"ئازاری ئێمە هەر یەکە"

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی ئاوارەی زۆرەملێی عەفرین و کانتۆنی شەهبا نارد، هەروەها دووپاتی کردەوە کە خەڵکی شەنگالیش بە هەمان ئازاردا تێپەڕیوون لە کاتی هێرشەکانی چەتەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە لە ساڵی ٢٠١٤.

حەسەکە

 

 ئێستا داگیرکاری تورکیا سیناریۆی شەنگال لە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە دووبارە دەکاتەوە لە سەرەتای داگیرکردنی ئەو ناوچانە، پێشێلکارییەکان بە تایبەت بەرامبەر بە ژنان دەیسەلمێنن ژنان لەناو شۆڕشدا و دژی سیاسەتی داگیرکەران خەباتیان کرد.

 

لە چوارچێوەی بەردەوامی پاڵپشتیکردن بۆ خەڵکی ئاوارەی زۆرەملێ لە عەفرین و کانتۆنی شەهبا، دوای هێرشەکانی چەتەکانی داگیرکەری تورکیا و ئاوارەبوونیان بۆ جاری دووەم، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە شەنگال هاوکاری مرۆیی نارد و گەیەندرایە خۆبەڕێوەبەری ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکرێت کە زیانیان بەرکەوتووە.

 

ڕیهام حەجۆ، وتەبێژی تەڤگەری ژنانی ئێزدی، سەبارەت بەم بابەتە، وتی: دووەم ئاوارەبوونی زۆرەملێ کە دژی خەڵکی ئاوارەبووی شاری عەفرین و شەهبا پراکتیزە کرا، بەئامانجگرتنی هەموو گەلانی تامەزرۆی ئازادی و دیموکراسی بوو، ئازار و مەینەتی گەلی ئاوارەبووی عەفرین و شەهبا، ئازاری هەموو گەلانی بەرخۆدان و تێکۆشان لە دژی نادادپەروەرییە.

 

ڕوونیشیکردەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک گەلی ئێزدی لە شەنگال لەسەر دەستی چەتەکانی داعش تووشی قڕکردن بوون، ڕووبەڕووی ئاوارەبوون و پێشێلکاری و هێرش بوون، هەروەک چۆن خەڵکی عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی لە دوایین جاریشدا خەڵکی شەهبا و مەنبج بەدەست پێشێلکارییەکانی داگیرکاریی تورکیا لە ناوچەکانیان دەناڵێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد بەدرێژایی ساڵان گەلی عەفرین و شەنگال لە بەرامبەر هەموو هەلومەرجێکدا یەکگرتوو بوون، لەوانە هێرش و ئامانجی ڕۆژانە و گەمارۆدان و سیاسەتی دیکە کە هەوڵی لەناوبردنیان و نەهێشتنی بوونیان دەدەن، سەرەڕای ئەمەش دەستبەرداری خۆیان نەبوون، بەرخۆدان لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی و ناسنامە و پاراستنی کولتوور و زمانەکەیان، ئاوارەکانی عەفرین شاری وێرانکراوی شەهبایان کردە هێمای بەرخۆدان و شارێکی بچووکی هاوشێوەی شارەکەیان دروستکرد و ئەمەش ڕادەی وابەستەبوونیان بە خاکەکەیانەوە دەسەلمێنێت.

 

ڕیهام حەجۆ ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی شەنگال، لەبەر ڕۆشنایی ئەو هەلومەرجە سەختەی کە تێیدا دەژین، بۆیان دەرکەوتووە کە پاڵپشتیکردنی خەڵکی ئاوارەی عەفرین و شەهبا ئەرکێکە کە دەکەوێتە سەر شانیان، هەروەها هاوکاری فریاگوزاری و هاوکارییەکانی ترییان کۆکردۆتەوە، بەپێی ئەو توانایانەی کە لەبەردەستیاندایە بۆ ناردنی بۆ ئاوارەکان، پێشکەشکردنی پشتیوانی فریاگوزاری بۆ خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەرکێکە بۆ خەڵکی شەنگال، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئاستەنگەکان، توانیویانە گەیاندن بکەن بۆ بەشێکی کەم لە هاوکارییەکان بۆ ناوچە ئیدارییەکان، ئازارەکانی خەڵکی شەنگال و عەفرین وەک یەکن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشی دووەمی هاوکارییەکان هێشتا لەسەر سنوورە و چاوەڕێی ڕەزامەندی حکومەتی عێراقن بۆ ئەوەی بگاتە ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئاوارەبوونەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەم شێوەیەش بەشێکی کەممان بۆ خەڵکی ئاوارەکانمان دابینکردووە کە بە خەم و پەژارەدا تێپەڕیون.

