"پیاوان بۆ بەرژەوەندی ماددی ژنان بەکاردەهێنن و دەستدرێژی دەکەنە سەریان"

لە ڕابردوودا چینێکی ستەم لێکراو و نەخوێندەوار پەنای بردبێتە بەر نوشتە و دوعا کردن، بەڵام ئێستا لە زۆر ئاست و ژینگەی جیاوازدا تاکەکان پەنا بۆ ئەو کارە دەبەن، چالاکوانێکیش دەڵێت: ژنان بەو ناوەوە دەستدرێژیان دەکرێتە سەر.

سلێمانی

 

بەو دواییانە، لە هەرێمی کوردستاندا نوشتە و جادوو کردن ڕووی لە زیادبوونە، بە جۆرێک کە لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردەیەکی زۆر بەرچاو و لە پێگەی جیاواز جیاوازەوە بۆ هۆکاری جۆراوجۆر پەنای بۆ دەبرێت، بە ئاشکرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕیکلامی بۆ دەکرێت و چەندین کەسیش کە دوعا و نوشە دەکەن و بەو ناوەوە دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان و هەڕەشەیان لێدەکەن، دەستگیرکراون.

 

"پەنا بردنە بەر نوشتە و نزا/دوعا کردن لاوازی مرۆڤەکەیە"

گەشاو عەبدولقادر، چالاکوان و ئەندامی دەستەی گەشەپێدانی مرۆیی، باسی لەوەکرد، کە لە ڕابردوودا چینێکی ستەملێکراو و نەخوێندەوار پەنای بردبێتە بەر نوشتە و دوعا کردن، بەڵام ئێستا لە زۆر ئاست و ژینگەی ژیاوازدا تاکەکان پەنایان بردووەتە بەر ئەو کارە، وتیشی: پەنا بردنە بەر نوشتە کردن لاوازی کەسەکەیە، لەوانەشە وابزانین کە تەنها ژنان ئەم کارە دەکەن، بەڵام ئێستا وای لێ هاتووە پیاوانیش هەمان کار دەکەن. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێستا کەسەکان ئاستی ڕازیبوونیان کەمە، کۆمەڵێک بنەمای خێزانی و هاوڕێیەتی و سۆزداری هەبوو کە پەیوەندیەکانی لەسەر بنیاد دەنرا و ئێستا تاک لەوانە دوورە. هۆکارێکی تر ئەوەیە کە لێبووردەیی نەماوە و بۆ گەڕانەوە شتە لەدەستچووەکان نوشتە وەک تاکە چارەسەر تەماشا دەکرێت، یانیش بەرچاوترینیان کە بۆ تێکدانی خێزانێکی ترە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژەی بەوە کرد کە قورسی ژیان و ئاڵۆزبوونی، هاتنە کایەی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سەرلێشێوانێکی لە پەروەردە خێزانیەکاندا دروست کردووە، کۆمەڵێک بەهای جوانی کۆمەڵایەتی هەیە لەناو تاکەکاندا نەماوە، وتیشی: ئاستی ڕۆشنبیری کەسەکە زۆر ڕۆڵ دەگێڕێت لە ڕێگری کردن لە پەنا بردن بۆ نوشتە کردن، بەڵام مەرجیش نیە کە ئەم ئاستی ڕۆشنبیریە وابەستە بێت بە بڕوانامەی زانستیەوە، لەم لایەنەوە چەنەها کەس هەیە کە خوێندنیشیان تەواو نەکردووە و بەڵام توانایی مێشکیان ئەوەندە بەرزە نەکەونە ژێر کاریگەری کۆمەڵێک درۆوە. بۆیە پەروەردەی تاک پاڵنەری سەرەکیە بۆ هەبوون و نەبوونی بنەما کۆمەڵایەتی و هۆشداریە گرنگەکان، پاشان کۆمەڵگا لە شێواندن و تێکچوونی پەیوەندیەک یەکێکە لە هۆکارەکان، لەبەرچاویشمان بێت کە سیستم و دەسەڵاتیش دەکرێت بە چەنەها جۆر هۆکار و پاڵنەر بێت، چونکە ژن ئێستا بە شێوەیەکی تر چەوسێنراوەتەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم چەوساندنەوەیە بەرەو دنیایەکی خەیاڵی ڕادەکات کە پڕە لە نوشتە و دوعا کردن و خۆدزینەوە لە ڕاستیەکان.

