ئێران فشارەکانی سەر خوێندگەکانی زمان زیاد دەکات

دوای ئەو سەرهەڵدانە شۆڕشگێڕییەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی "ژن. ژیان، ئازادی" سەریهەڵدا، ئەو خوێندنگە زمانانەی کە بەشدارییان لە سەرهەڵدانەکەدا کرد، کەوتنە ژێر فشاری ڕژێم بۆ سەپاندنی حیجابی ناچاری.

فریشتە ئەحمەدی

 

ورمێ-دوای سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی حیجابی ناچاری وەستانەوە، ئەم تەڤگەرە نەک هەر تابۆ کۆمەڵایەتییەکانی شکاند، بەڵکو بووە هۆی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دامودەزگاکانی ڕژێم، ژنان هەوڵیاندا ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە یاسا ناچارییەکان و سنووردارکردنە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕووی خۆبەخشانەیان دەرببڕن.

 

ئەو ژنانەی لە خوێندنگەکانی زمان بەشداری سەرهەڵدانی شۆڕشگێرانە بوون، ڕژێم فشاری لەسەر زیاد کردوون، لە ڕێگەی دەزگا ئەمنییەکان و جێبەجێکردنی یاساوە چەندین فشاریان خستۆتە سەر شوێنە بازرگانییەکان بۆ نموونە ئەگەر ژنێک خۆی لە چێشتخانەیەکدا نەپۆشێت، لەوانەیە دابخرێت، خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان و ئەم ڕێوشوێنانە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە یارمەتییە داراییەکان بۆ خاوەن چێشتخانەکان و بێکاری بۆ کارمەندەکانیان، جگە لەوەش کەیسەکان لەبەردەم دادگادا تۆمار دەکرێن بۆ ئەم کەسانە، و دامەزراوەکانی وەک هێزی پۆلیس ئەم ناوەندانە دادەخەن.

 

هەڕەشە لەسەر خوێندنگە تایبەتەکان

 لە ناو ئەو شوێنە کولتووریانەی کە دوور بوون لە جیاکاری ڕەگەزی و پەروەردەی ئایدیۆلۆژی، خوێندنگە تایبەتەکان بوون کە بۆ ئەو خوێندکارانە دامەزران کە دەرفەتی فێربوونی گونجاویان لە پۆلە قەرەباڵغەکانی خوێندنگە حکومییەکان نەبوو، یان بۆ فێرکردنی زمانە بیانییەکان و کارامەییەکانی دیکە، بە لەبەرچاوگرتنی کولتووریی خۆیان و ڕۆڵی زانستی، تەنانەت لە شارە بچووکەکانیشدا، ئەم خوێندنگانە شوێنی گەشەسەندنی کولتووری و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنی خوێندکاران بوون، بەڵام ئێستا لەبەردەم هەڕەشەیەکی جددی لەلایەن دامودەزگاکانی ڕژێمەوە بۆ سەپاندنی حیجابی ناچاری، لە ڕێگەی بانگهێشتنامە و هەڕەشەوە فشار دەخرێتە سەر ئەو خوێندنگانە بۆ جێبەجێکردنی حیجابی ناچاری، ئەم ڕێوشوێنانە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی کوالیتی خوێندن و کەمی پاڵنەر لەناو خوێندکاراندا.

 

 

داوای بەرتیلی دەزگا ئەمنییەکان

پرسێکی تری سەرنجڕاکێش ئەو ڕاپۆرتە زۆرانەی شارە جیاوازەکانە کە دەریدەخەن هێزە ئەمنییەکان داوای بەرتیلیان لە سەندیکا و خوێندنگاکان کردووە بۆ ئەوەی دۆسیەیان لەسەر تۆمار نەکەن و شوێنی کارەکانیان دانەخەن، ئەو کردەوانەی دامودەزگا ئەمنییەکان بەشدارن لە گەندەڵی سیستماتیکیدا ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکانی شارە جیاوازەکانی ئێران نیشان دەدەن کە ئەم جۆرە گەندەڵی و بەرتیلخواردنە بووەتە کارێکی باو.

 

لە چەند شارێکدا هەواڵی داواکردنی بەرتیل لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسەوە هەبووە و خاوەن دوکان و خوێندنگەکان ناچاربوون پارە بەو هێزانە بدەن بۆ ئەوەی شوێنەکانیان دانەخرێن.

فشار لەسەر خوێندنگەکان

 "نگین.م" ناوێکی خوازرەو مامۆستای زمانە لە یەکێک لە خوێندنگەکانی زمان لە شاری ورمێ وتی: لەم دواییانەدا چەندین جار هۆشداریمان پێگەیشتووە سەبارەت بە حیجابی ناچاری، و بە بیانووی پشکنین، بێزارییان دروست کردووە و داوای دانانی کامێرای چاودێری یان ڕاستەوخۆ داوای بڕە پارەیەکیان لە بەڕێوەبەری خوێندنگە کرد بە مەبەستی داخستنی خوێندنگەو  وروژاندنی داوای یاسایی، ئەم کارانە نەک تەنها نیگەرانی کردین، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر کوالیتی خوێندنیش هەبوو.

 

"ژیلا.ئ" ژنێکی گەنج کە لە خوێندنگەیەکی زمانی ورمێ دەخوێنێت، وتی: دوای بانگهێشتکردنی بەڕێوەبەری خوێندنگەو هەڕەشەی داخستنی، ئێستا هەموو پۆلەکان پۆستەریان لەسەرە کە دروشمی 'پابەندبن بە حیجابەوە' لەسەریان داناوە، ئەگەر فشارەکە زیاد بکات، بڕیار دەدەین بچینە پۆلەکانی ئۆنلاین، چونکە ئەم بارودۆخانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە خوێندنی ڕووبەڕوو و ڕاستەوخۆ لەگەڵ مامۆستایان و هاوپۆلەکان بێبەش بین.