"ناگیهان ئاکارسەل جیاوازی لە نێوان ژنانی هیچ لایەنێکدا نەدەکرد"

ژنانی باشووری کوردستان، کە لە ماوەی سێ ساڵ خەباتی ناگیهان ئاکارسەل لە باشووردا پێکەوە کاریان کردووە، باس لە کاریگەرییەکانی ئەو ژنە پێشەنگە لەسەر ژیانیان دەکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ناگیهان ئاکارسەل، ڕۆژنامەنووس، نووسەر و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، لە ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ لە باشووری کوردستان کار و خەباتی بۆ ناساندنی ژنۆلۆژی و بیری ئازادی و تێکۆشانی ژنان لەناو ژنانی باشووری کوردستاندا دەکرد، وەک خۆیان باس دەکەن، ئەو ژنانەی لە ماوەی سێ ساڵ کارکردنی ناگیهان ئاکارسەلدا کاریان پێکەوە کردووە هەمیشە کاریگەری ناگیهان ئاکارسەلیان لەسەر بووە و لێیەوە فێری چۆن ژیان و ئازادی و تێکۆشان بوون.

 

ناگیهان ئاکارسەل، ناسراو بە زیلان، کە لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورک و بە هاوکاری سیخوڕی ناوخۆیی تیرۆر کرا، لەگەڵ زۆرێک لە ژناندا چاوپێکەوتن و دانیشتنی هەبووە، دوو لەو ژنانەش ئاڵا کەمال و کەوسەر حەسەن بوون، کە لەم دیمانەیەدا باس لە ناگیهان ئاکارسەل و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانیان دەکەن.

 

ئاڵا کەمال، داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، باس لە شەهید ناگیهان ئاکارسەل دەکات، کە سەرکردەیەکی ڕێگای بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان بوو، لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا چەندین ژن پەروەردە دەکات و دەڵێت: ناگیهان ئاکارسەل، ئامانجی پێگەیاندنی ژنان لەسەر بنەماکانی ژنۆلۆژی بوو، پەروەردە بینینم لەسەر دەستی شەهید ناگیهان خودناسی و زانستی ژنۆلۆژی فێرکردم، لە بەشداریکردنماندا فێری ئەوەبووین، بتوانین ژنبوونمان بکەینە سیمبولێک بۆ داکۆکیکردن لە نەتەوەکەمان و ژنبوونی خۆمان بسەلمێنین، ژنۆلۆژی بۆ چەندین ژن بووە خودناسێک کە تا ئەو کاتەی پەروەردەمان بینی نەماندەزانی ئێمەی ژنان ئەرک و بەرپرسیاریمان چی دەبێت لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا، ئێمە بە نزیکەی ١٥ ژن دەبووین لەسەر دەستی ناگیهان بەشداری پەروەردەمان بینی، لە ئەنجامی دڵسۆزی و میهرەبانییەکەیدا ئێمەی بە باشترین شێوە تێدەگەیاند، هاوڕێیەتی شەهید ناگیهان چەندین وانەی بە ژیانمان بەخشی، جگە لە وانەی ژنۆلۆژی، لێوەی فێری ئارامگرتن و پەیوەستبوونمان بە کاتەوە بووم، نمونەیەک لە کردارەکانی شەهید زیلان پێی سەرسام دەبووم، کاتێک بۆ پەروەردەی ژنۆلۆژی سەردانی خولەکەمان دەکرد، پێش ئێمە لە خولەکە دەبوو، دەیوت من بۆ پێشوازیکردن لە ئێوە زووتر ئامادە دەبم.

