارسەل دەڵێت: دەکرێت زۆربەی شارەکان کوردی بن، بەڵام عەفرین لەبەر ئەو پێكەوە ژیان و کشتوکاڵ و ژنانەی تێیدایە زیاتر کوردبوونی پێوە دیارە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هۆکاری هێرشکردنە سەر عەفرین لەلایەن تورکیاوە بەپیتی خاکەکەیەتی بە زەیتوون.

 

وتیشی: تا هێرش و سەرکوتکردنی گەلی کورد لە عەفرین زیاتر بێت تورکیا زیاتر هەست بە سەرکەوتن دەکات، گەل ٥٨ ڕۆژ لە بەرخۆداندا بوو تا نەکەوێتە بەر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا، ئەو شۆڕشە وایکرد کە خۆدەرکەوتن هەبێت و وابکەن عەفرین و خەڵکەی لە جیهاندا زیاتر بناسرێن.

 

"کردنەوەی ئاگری نەورۆز وەکو سەرهەڵدانێکە دژی داگیرکاری"

ئەڤین سوێد ئەوەشی خستەڕوو، شەهید کردنی ئەو ٤ هاوڵاتی لە جندرێس لە ٢٠ی ئاداردا بەهۆی کردنەوەی ئاگری نەورۆزەوە، بە دەستی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گەلی عەفرین بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕووبەڕووی هەموو هێرش و داگیرکاریەک دەبنەوە، خەڵکەکەش دەیانویست هەست بە ئازادی بکەن، بۆیە ئاگری نەورۆزیان کردەوە، وەک تەواوی گەلانی ئازادیخواز، چونکە وەکو سەرهەڵدانێکە دژی داگیرکەران، بۆ ڕزگارکردنی خەڵكی عەفرین دەبێت هەموو کورد یەکبگرێت، چونکە ڕزگارکردنی عەفرین وەکو پرەنسیپێکە کە دەبێت هەموو کەسێک ماڵ و گیانی خۆی لەپێناودا بەختبکات.

 

ئەڤین سوێن ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی ژنان هەر لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە تا ئێستا هیچ گۆڕانکاری بەسەردانەهاتووە، چەتەکانی دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی خراپ ژنان دەکوژن و دەیانڕفێنن، بێگومان لەناو هەر هێرش و داگیرکارییەکدا ژنان زەرەرمەندی یەکەمن، دەوڵەتانی زلهێزیش تاوەکو ئێستا بێدەنگن لەسەر ئەم داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورکیا، بۆیە پێویستە گەلی عەفرین چیتر ئەو زوڵم و زۆردارییە قبوڵ نەکەن و ناسنامەی کورد بوونی خۆی دەربخات، چونکە برینی عەفرین ساڕێژ نابێت تا خەڵکەکەی نەگەڕێنەوە بۆ سەر خاکی خۆیان.