 

"دەبێت منداڵ وا فێر بکرێت کە ڕاستی بین بێت"

گەشاو عەبدولقادر، لە بارەی پەروەردەی خێزانەوە دەڵێت: ئەوەی کاریگەری هەیە لە سەر خۆشگوزەرانی و لەسەر تێکدانی کۆمەڵگاش هەر پەروەردەی خێزانە، پێویستە کار لەسەر پەروەردە بکرێت، بە تایبەتیش کە یەکەم ژینگە بۆ منداڵ ژینگەی خێزانە، ٦ ساڵی یەکەم زۆر گرنگە بۆ پەروەردەی منداڵ چونکە منداڵ زۆر وریایە  و ئاگای لە هەموو جوڵەکانی چواردەوریەتی، بۆیە لەو ٦ ساڵەدا پێویستە ئەو منداڵە وا فێربکرێت کە شتەکانی لە ڕاستیدا ببینێتەوە و ڕاستی بین بێت، وە هەستی بەرپرسیارێتی لەلا دروست ببێت و بڕوای بە تەواوی تواناکانی خۆی هەبێت، لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت و بۆ دەستکەوتنی هیچ کارێک پەنا نەبات بۆ نوشتەکردن. دوورخستنەوەی کێشە خێزانیەکان لە منداڵ و هاندانیان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و گوێگرتنیان واتا کە تۆ نرخێک بۆ ئەم منداڵە دادەنێیت، وا دەکات ئەم منداڵە هەستی متمانە بە خۆ بوونی بۆ دروست ببێت.

 

"پیاوان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ژنان بەکار دەهێنن"

گەشاو عەبدولقادر، پێی وایە کە  پیاوان لە ڕێگای بەکارهێنانی سۆزی ژنەوە ڕێگا بۆ خۆیان خۆش دەکەن کە سودی ماددی وەربگرن یاخود دەستدرێژیان دەخەنە سەر بە بیانووی چارەسەرکردنی کێشەکانیانەوە، بۆیە زۆر گرنگە کە ژنان ئاستی هۆشداریان ئەوەندە بەرز بێت نەکەونە ئەم جۆرە تەڵانەوە. ژنان کاریگەریان هەیە لەسەر دۆخی چەقبەستوویی و دەرچوون لێی، خوێندنەوە و بەدواداچوونی بابەتەکان و خۆ وشیارکردنەوە زۆر گرنگە.

 

لە کۆتایدا ئەوەشی خستە ڕوو، کە یاسا و دەسەڵاتیش کەمتەرخەم بووە لە ئاست ڕێگریکردن و وەستاندنی ئەم دیاردەیە، هەندێک جار گەر گەنجێک هەڵەیەک بکات ڕاستەوخۆ لە بەرامبەریدا دەوەستنەوە، بەڵام پیاوێک کە هەڵدەستێت بە تەرخان کردنی خانوویەک و مەودایەکی ئاشکرا بۆ کردنی ئەم کارە، دەستگیر ناکرێت. ئەمەش مەبەستێکی سیاسی لە پشتەوەیە کە تاکەکان سەرقاڵ بن بەم کۆمەڵە کردە نەرێنیە و فریای ئەو بابەتە ژیریانە نەکەون کە دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم دەسەڵاتدا، لە هەمان کاتدا خەڵکیش دەبێت دەستی لەم ڕێگریکردنە هەبێت، واتا کاتێک لە گەڕەکێکدا دراوسێکان تێبینی دەکەن کە هاتووچۆیەکی زۆر هەیە و دڵنیا دەبنەوە کە بینایەک هەیە بۆ کاری نوشتە و جادوو بەکار دەهێنرێت خۆیان خاوەن هەڵوێست بن و ڕێگای پێ نەدەن.