لە کاتێکدا کەشوهەواو فشارە بەڕێوبەڕیەکان زیاتر دەبن دۆخی ئاوی کابول تێکدەچێت
کابول بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و چڕی زۆری دانیشتوان و نەبوونی ژێرخانی بنەڕەتییەوە ڕووبەڕووی قەیرانی کەمی ئاو دەبێتەوە، قەیرانێک کە دانیشتوانی کەم داهات ناچار دەکات بۆ چەند کاتژمێرێک لە ڕیزدا بوەستن بۆ بەدەستهێنانی چەند دڵۆپێکۆ ئاو.
بەهاران لەهیب
کابول- ئازارەکانی ژنان لە ئەفغانستان زیاتر دەبێت بەهۆی خراپتربوونی قەیرانی ئاوەوە کە کاریگەرییان لەسەر شار و گوندەکان هەیە، ژنان قورسایی دەستەبەرکردنی ئاو بۆ خێزانەکانیان لە ئەستۆ دەگرن لە کاتێکدا کەمیی زۆری سەرچاوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، دەستڕاگەیشتن بە ئاو دەکاتە ئەرکێکی قورس کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مانەوەییان و خێزانەکانیانەوە هەیە.
زستانی ڕابردوو، ناوچە ساردەکانی ئەفغانستان نزیکەی هیچ بەفرێکیان نەبووە، لە کاتێکدا ئاسمانی سەر شارە گەورەکان بە تەم و هەوای پیس ماوەتەوە، بارودۆخێک کە خەڵکی ناوچەکە بە "خشکەخنک" پێناسەی دەکەن، واتە کەشوهەوای سارد و دوور لە شێ یان بارانبارین. هاوکات بارانبارینی لەناکاو گۆڕا بۆ لافاوێکی وێرانکەر کە زەوییە کشتوکاڵییەکانی بردەوە، ئەمەش دیمەنی ژینگەیی نێوان کەمی باران و بارانبارینی بەخوڕ زیاتر ئاڵۆزتر کرد.
لە کاتێکدا، زۆربەی پارێزگاکانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو دەبنەوە، بەڵام دۆخی کابول جیاوازە بەهۆی زیادبوونی خێرای دانیشتوان و فراوانبوونی بیناسازی و زیادبوونی فشار لەسەر سەرچاوەکانی ئاو، هەروەها کابول شوێنی زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکەیە، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێڕوانینەی کە هەلی کار و خزمەتگوزارییەکان لەوێ بە ئاسانی بەردەستن وەک لە شوێنەکانی دیکە.
دروستکردنی تاوەری نیشتەجێبوونی ناستاندارد لە ناوەڕاستی گەڕەکە نیشتەجێبوونەکاندا، بە وتەی دانیشتوان، قەیرانی ئاوی گەورەتر کردووە، لە هەندێک ناوچەش کەم ئاوی بووەتە هۆی پێکدادان لەنێوان دانیشتواندا.
لە کاتێکدا قەیرانی ئاو لە ئەفغانستان شتێکی نوێ نییە، هاوڵاتیان جەخت لەوە دەکەنەوە،کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا نەیانتوانیوە چارەسەرێکی ڕیشەیی و بەردەوام بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە، ئەمڕۆ تاڵیبان کە گروپێکە بەرپرسە لە پێشێلکاری بەربڵاوی مافی مرۆڤ، بە خێرایی پڕۆژەی ڕێگاوبان و ئۆڤەرپاس و تونێل لە کابول و هەندێک لە پارێزگاکانی دیکە جێبەجێ دەکات، بەشێک لە دانیشتووان پێیان وایە کە گرنگیدان بەم پڕۆژانە کێشە زەقترەکانی وەک هەژاری، بێکاری، چەوساندنەوەی ژنان، کەمی ئاو و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و سووتەمەنی تەمومژاوی دەکات.

نەفیسە حەسەن لە نزیک بەلۆعەکانی ئاوەوە وەستاوە و ڕوونیکردەوە، کە خێزانەکەی لە خانوویەکی بچووکدا دەژین و چێشتخانەیەکی تێدا نییە، حەوشەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ چەند دراوسێیەکدا هەیە، ئەمەش کەمیی ئاوەکە زیاتر دەکات، وتی: زۆربەی ڕۆژەکەی بە جوڵەکردن لە نێوان ماڵی دراوسێکانیدا بەسەر دەبات کە بیریان هەیە، لەکاتێکدا بەلوعەکان تەنها یەکجار لە ڕۆژێکدا ئاو دابین دەکات، ئەمەش ناچاریان دەکات بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێ بکەن بۆ ئەوەی ئاوی پێویست هەڵبگرن کە چەند ڕۆژێک بخایەنێت.
سەبارەت بەو گفتوگۆیە ڕۆژانەیەی لەسەر ئاو ڕوودەدەن، وتی: کە گرژی بووەتە بەشێک لە ژیانیان، ناکۆکی زۆرە و زۆرجار سەتڵەکان ووندەبن یان دەشکێن، بەڵام بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان و دوورکەوتنەوە لە تینوێتی ناچارن بەرگەی بگرن.
نەفیسە حەسەن وتی: ڕەوشی دارایی بەرەو خراپتر دەڕوات، زستانی ڕابردوو دوای ئەوەی کەوتن قاچی شکاوە و لەلایەن پزیشکێکی نەریتی ئێسکبڕەوە چارەسەری بۆ کراوە، بەمەش پشتی بە گۆچان بەستووە بۆ جووڵە.
نەفیسە حەسەن لەگەڵ کچە تاقانەکەی دەژی، دوای ئەوەی هاوژینی کچەکەی هەفتەیەک پێش ئەوەی تاڵیبان وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ بکەن، لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە کوژرا، کچەکەی دایکی چوار منداڵە، هەر بۆیە نەفیسە حەسەن و کچەکەی بەرپرسیارێتی پشتگیریکردنی تەواوی خێزانەکەیان لە ئەستۆدایە لە بارودۆخێکی ئابووری خنکێنەردا کە ئەرکەکە نزیکە لە ئەستەمە.