ئیمان قودسی: زمانی ئاماژە پردێکە لە نێوان دوو جیهان کە بە بێدەنگی لەیەکتر جیاکراونەتەوە
لە نێو سەختییە ئابووریەکان و تێڕوانینی کۆمەڵگە، ئیمان قودسی، ڕاهێنەری زمانی ئاماژە، ڕێگەی خۆشکرد بۆ کردنەوەی دەرگای زانکۆکان بەڕووی کەسانی نابیست، دەڵێت: زمانی ئاماژە تەنها ئامرازی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو دەروازەیەکی گشتگیرە.
ڕەحمە شەنزور
یەمەن- لە وڵاتێکدا کە بەهۆی شەڕ و ئاڵەنگارییەکانەوە ماندوو بووە، چیرۆکی مرۆیی سەرهەڵدەدەن کە لەنێو تاریکیدا هیوایەک دروست دەکەن، لە نێو ئەم چیرۆکانەدا چیرۆکی ئیمان قودسی، ژنێکی یەمەنی دەدرەوشێتەوە، کە لە ڕێگەی زمانی ئاماژەوە ئەزموونی کەسیی خۆی لە ماڵەکەیدا گۆڕی بۆ پەیامێکی گشتی کە دیوارەکان تێدەپەڕێنێت.
ئیمان قودسی تەمەن ٣٧ ساڵ، لە دایکبووی پارێزگای تەعز لە یەمەن، وەرگێڕ و ڕاهێنەری زمانی ئاماژە و چالاکوانی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکان، لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٤ وەک ئەمینداری گشتی کۆمەڵەی تەموح بۆ نابیست کاری کردووە، هەروەها بەشداری کردوە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی هۆشیاری و خولەکانی پەروەردە بە ئامانجی تێکەڵکردنی کەسانی نابیست لەگەڵ کۆمەڵگە و دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانیان.
بەڵام لە پشت ئەم پێناسە پیشەییەوە چیرۆکێکی مرۆیی هەیە کە لە ناو ماڵێکی بچووکەوە دەستی پێکردووە، کاتێک بێتوانایی پەیوەندیکردن گۆڕا بۆ سەرەتای ڕێبازێکی نوێ، کە وایکرد ئیمان قودسی، ببێتە دەنگێک بۆ بێدەنگەکان و پردێک لەنێوان دوو جیهاندا کە بە بێدەنگی لەیەکتر جیاکراونەتەوە.
''لە ماڵەوە دەست پێدەکات''
گەشتەکەی ئیمان قودسی لەگەڵ زمانی ئاماژەدا بە خولێکی پەروەردەیی یان گروپێک دەستی پێنەکرد، بەڵکو لەناو دیوارەکانی خانوویەکی سادە لە شاری تەعزدا دەستیپێکرد، کاتێک خۆی بینیەوە کە ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکی چاوەڕواننەکراو بووەتەوە، دوو خوشکەکەی کە نابیست بوون، بەهۆی ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتن تووشی گۆشەگیری بوون.
هەروەها وتی: "بیرۆکەی تێکەڵبوون لەگەڵ جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بەتایبەتی نابیست، لە خودی خێزانەکەوە هاتووە، دوو خوشکم هەیە کە نابیستن، گەورەکەیان فاتمەیە و بچووکترەکەیان ئامانە، لێرەوە دەستم کرد بە مامەڵەکردن لەگەڵیان و بەدواداچوون بۆ خوێندنەکەیان و یارمەتیدانیان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا".
ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرەتا ئەوە سنووردار بوو بە بەدواداچوون بۆ خوێندن، بەڵام دوای زانکۆ، یەکگرتنەکەم دەستیکرد بە فراوانبوون، ئێمە زۆر حەزمان دەکرد دڵنیابین لەوەی کە خوێندنی دروستیان لە خوێندنگە و زانکۆدا وەرگرتووە، چونکە وەک خێزانێک ئێمە خوێندنمان خۆشدەوێت".
