ئەڤین گۆیی، ئایکۆنی بزووتنەوەی فێمێنیستی کورد

ئەڤین گۆیی، پیشەنگی بزووتنەوەی ژنانی کورد، ناوی خۆی لە شۆڕشی ژناندا دروستکرد و لە ماوەی خەباتیدا هەوڵی پەروەردەکردن و پشتگیریکردنی ژنانی دەدا بۆ ئەوەی خۆیان لە چەوسانەوە و پەراوێزخستن ئازاد بکەن.

شیرین محەمەد

قامیشلۆ- ئەڤین گۆیی لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر ناوەندی ڕۆشنبیری کوردی "ئەحمەد کایا" لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا لەگەڵ هونەرمەند میر پەروەرو و عەبدولڕەحمان کزل تیرۆرکران، ئەم کۆمەڵکوژییە بە دووەم کۆمەڵکوژی پاریس ناسرا و دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا بێدەنگ مانەوە بەبێ ئاشکراکردنی تاوانباران و لێپرسینەوە لە بکەرانی ئەم تاوانە.

 

ئامینە کارا ناسراو بە ئەڤین گۆیی، پێشەنگی بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ساڵی ١٩٧٧ لە گوندی هیلال لە ناوچەی قەڵابانی بۆتان لە باکووری کوردستان لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٩٤ دەوڵەتی تورکیا گوندەکەی سووتاند و ناچاری کرد لەگەڵ خێزانەکەی بڕوات بۆ گوندێکی دیکە، لەوێ بزووتنەوەی ئازادی ناسی و ڕێزێکی گەورەی بۆ مێژووی گەلی کورد و دۆزەکەیان نیشاندا و پێشەنگ بوو لە خەباتی ژنان و بەشداری کرد لە پەرەپێدانی ڕێبازی ژنانی ئازاد.

 

لە ساڵی ٢٠١٣، بەشداری کرد لە شەڕی دژ بە چەتەکانی داعش لە شەنگال، خزمەتگوزاری پێشکەش کرد بۆ خێزانە هەڵهاتووەکان و پێداویستییە سەرەتاییەکانیانی دابین دەکرد، بەڵام بە سەختی بریندار بوو، ناچاربوو گەشت بکات بۆ ئەوروپا بۆ چارەسەر، لە گەشتەکەی بۆ چارەسەرکردنی گەڕایەوە بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی ڕۆژئاوا و ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە هەموو بوارەکاندا، بەشداری کرد لە بنیادنانی کۆمەڵەکان و ئەنجومەنەکان و پەرەپێدانی ژنان و کۆمەڵگە بەیەکەوە لە ڕێگەی کارکردنی لە ئەکادیمیاکاندا.

 

"بەڵێنمان دا شوێن هەنگاوەکانی بکەین بۆ ئازادی ژنان"

لە یەکەم ساڵیادی دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس، منەوەر خالید، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک، وتی: تیرۆرکردنی ئەڤین گۆیی خێرایی خەباتی لەناو ژنانی دیکەدا بەرزکردەوە، هەواڵی کوشتنەکەی شۆکێکی گەورە بوو بۆ هەموو ئەوانەی بەدوای ئازادی و دیموکراسیدا دەگەڕێن، دوای ئەوە بەڵێنمان نوێکردەوە کە شوێن هەنگاوەکانی بکەوین بەرەو ئازادی ژنان.

 

"بەهێزو بوێر بوو"

ئاماژەی بەوەکرد کە لە ساڵی ٢٠١٣دا چاوی بە ئەڤین گۆیی کەوتووە وتی: شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ کەسانی دیکە، کارە ڕێکخراوەییەکەی و کەسایەتییە پیشەنگەکەی سەرنجڕاکێش بوون، زەردەخەنەیەکی تایبەتی هەبوو کە هەمیشە لەسەر ڕووخساری بوو، کەسایەتییەکەی بە تایبەتمەندییەکانی ژنێکی ئازاد ناسراوە، پێکەوە کارمان دەکرد، بەهێز و بوێر و تێگەیشتوو بوو، هەمیشە دەیوت، "حەزم لە هەماهەنگی ئێوەیە بەیەکەوە، چۆنیەتی کارکردنتان و هاوکارییەکانتان بۆ گەیشتن بە ئازادی ژنان و کۆمەڵگە"، ئەڤین گۆیی هەمیشە هەوڵی داوە ژنان بناسێت کە تا چ ڕادەیەک خۆیان پەرەپێدەدەن بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات و بەشدارییان لەگەڵدا بکات سەبارەت بەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

"هەمیشە دەیوت شۆڕشی ژنان دەرفەتێکە تا خۆیان لە کۆمەڵگە ئازاد بکەن"

منەوەر خالید وتیشی:هەموو کاتێک کە یەکترمان دەبینی، باسی ئەو بابەتانە دەکرد کە گرنگن بۆ ژنان و کۆمەڵگە و چۆنیەتی پەرەپێدانی خەباتمان لەناو ئەو بابەتەدا، هەمیشە دەیوت "پشت بە بیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ببەستە و بیکە بە بنەمایەک بۆ کارەکانت"، ئەڤین گۆیی هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە شۆڕشی ژنان دەرفەتێکە بۆ هەموو ژنان تا خۆیان و کۆمەڵگە ئازاد بکەن، هەمیشە پێی دەوتین کاتێک ژنان دەبینم لەسەر ڕێگای ئازادی تێکۆشان، هەست بە شانازی دەکەم.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا منەوەر خالید وتی: ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمەز، فیدان دۆغان و ئەڤێن گۆیی هەموویان مەشخەڵی ئازادییان پێکهێنا کە ڕێگای ئێمە ڕووناک دەکاتەوە، ژنی ئازاد لە کەسایەتی بەهێزیاندا دەبینین، ژنی بەهێز هەمیشە لەلایەن دیکتاتۆر و کۆنەپەرستانەوە کراونەتە ئامانج، ئەوان لە ژنی ئازادو خاوەن ئیرادە بەهێز دەترسن.