 

سەبارەت بەو هەلومەرجەی کە ناوچەکە ڕووبەڕووی بووەتەوەو ئەو هێرشانەی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە دەستیپێکردووە، وتی: دۆخی ئێستای سووریا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان و تەنانەت لەسەر شەنگالیش هەیە، هەتەشە بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەموو پێکهاتەکان مافەکانیان بەدەست دەهێنن، بەڵام لەسەر زەمین پێچەوانەکەی ڕوودەدات.

 

داوای یەکگرتن

دووپاتی کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە سووریا سەقامگیر بێت و خواستەکانی گەلی سووریا بەدیبهێندرێت و ئاسایش و سەقامگیری سووریا بە شێوەیەک مسۆگەر بکرێت کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکان بکات، هەروەها سووریا خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک بێت، و ئەمەش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکەوە بەدی دێت، داواشی لە هەموو خەڵک کرد دەستی یەکبگرن و یەکگرتوو بن لە بەرامبەر ئەو سیاسەتانەی کە لە سووریا جێبەجێ دەکرێن و بارودۆخی ناوچەکە.

 

ڕیهام حەجۆ سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لەناو کۆمەڵگەو تێکۆشانیان لە دژی عەقڵیەتی دەوڵەت، وتی: ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، شەنگال و ناوچەکانی تر پێگەی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا سەلماندووە، بەتایبەتی لە بواری سەربازیدا، یەکینەکانی پاراستن لە ڕۆژئاوا و شەنگال دژی هێرشەکان شەڕیان کرد و لە بەرەکانی پێشەوەدا جێگەی خۆیان گرتەوە و ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بەهێزی ئیرادەیان، ئەگەر لە سووریا ژن ڕۆڵی نەبێت، دادپەروەری و دیموکراسی تێدا نابێت.

 

"دەوڵەتی تورک سیناریۆی شەنگال دووبارە دەکاتەوە"

جیهان جاڵۆ، هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، وتی: دوای ئەوەی خەڵکی عەفرین و شەهبا لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارە بوون، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لە شەنگال هاوکاری و  فریاگوزاری بۆ ئاوارەکان ناردووە، داگیرکاری تورکیا ئێستا سیناریۆی شەنگال لە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە دووبارە دەکاتەوە، هەر لە سەرەتای داگیرکردنی ئەو ناوچانەشەوە، پێشێلکارییەکان بەردەوامن، بەتایبەتی بەرامبەر بە ژنان و دژی گەلی ئێزیدی ئێمە لە عەفرین. ئەمەش ڕادەی دڕندەیی خۆیان دەسەلمێنێت  بەرامبەر بە ژنانی ئازاد کە خۆیان لەناو شۆڕشدا ڕێکخستبوو و دژی سیاسەتەکەیان خەباتیان دەکرد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد خەڵکی ئاوارەی عەفرین لە شەهبا، لە ماوەیەکی کورتدا، خۆیان ڕێکخست و بە هیوای گەڕانەوەیان بۆ شارەکەیان دەژیان، بەڵام ئەم هیوایە دەبێت بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەردەوام بێت، هەروەک چۆن خەڵکی ئاوارەی  عەفرین لە شەهبا دروشمی بەرخۆدانیان بەرزکردەوە، دەبێت بەو مۆڕاڵە بەردەوام بن، پرسی ڕزگارکردنی عەفرینیش پرسی هەموو گەلان و پێکهاتەکانە، لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شەنگال، جەختی لەوەش کردەوە کە عەفرین دەبێت ئازاد بکرێت و بگەڕێتەوە سەر ئەو شێوازەی کە ئارام و سەلامەت بووە و خەڵکی عەفرینیش نابێت تەسلیمبن بە سیاسەتەکانی داگیرکاری.

 

" ژنان ئیرادەیەکی بەهێزیان هەیە"

جیهان جاڵۆ سەبارەت بەو دەستکەوتانەی ژنان لە چوارچێوەی شۆڕشەکانی ڕۆژئاوا و شەنگال و شۆڕشەکانی دیکەدا بەدەستیان هێناوە، وتی: ژن هەمیشە لە کاتی شەڕ و ململانێکاندا ئامانجی یەکەمن، چونکە ژنان ئیرادەیەکی بەهێزیان هەیە و ڕادەست بە سیاسەتەکانی دوژمن نابن، ئەوانەن کە دەستکەوتەکانیان دەپارێزن، بۆیە بە بە ئامانجگرتنی ژنان، هەوڵدەدەن قڕیان بکەن و بوون و پێگەیان لەناو شۆڕشدا نەهێڵن.

 

جیهان جاڵۆ، لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازی لە هەموو پێکهاتەکانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە تایبەت ژنان کرد، کە بەرامبەر هێرشەکان و سیاسەتەکانی دوژمن بوەستنەوە.