بە تێپەڕبوونی کات، ئیمان قودسی تێگەیشت کە گۆڕانکاری تەنها لە ماڵەوە سنووردارنییە، دەبێت کاری کۆمەڵایەتی فراوانترهەبێت، بۆ ئەوەی نابیستەکان بتوانن بە تەواوی بەشداری ژیانی زانستی و کۆمەڵایەتی بکەن، هەروەها گەیشتمە قۆناغێک کە زیاتر و زیاتر لەگەڵ نابیستەکان تێکەڵ بووم، کە لە کۆرسێکدا دەستم کرد بە پێدانی پەروەردە لە زمانی ئاماژەدا، لە ماوەی ئەم ڕێگایەدا بڕوانامەم لە فیدراسیۆنی نابیستانی عەرەبی وەرگرت، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە بوومەتە وەرگێڕی زمانی ئاماژە لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی.
لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: "ئامانجم ئەوە بوو کە پردێک لە نێوان نابیستەکان و کۆمەڵگەدا دروست بکەم، وە توانای دەربڕین و پەیوەندیکردنیان پێبدەم بەبێ سنووردارکردن، لە پۆلەکان و ژیانی ڕۆژانەدا".
''کاتێک بە ئاماژە قسە دەکات''
لەوێدا کە دەنگەکان تەنیا لە ڕێگەی ئاماژەکانەوە دەبیسترێن، پەیامەکەی و شوێنی خۆی لەنێو گروپێکدا دۆزیەوە کە لە مێژە لە ڕوناکی دەرچوون، ئیمان قودسی لە کاتی بیرهێنانەوەی سەرەتاکانی خۆیدا، وتی: "سەرەتا جیهانێکی نوێ بوو بۆ من، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەستم کرد بە تێگەیشتن لەم گروپە، بەوەی چۆن بیردەکەنەوە، پێویستیان بە چییە و چۆن دەنگیان بگەیەنرێتە کۆمەڵگە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "تێگەیشتم کە ئەوان نەک تەنها پێویستیان بە کەسێکە بۆ وەرگێڕانی زمانەکەیان، بەڵکو پێویستیان بە کەسێکە نوێنەرایەتیان بکات، کەسێک کە پێداویستی و پەیامەکانیان بگەیەنێتە جیهانی دەرەوە کە ناتوانێت پەیوەندییان لەگەڵدا بکات".
لەگەڵ توندبوونەوەی قەیرانەکانی جەنگ و خراپتربوونی ئازارەکان، ئیمان قودسی بینی کە پێداویستییەکانی نابیستەکان لە یەمەن لە تەنها پەیوەندیکردن تێپەڕیوە، وتی: "بۆم دەرکەوت کە ئەوان توانا و داهێنەرو ڕەفتار یان هەیە کە شایەنی ئەوەن بە کۆمەڵگە نیشان بدرێت، ئەوان گروپێکی پەراوێز نین، بەڵکو بەشێکی بنەڕەتی ئەم کۆمەڵگەیەن، کۆمەڵگەش پێویستە دانیان پێدا بنێت".
لێرەوە یەکگرتنی ڕاستەقینە لەناو کۆمەڵەی تەموح بۆ نابیستەکان دەستی پێکرد، ئیمان قودسی لەو کۆمەڵەدا چەندین پۆستی هەبووە، لە سکرتێری جێبەجێکارەوە تا سکرتێری گشتی، ئەوکات سەرۆکی کۆمەڵەکە بووە بە وەکالەت، بەڵام بۆ ئیمان قودسی هەڵوێستەکان تەنها ئامرازێک بوون بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی گەورەتر، ئەویش ئەوەیە کە نابیستەکان بتوانن لە ژیانی گشتیدا ئامادەبن.
سەبارەت بە کارەکانی لە کۆمەڵەکەدا، وتی: "دەستمان کرد بە کارکردن لەسەر پەروەردەی وەرگێڕ و مامۆستایان بۆ ئەوەی ببنە پەیوەندییەک لەنێوان نابیست و کۆمەڵگەدا، بە تێپەڕبوونی کاتیش دەستمانکرد بە بینینی ئەنجامی بەرجەستە: ''دەرچووانی کەم بیستن و بەهرەمەندە سەرهەڵداوەکانی مێینە کە لە پشت دیوارێکی بێدەنگییەوە شاردرابوونەوە"، ئیمان قودسی پێی وایە زمانی ئاماژە تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکو پردێکە بەرەو گشتگیری و هۆشیاری.