 

ئەو خوێندکارەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل، باسی لەوە کرد، خوێندکارەکانی شەهید ناگیهان لە چەندین کایە و حزبە سیاسییە جیاوازەکان پێکهاتبوون، وتیشی: سەرەڕای ئەوەی کەسێکی سیاسەتمەدار و خەباتگێڕ بوو، هەریەک لە خوێندکارەکانی لە لایەنێکی جیاوازی سیاسەتەوە هاتبوون، بەڵام هیچکات لەبارەی کایە سیاسییەکانی ئێمەوە مشتومڕی لەگەڵدا نەدەکردین، بەردەوام لەوە ئاگاداری دەکردینەوە ژنان لە هەر جێگایەکی سیاسەتدا بن، دەبێت لە زانستی ژنۆلۆژی ئاگاداربن، وەرگرتنی زانستی ژنۆلۆژی لەسەر دەستی شەهید ناگیهان ئێمەی فێری گەیاندنی پەیامی ژنۆلۆژی بە تەواوی ژنانی جیهان کرد، لە دوای تەواوبوونی خولەکەمان دەمانویست چەندین پەروەردەی دیکە بکاتەوە و سەردانی بکەین، ئەگەرچی شەهیدبوونی مەودای جارێکی دیکە بەشداری کردنەوەی نەداین، بەڵام ئێمەی ژنان بەردەوام دەبین لە گەیاندنی زانستی ژنۆلۆژی بە ژنانی دەوروبەرمان.

 

"شەهید ناگیهان ئاکارسەل فێری کردین ئێمەی ژن نەبێت ژیانێک بوونی نابێت"

ئاڵا کەمال، ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان پەروەردەی دەستی شەهید ناگیهانن بۆیە وەک ڕێز و وەفایەک بەردەوام زانستی ژنۆلۆژی بە ژنانی دیکەدا بڵاودەکەنەوە، دەشڵێت: کاتێک شەهید ناگیهان بە ئامانج گیرا، بەڵێنمدا ئامانجەکەی لەلایەن خۆمەوە بهێنمەدی، بە وتنەوەی وانەی زانستی ژنۆلۆژی یادی شەهید زیلانم هەمیشە لە دڵمدا بەرز ڕادەگرت، شەهید زیلان لە هەموو پیرۆزیەکانی دنیا بۆ من پیرۆزترە، چونکە هیچ یەکێک لە پیرۆزیەکان وەک زانستی ژنۆلۆژی فێری ژیانکردنی نەکردم، شەهید زیلان بە زانستی ژنۆلۆۆژی فێری کردین کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە زانستی ژنەوە بەستراوەتەوە، شەهید ناگیهان ئاکارسەل لە پەروەردەکانیدا هەمیشە دەیوت، "ئێمەی ژن نەبین، بوون نابێت"، ئێمەی ژنانی چالاکوان لە ڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەشداری زۆرێک لە خولەکانی پێگەیاندنمان کردووە، بەڵام جیاوازی لە نێوان میکانیزمی گەیاندنی ئامانجەکان لە نێوان مامۆستاکاندا جیاوازی هەبووە، میکانیزمی کارکردنی ئەو زۆر جیاواز بوو لە مامۆستاکانی دیکە، کاتێک وانەیەکمان پێ دووبارە دەکردەوە جار بە جار بە ڕوویەکی خۆشەوە بۆی دووبارە دەکردینەوە، هەروەها ئێمەی خوێندکارانی ئەرکدار کرد لە گەیاندنی زانستی ژنۆلۆژی کە ئەمەش جیاوازیەکی گەورەیە لە نێوان شەهید ناگیهان و مامۆستاکانی دیکەدا، ئاماژەمان بەوەدا کاتی گەیاندنی زانستی ژنۆلۆژی هەموکات مامۆستا ناگیهان بە نمونە بهێنینەوە.

 

