چالاکوانێک: بە سوڵحی عەشایەری تاوانبار ئازاد دەکرێت

نیشتمان عیزەت، چالاکوان دەڵێت: هەر کاتێک ژنێک دەکوژرێت، مافێکی لێ زەوت دەکەیت، کە مافی ژیانکردنە و پێویستە خۆی خاوەندارێتی بکات.

بانە ڕۆز

 

سلێمانی- کولتووری پیاوسالاری کولتوورێکی هەرەسهێن و ژنکوژە، ژنانیش لەو کۆمەڵگەیانەی هێشتا کولتووری پیاوسالاری وەک هەورێکی ڕەش باڵی بەسەریاندا گرتووە، هەمیشە لە ململانێی خاوەندارێتی کردنی ئازادی و ژیانی خۆیاندان و دووچاری توندوتیژی جەستەیی و سێکسی و ژیانی و دەروونی دەبنەوە.

 

لە ماوەی پێشوودا، لەلایەن پیاوانی خێزانەکەیەوە، ژنێکی نۆزدە ساڵانە بە ناوی فەیروز ئازاد، کە لە شاری هەولێر لە باشووری کوردستان مافی ژیانکردنی لێ سەندرایەوە، ئەمەش دوابەدوای ئازاد بوونی ئەو تۆمەتبارانە بوو کە چەند مانگێک بەر لە کوژرانی فەیروز، بە تۆمەتی دەستدرێژی و فڕێدانە خوارەوەی فەیروز لە باڵەخانەکانی ئیسکان دەستگیر کرابوون، فەیروز ئازاد لە دوای ڕووداوەکەی باڵەخانەی ئیسکان لە لێدوانەکانیدا وتی: یەکێکیان دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەرم و ناچاری کردووم ڕازی ببم بەوەی هاوڕێکەشی هەمان تاوانم لەگەڵ ئەنجام بدات، بەڵام کاتێک بەرەنگاریەکەم توندتر بووە و ڕێگام نەداوە، لە بالکۆنەکەوە فڕێیانداومەتە خوارەوە. دایکیشی ئاماژەی بەوەدا، کە نامە لە نێوانیاندا گۆڕدراوەتەوە پێش یەکتر بینینەکەیان و دوو بۆ سێ کاتژمێر هەوڵیان داوە و فشاریان لە فەیروز کردووە تا ڕازی ببێت و لەگەڵیاندا بڕوات.

 

نیشتمان عیزەت، چالاکوانی مەدەنی و بواری ژنان لەو بارەیەوە وتی: کۆمەڵگەی ئێمە پابەندە بە کولتوورەوە، کولتووری ئێمەش ژن بە شەرەف دەبینێت، ڕێگری دەکرێت لە تێکەڵاو بوونی دوو ڕەگەزەکە و کاتێک نزیکایەتیەک ڕوودەدات، بارودۆخەکە زیاتر لە پێویستی خۆی چڕ دەکرێتەوە و دەکرێتە کێشە.

 

"ئەو وڵاتەی هەژاری و بێکاری تیایدا بەرزە، ڕێژەی ژنکوژی زیاترە"

نیشتمان عیزەت، ڕوونی کردەوە، کە ئەو وڵاتانەی ڕێژەی هەژاری و بێکاری تیایدا زیاترە، کێشەی کۆمەڵایەتی زیاتریشی هەیە و هەموو سێکتەرەکانی شێواو و ناڕێکن، دادگا و ناوەندە یاساییەکانیش هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەن، ئازادکرنیش گەر بە سوڵح بکرێت ئەوا دادگاش بەشدارە لە کوژرانی ژناندا، بۆیە ئەرکی دادگاکانە کە لە کەیسەکان ورد ببنەوە و تاوانبار بە سزای خۆی بگەیەنن.

 

"ڕەها کردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی پاڵنەرێکە"

نیشتمان عیزەت، باسی لەوەشکرد کە هەرزان کردن و ڕەها کردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی پاڵنەرە بۆ زیاتر تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگە، کاتێک هیچ سانسۆڕێک نیە، بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بە لا ڕێدا دەڕۆن و چاو لەو کەسایەتیانە دەکەن کە تاوانی لەم جۆرە ئەنجام دەدەن و دواتریش بە بڕێک پارە ئازاد دەبن. میدیاش زمانحاڵی نەتەوەیە، بۆیە دەبێت گرنگیەکی زۆر بە ڕاگەیاندنکارەکان بدرێت و پێشبخرێن تا بتوانن کۆمەڵگە و تاک لەم گرفتانە هۆشدار بکەنەوە.

 

"کوشتنی ژنان، دەرچوونە لە بەها ئەخلاقیەکان"

نیشتمان عیزەت، وتی: هەرکاتێک ژنێک دەکوژرێت، مافێکی لێ زەوت دەکەیت، کە مافی ژیانکردنە و پێویستە خۆی خاوەندارێتی بکات، هیچ شتێک نیە لە ژیانی مرۆڤدا کە شایەن بە تاوانی کوشتن بێت، چونکە کوشتن کۆتاییە و ستەمێکی گەورەیە، کاتێکیش کە کچەکانتان هەڵەیەک دەکەن، فشارێکی زۆری بۆ مەهێنن، بەڵكو لەگەڵیاندا دابنیشن و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن، تا ناچار نەبن هانا بۆ شوێنی ناپارێزراو بەرن لە دەرەوە و دووچاری ڕووداوی نەخوازراو و کوشتن ببنەوە.