''ژنێک لە بوارێکی سەختدا''
لە کۆمەڵگەیەکدا کە هێشتا ڕۆڵی ژنان سنووردار دەکات، ئیمان قودسی ڕووبەڕووی دوو ئاڵەنگاری بووەتەوە: سەلماندنی بوونی خۆی وەک ژنێک و شکاندنی جیهانێکی بێدەنگ کە بە ئاسانی پێشوازی لە کەسانی نامۆ ناکات، هەروەها ژنێک کە لە بواری نابیستایان کاردەکات لە یەمەن بە واتای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵێک ئاڵەنگاری دێت کە لە ڕوانگەی کۆمەڵگەوە دەست پێدەکات و بە سەرچاوە سنووردارەکان کۆتایی نایەت.
ئیمان قودسی، وتی: "ئەزموونی من وەک ژن ئاسان نەبوو، بەو پێیەی کۆمەڵگە قبوڵی ناکات ژنێک لە بوارێکی وا هەستیاردا کار بکات، دەبێت سەرەتا خۆت بسەلمێنیت وەک کەسێک کە توانای پەیوەندیکردنی هەبێت، دواتر وەک کەسێک کە توانای پێشەنگایەتیی کردن هەبێت، دواتریش وەک ژنێک کە متمانەی پێبکرێت".
سەرەڕای هەموو ئەم سەختییانە، ئیمان قودسی هەر بەو قەناعەتە مایەوە کە گۆڕانکاری پێویستە، وتی: "دوای ساڵانێک لە شەڕ، دەستمان کرد بە هەستکردن بە گۆڕانکارییەکی ئەرێنی، بەشێک لە وەرگێڕەکان دوای پشوویەکی زۆر گەڕانەوە سەر کارەکانیان، کۆمەڵگەش دەستیکرد بە گرنگیدانێکی زیاتر بەم گروپە، ڕاستە ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناغێکی نایاب، بەڵام ڕێگەیەکی دوور و درێژمان بڕیوە کە بتوانێت ئەم گروپە پاڵ بە پێشەوە بنێین".
''کردنەوەی دەرگای زانکۆ بۆ خوێندکارانی نابیست''
سەبارەت بە کردنەوەی دەرگای زانکۆ بەڕووی خوێندکارانی بانیستدا، ئیمان قودسی، بە "بەهێزترین و نزیکترین لە دڵیەوە" وەسفی دەکات، بەو پێیەی یەکەم وێستگەی گەشتەکەی کردنەوەی دەرگای خوێندنی باڵا بوو بەڕووی ژنانی گەنج و ژنانی نابیستدا، "کە پێشتر لە زانکۆ تایبەتی و حکومییەکانەوە جێگیر نەبوون".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لەڕێگەی هەوڵی بەکۆمەڵەوە توانیمان پۆلی تایبەت بۆ نابیستایان بکەینەوە لەناو زانکۆکان، هەروەها توانیمان هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆ زانستی و مۆدێرنەکانی وەک زانکۆی نیشتمانی و زانکۆی تاعز بکەین، ئەمە جگە لە هاوکاریمان لەگەڵ سەنتەری کۆمپیوتەر کە ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە پاڵپشتیکردنی خوێندکاران".
لەسەر ئاستی تاکەکەسی، ئیمان قودسی هەوڵیدا کۆمەڵگەی نابیستایان بخاتە ناو ئەو خولە پەروەردە و چالاکییە پیشەییانەی کە لەناو پارێزگادا بەڕێوەدەچن، ئاماژەی بەوەشکردووە، ''گرێبەستمان لەگەڵ ژمارەیەک ناوەند و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد بۆ تێکەڵکردنی دوو سێ کەسی نابیست لە هەر خولێکی پەروەردەیدا''.
بەڵام کاریگەرییەکەی تەنها پەروەردەیی نەبوو، بەڵکو کۆمەڵایەتیش بوو، کۆمەڵگە دەستی کرد بە بینینی نابیستەکان لە نزیکەوە و ناسینی تواناکانیان، هاوکات نابیدستەکان بۆ یەکەمجار دەستیان کرد بە دەرکەوتن، دەستپێشخەریی خۆیان دەستپێکرد و پڕۆژەی بچووکیان لە بوارەکانی وەک چنین و بخوردا دامەزراند، هەروەها "کاتێک بینیم نابیستەکان پڕۆژەکانیان دەکەنەوە و لە دامودەزگا حکومییەکان کاردەکەن، هەستم کرد ئامانجەکە بەدیهاتووە، ئیتر گۆشەگیر نەبوون، بەڵکو بوونەتە بەشێکی زیندوو لە کۆمەڵگە، کە وەک خۆیان دەیانناسن".