سوعاد حسۆ، ڕێکخستنی کۆمەڵگەی ئێزدی بۆ پاراستنی ناسنامە لە نێوان ئاڵنگاریەکاندا زۆر گرنگە
سوعاد حسۆ، بەڕێوبەری یەکێتی ئێزدی سووریا ڕایگەیاند، سەرەڕای ئاوارەبوون و پشتگوێخستن، کۆمەڵگەی ئێزدی بەردەوام بوو لە گەشتەکەی بەرەو ئازادی و پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەیان.

شيرين محەمەد
قامیشلۆ ـ ئێزدییەکان یەکێکن لە کۆنترین گروپە ئایینی و نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەیان ساڵە بەدەست پەراوێزخستن و گۆشەگیرییەوە دەناڵێنن، لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئێزدیشەوە دەستیان کرد بە هەنگاونان بەرەو ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری بۆ بەرگریکردن لە ناسنامەکەیان و چەسپاندنی ئامادەیی خۆیان لەسەر بناغە دیموکراتی و کۆمەڵایەتییەکان، لەم چوارچێوەیەدا چەندین دامەزراوە و ڕێکخراو بە نوێنەرایەتی ئێزدییەکان دامەزران، بە هەوڵی پاراستن و بەهێزکردنیان، بەتایبەتی لە بوارەکانی گەنجان، ژنان، کولتوور و پەروەردەدا.
ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی بوونی ئێزدییەکان پێویست بوو و هەرواش دەمێنێتەوە
سوعاد حەسۆ، بەڕێوەبەری یەکێتی ئێزدییەکانی سووریا وتی: سەرەڕای ساڵانێک لە گۆشەگیری و ئاوارەبوون، کۆمەڵگەی ئێزدی توانیویەتی دامەزراوەی سەربەخۆ دابمەزرێنێت و بوونی خۆی لە هەموو کایە کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسییەکاندا جێگیر بکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕێکخستنی کۆمەڵگە بۆ پاراستنی بوونی ئێزدیەکان لە هەوڵەکانی سڕینەوە و وەدەرنانی پێویست بووە و هەرواش پێویستە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتای کۆنگرەیی "ماڵی ئێزدییەکان" دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٨، کە یەکەمین کۆنگرە بە نهێنی بەڕێوەچوو بەهۆی ئەو سەرکوتکردنە توندەی کە ڕژێمی دەسەڵاتداری ئەوکاتە لە دژی کەمینەکان و بەتایبەت ئێزدییەکان کە لە مافەکانیان زەوت کران و تووشی کوشتن و ڕفاندنی سیستماتیک بوون، ژمارەیەک ئێزدی ناوچەی جزیرە بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد، کە سەرەڕای مەترسییە ئاسایشییە بەرچاوەکان تا شەو بەردەوام بوو.
سەبارەت بە قۆناغی دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا وتی: لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا، قۆناغێکی نوێی چالاکی گشتی و ڕێکخراوەیی دەستیپێکرد، ڕوونیشیکردەوە، کۆنگرەی دووەممان بەناوی کۆمەڵەی ئێزدی لە عەفرین ئەنجامدا و ماڵی ئێزیدیمان لە ناوچەی جزیرە دامەزراند، دواتر ناوی کۆمەڵەکەمان گۆڕی بۆ یەکێتی ئێزدی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٦، لێژنەمان بۆ گەنجان، ژنان، و کۆمەڵگە پێکهێنا، دەستمان کرد بە بەڵگەنامەکردنی مێژووی خۆمان و کۆکردنەوەی ئاماری پەیوەندیدار، لە هەمان ساڵدا ناوەندیەکی تایبەت بۆ ژنانی ئێزدی لە عەفرین دامەزرا، لەگەڵ ئامانجی بەهێزکردنی ژنان و پێشکەشکردنی خولی پەروەردەیی و پیشەیی بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگە و پەرەپێدانی لە لایەنە جیاوازەکاندا.
سەبارەت بە ڕۆڵی ئەوان لە شۆڕشدا، جەختی لەوە کردەوە کە شۆڕش هەلێکی ڕاستەقینەیە بۆ ئێزدییەکان بۆ بەشداریکردن لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا، هەروەها بە چەتری ئەودا، کارمان کرد بۆ پەروەردەکردنی خۆمان و بەشداریکردن لە هەموو بوارەکاندا، لە بەرەکانی پێشەوە خواردنمان بۆ شەڕڤانان بە ژن و پیاو ئامادەکرد و وەک کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو کارمان کرد، فەرمانگەی بچووکمان لە گوندەکاندا دامەزراند بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی و وتار و کۆبوونەوەی هۆشیارکردنەوەمان پێشکەش کرد.
