"دابونەریتە کۆنەکان هۆکاری سەرەکی توندوتیژی دژی ژنانە"

مینو. ک، چالاکوانی مافەکانی ژنان پشتڕاستی کردەوە بەهۆی نەبوونی هۆشیارییەوە ژنانێک هەن کە بە هەموو شێوەکانیەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو پەروەردە و چالاکییانەی بۆیان دابینکراوە، زۆربەیان ڕزگارکراون و ئەمڕۆ دەبنە نموونە بۆ ژنانی دیکە.

ژونا ئەردەڵانی

 

سنە-داب و نەریت و پیاوسالاری چەندین بڕگە و سنووردارکردنی سەپاندووە بەسەر ژناندا کە ڕەنگدانەوەی نەرێنییان لەسەر کۆمەڵگە هەیە، وەک هاوسەرگیری بەزۆر یان توندوتیژی دژیان بە هەموو شێوەکانیەوە.

 

ژنان ڕووبەڕووی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دەبنەوە لە کۆمەڵگەدا لە دەسەڵاتی پیاوسالارییەوە، بۆ بۆ ئەوەی ئیرادەو هێزیان لاواز بکەن بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێبکەن لەوەی ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگێڕن.

 

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگابوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، مینو. ک، چالاکوانی مافەکانی ژنان لە شاری سنە و خوێندکاری کۆمەڵناسی، وتی: بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە کۆمەڵەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکاندا چالاک بووم، سەرەتا لە بوارەکانی پەیوەندیدار بە ژینگەوە کارم دەکرد، دڵنیا بوومەوە و هەستم بە ژنێکی بەهێز کرد، دەتوانم لە زۆر شوێندا ڕۆڵ بگێڕم وەک چالاکی و پەروەردە لە گوندەکاندا، کە پەروەردە لەخۆ دەگرێت کە هۆشیاری ژنان دەربارەی مافەکانیان زیاد دەکات.

 

"لە گوندەکان لوتکەی سەرکوتکردنی ژنان هەبوو"

سەبارەت بە سەرەتای کارکردنی وەک چالاکوانێکی مافەکانی ژنان، وتی: تیمەکە پزیشکێکی ژنان و پزیشکێکی دەروونی و کارمەندی کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرت، بۆیە چوومە پاڵیان، دەچووینە گوندەکان بۆ ئەوەی چاودێری بارودۆخی ژنان بکەین و پشتیوانییان بۆ دابین بکەین، دوای ئەوە بۆم دەرکەوت کە من بۆ چی دروستکراوم و پەیامەکەم دۆزییەوە چونکە ڕووبەڕووی لوتکەی سەرکوتکردنی ژنان بوومەوە لە گوندەکاندا، هەر گوندێک کە سەردانم کردووە تەواو جیاوازە لەوەی دیکە، هەتا زیاتر بڕۆیت، ژنان زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی و پشتگوێخستن دەبنەوە، ئەو گوندانە لە هەموو شوێنێکی ئێران دەدۆزرێنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە گوندەکاندا چەندین حاڵەت دەبیندرێن وەک هاوسەرگیری منداڵان، هاوسەرگیری بەزۆر، خەتەنەکردنی ژنان، نەزانین و نەبوونی دامەزراوەی تەندروستی کە خزمەتگوزاری بنەڕەتی بۆ ژنان دابین ناکەن، وەک پشکنین و ئەوانی تر، وتیشی: ژنان خۆیان قبوڵی دەکەن، لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە ئەوان کەمتر ئاشنا بوون بە جیهانی دەرەوە و مافەکانی ژنان کە تەنانەت بەر گوێشیان نەکەوتبوو.

 

"کیشەکان منیان ترساند"

وتیشی: ئەو کێشانەی کە لە گەشتەکانمدا بەسەریدا تێپەڕیم لە کارکردن لەسەر مافەکانی ژنان منیان ترساند، بۆمان دەرکەوت کە کۆمەڵگەی ژنان شوێنی زیاتری هەیە بۆ توێژینەوە و خوێندن و پێویستی بە یارمەتی زیاترە، ئێستا ٥  ساڵە و لەم بوارەدا کار دەکەم، هەندێک جار هەست بە ماندووبوون دەکەم چونکە ئەو ژنانە دەبینم کە نایانەوێت لە قەفەزەکەیان بچنە دەرەوە، بەڵام هەندێک جار کاتێک کێشەکانی ژنان بە یارمەتی خۆیان چارەسەر دەکرێن، هەست دەکەم ژیانێکی نوێ دەست دەکەوێت.