ئەو چالاکوانە لە کۆتاییدا باسی لەوەشکرد، ناگیهان ئێمەی بە ژنانی پێشەنگی سەردەمە تاریکەکان ناساند و وتی: ئێمەی بۆ ژنانی پێشەنگ و ئازای چەند سەدەیەک پێش ئێستا بردەوە، من ئاگاداری ئەو ژنە پێشەنگانەی سەردەمی تاریکی نەبووم، شەهید زیلان بەردەوام ئاشنای ژنە تێکۆشەرەکانی دەکردین، پەروەردەی شەهید زیلان بە ئێمەی وت زانستی ژنۆلۆژی پێویستی بە بڵاوکردنەوەی زیاتر هەیە، بۆیە لە دوای پەروەردەکەمان پێشنیاری ئەوەم دەکرد، زانستی ژنۆلۆژی بکرێتە مەنهەجێک لە خوێندنی باڵا وەک وانەکانی دیکە بوترێتەوە، بە هۆکاری ئەوەی هەتا زانستی ژنۆلۆژی نەناسین، ناتوانین دەنگی ژنان بۆ داواکردنی مافەکانیان بڵند بکەین، تێڕوانینی کۆمەڵگە ڕێڕەوی کۆمەڵگە دەگۆڕێت، ئەو دابەشبوونەی کۆمەڵگە ناومان ناوە جەندەر وەک پێویست خزمەت بە کۆمەڵگەکەمان ناکات، ژنۆلۆژی ئێمەی بەرەو ناساندنی حەقیقەتی ژن بوون برد، ئێمەی فێری ناساندنی ژن کرد بۆ کۆمەڵگەکەمان، نەک تەنها لەسەر پێوەری کۆمەڵایەتی ژن بناسین.

 

"ئەو دەیزانی چۆن پەیامەکانی بگەیەنێتە ئێمەی ژنان"

کەوسەر حەسەن، چالاکوانی بواری ژنان، باس لە ئاشنابوونی بە شەهید ناگیهان ئاکارسەل و ژنۆلۆژی دەکات، کە بە کەسایەتییەکەی دەریخست دەتوانێت ژنۆلۆژی بە باشترین شێواز بگەیەنێتە گوێکانیان، دەشڵێت: لە کاتی وانە وتنەوەدا دەیزانی پەیامەکە بگەیەنێتە ئێمەی ژنان، تەنها خۆی قسەکەر نەدەبوو، بەڵکو بەردەوام گفتوگۆمان دەکرد، لە هەگبەی شەهید ناگیهاندا زۆرێک لە زانیارییەکان بەرامبەر ژنان هەبوو، ئێمەی تێر دەکرد لە زانستەکانی ژنۆلۆژی، بەشێک لە زاناکان یان مامۆستایان ئەو زانیارییەی هەیانە بە کەسانی دیکەی ناگەیەنن، بەڵام ئەو ئەوەی لە هەگبەیدا هەبوو دەیگەیاندە ژنان، تا بتوانن لەسەر ڕێبازی ژنۆلۆژی ژیانی ژنان بەرەو حەقیقەتی ژنبوون بڕوات، کردەوەکانی ناگیهان ئێمەی دڵخۆش و ئاسودە دەکرد، بەردەوام کەسێکی ڕووخۆش و دەم بە خەندە بوو لەگەڵماندا، لە کاتی پشووەکانماندا گفتوگۆی ژنبوونی خۆمانی لەگەڵ دەکردین، بەردەوام وەک هاوڕێیەک وانەی پێ دەوتینەوە.

 

کەوسەر حەسەن ئاماژەی بەوەدا، شەهید ناگیهان ئاکارسەل مێشک و ژیانی ئەوانی بەرامبەر ژن بوون پڕ زانیاری دەکرد، لە کۆتایدا وتی: بەداخەوە مەرگ مەودای دووبارە وانە وتنەوەیەکی بۆ ئێمە نەهێشتەوە، ئەو بەردەوام هەوڵی دەدا زانیارییەکانی ژنۆلۆژی بەسەر ژناندا ببەخشێتەوە، پێی دەوتین کاتێک لەگەڵ هاوڕێکانتان یان لە شوێنی کارەکەتاندان دەتوانن زانیارییەکانی ژنۆلۆژی بگەیەنە ژنانی دیکە، ئەم هەڵوێسستەی ناگیهان منی دڵخۆش دەکرد، ئامانجی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بوو بەرامبەر ژنان، دەیویست ژنان لە ژنبوونێکی پیاوسالاریدا نەمێنێتەوە، لە کۆتاییدا نەک تەنها زانیارییەکانی زانستی ژنۆلۆژی بەخشی، بەڵکو لە پێناوی ئازادبوونی ژنانیشدا گیانی خۆشی بەخشی.