کارکردن بۆ پەرەپێدانی ناوەندەکە بۆ ئەوەی هەموو ژنانی ئێزدی بگرێتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاوارەیی نەبووە ڕێگر لەبەردەم کار و گەشەپێدانمان، دوای ئاوارەبوونی زۆرەملێمان لە عەفرین، ڕوومان لە پارێزگای شەهبا کرد، لەوێ بەردەوام بووین لە بونیادنانی دامەزراوەکانمان، پەرەپێدانی ناوەندەکانمان، فراوانکردنی کارەکانمان بەتایبەتی لە بواری ژنان، ناوی یەکێتی ژنانمان لە عەفرین گۆڕی بۆ یەکێتی ژنان لە ڕۆژئاوا، بۆ ئەوەی ژنانی ئێزدی لە سەرانسەری جوگرافیای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بگرێتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٠ یەکێتی ئێزدییەکان لە سووریا دامەزرا، و کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو ئەنجامدرا، دواتر لقێکی یەکێتی لە ئەوروپا دامەزرا، لە ساڵی ٢٠٢٤ کۆنگرەی دووەم ئەنجامدرا، یەکێتییەکەش فراوانکرا و سێ ئەنجومەن لە ئەوروپا و عەفرین و ناوچەی جزیرە لەخۆگرت، یەکێتی دیدێکی ڕوونی هەیە بۆ داهاتوو، کە بریتییە لە یەکخستنی ڕیزەکانی ئێزدی لە ژێر یەک چەتردا و کارکردن بۆ دروستکردنی مەزارگەیەکی ئایینی هێمای هاوشێوەی پەرستگاکە لە ئەرمینیا، بۆ ئەوەی دووپات بکەینەوە کە ئایینەکەمان بەرگە دەگرێت و سەرەڕای هەموو ئاڵەنگارییەکان بەردەوام دەبین،
"ژن ئاوێنەیەکی کولتووری ئێمەیە"
ڕوونیشی کردەوە کە ژنانی ئێزدی ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە پاراستنی ناسنامەی کولتووری و ئایینیمان، ژن ئاوێنەی فەرهەنگی ئێمەیە، لەڕێگەی ئەوانەوە زمان و مێژووی خۆمان پاراستووە، ئێمە خولی پەروەردەی بەردەواممان هەیە بۆ ژنان و گەنجان و لیژنە ڕۆشنبیرییەکان، هەروەها فێری منداڵانی کوردی و ئینگلیزی دەکەین، ئێمە میراس و گۆرانی و هونەر دەچێنین، چونکە ئەوان نەوەی داهاتوون.
بەڕۆشنایی هەڕەشە بەردەوامەکان بۆ سەر کەمینەکان و پێکهاتە جۆراوجۆرەکان لە سووریا، سوعاد حسۆ پێیوایە کە ڕێکخستن تاکە ڕێگایە بۆ مانەوە، وتی: لە عەفرین بینیمان چۆن پەرستگاکانمان وێران بوون و هەوڵی سڕینەوەی کولتوورەکەمان درا، کریستیانییەکان و عەلەوییەکانیش کرانە ئامانج، بەڵام لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا توانیمان لە ڕێگەی خۆڕاگری و یەکڕیزییەوە خۆمان بپارێزین، سەرەڕای هەموو هێرشەکانی تورکیا کە ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانی کردە ئامانج بۆ ماوەی جیاواز، ئاسایش و سەقامگیرییان تێکدا.
سوعاد حەسۆ لە کۆتایی قسەکانی ڕوونیکردەوە، ئەزموونی ئێزدیەکان لە سووریا بەڵگەیەکی زیندووە کە ڕێکخستن، باوەڕ بە ناسنامە و بەهێزکردنی ژنان ئامرازێکی کاریگەرن لە بەرامبەر هەموو هەوڵەکانی جینۆساید و نکۆڵی، سەرەڕای ئاوارەبوون و بۆردوومانکردن و شەڕ، ئەم پێکهاتە ڕەسەنەی گەلی سووریا بە چەقبەستوو و یەکگرتوو دەمێنێتەوە و کار بۆ داهاتوویەکی دادپەروەرتر و گشتگیرتر دەکات.