 

"دەسەڵات ڕێگرە لە چالاکی و هۆشیاری"

ئاماژەی بەوەشکرد، چیتر هیچ پەروەردەیەک ئەنجام نادەن بەهۆی نەبوونی هاوکاری دەسەڵاتداران و نەبوونی دامەزراوە و نەبوونی کەمترین بودجە بۆ بەردەوامبوون لە گەشتەکان، وتیشی: دوای ئەوە من و زۆرێک لە هاوڕێکانم هەوڵماندا کۆمەڵەیەکی ژنان و دامەزراوەیەک بۆ یارمەتیدانی ژنان دابمەزرێنین، بەڵام مۆڵەتمان پێنەدرا بۆ ئەوەی دەست بە کار بکەین و چەند جارێک لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لێکۆڵینەوەمان لەگەڵدا کرا بەهۆی ئەو چالاکییانەی ئەنجاممان دەدا، هەموو جارێک کۆبوونەوەکانمان لە ماڵی چالاکوانێک ئەنجام دەدا و بە نهێنی پلانمان بۆ بیرکردنەوەکانمان دانا، کۆمەڵەکەمان بەجێهێشت چونکە دەمانزانی کە ئەنجامدانی چالاکییەکان سەختە و مەحاڵە و پێویستە هەموو هەنگاوێک لەژێر چاودێری دەسەڵاتدا ئەنجام بدرێت.

 

"ژنان بەهێزکران و باوەڕیان بە تواناکانیان بۆ پەیدابوو"

لەبارەی چالاکییەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، ئاماژەی بەوەدا یەکێک لەو چالاکییانەی لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا لە بواری مافەکانی ژناندا ئەنجامیان داوە، جگە لە بواری پەروەردە، مامەڵەکردنە لەگەڵ هەموو جۆرەکانی توندوتیژی وەک توندوتیژی جەستەیی، زایەندی و زارەکی، وتی: زۆرێک لە ژنانمان نارد بۆ مالە پارێزراوەکان بۆ ئەوەی بتوانن بۆ ماوەیەک لەوێ بژین، دواتر بە فێرکردنی کاری دەستی و ڕێکخستنی پێشانگا بۆیان و فرۆشتنی کارە دەستییەکانیان هاندران بۆ ئەوەی باوەڕیان بە تواناکانیان هەبێت، زۆرێک لەو ژنانە دواتر بوون بە خاوەنی فرۆشگەو پەناگە.

 

مینۆ.ک پشتڕاستی کردەوە هەندێک لەو ژنانە هەن کە بەهۆی توندوتیژی خێزانی و نەبوونی پاڵپشتییەوە کەوتوونەتە تەڵەی ماددەی هۆشبەر وتیشێ: ڕزگارکردنی زۆربەیان ئەرکێکی قورسە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانە چاکبوونەتەوە دوای ئەوەی یارمەتییان پێدراوە و ئەو ژنانەی پێشتر چاکبوونەتەوە بوونەتە نموونەی ڕۆڵگێڕان.

 

سەبارەت بە کوشتنی ژنان، وتی: کوشتنی ژنان زۆرجار لە ناوچە بچووکەکان و گوندەکان یان خێزانەکاندا ڕوودەدات کە نەریتە کۆنەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە، وەک دەزانن لە داب و نەریتە کۆنەکاندا ژنان پێگەیەکی باڵایان نییە و بەوە پێناسە دەکرێن کە مێشکێکی ناتەواو و جەستەیەکی لاوازیان هەیە، لەبەرئەوە چووین بۆ گوندەکان بۆ ڕێکخستنی پەروەردەو دابینکردنی پزیشکە دەروونییەکان و ڕاوێژکارانی یاسایی ئەوەی پێویست بوو بۆ ژنان پێشکەشیان دەکرد و دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووین و ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی بوونەتەوە دواتر پێیان وتین کە بوێری ئەوەیان دۆزیوەتەوە بۆ ژیانی خۆیان بجەنگن.