بینایی جەلال: منداڵان بە پزیشک مەترسێنن

مامەڵەی خێزان و پزیشکان لەگەڵ منداڵاندا کاریگەری هەیە لەسەر منداڵان، ڕەنگە ئەو منداڵە بەهۆی مامەڵەیەکی نا دروستەوە ترسی بۆ پزیشک دروست ببێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ترس لە دڵی منداڵاندا لە تەمەنێکی منداڵییەوە دروست دەبێت، ئەمەش چەندین هۆکاری لە پشتەوەیە، ڕەنگە ترسەکە ببێتە نەخۆشیەک لەو منداڵەدا، یەکێک لەو هۆکارانەی منداڵ ترسی لالە دروست دەبێت بەتایبەت بەرامبەر بە پزیشک و کەرەستە پزیشکییەکان، خێزانەکانن، تا ئێستاش دایک و باوک بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بەقسەیان بکەن دەستەواژەی ترساندنیان بەرامبەر بەکاردەهێنن وەک 'با پزیشک بۆ بانگ نەکەین، بخەوە با پزیشکەکە نەیەت بۆت و چەندینی دیکە'، ئەمەش یەکێکە لە ڕێگا باوەکانی ناو خێزانەکان، بۆیە تا ئێستاش منداڵان لە پزیشک دەترسن.

 

"مامەڵەی نا دروستی خێزانەکان وا لە منداڵ دەکات ترسیان بۆ پزیشک هەبێت"

بینایی جەلال کەریم، پزیشکی ڕاهێندراوی ددان، دەربارەی ترسی منداڵ لە پزیشک ڕوونیکردەوە، بە گشتی منداڵان کاتێک دەچنە شونێکی تازە ئاشنا نین بەو شوێنە و لەوانەیە ترسێک لایان دروست ببێت و ببێتە هۆکار بۆ دروستبوونی ترس لە ناخیاندا، هەندێک کات تەمەنی منداڵەکە کەمە و ناتوانێت بەرکەوتنی بە کەسانی بێگانە هەبێت بۆیە دووبارە ترس لە ناخیدا دروست دەبێت.

 

هەروەها ئەو پزیشکە باسی لەوەکرد، سەرچاوی ترسی منداڵ لە پزیشک هەندێک کات دەگەڕێتەوە بۆ خێزانەکان، چونکە خێزانەکان لە بەرامبەر هەڵەی منداڵەکانیان دەڵێن کە بانگی پزیشکتان بۆ دەکەین با دەرزیتان لێبات یاخود هەندێک کات وەک سزایەک و چاوترساندنێک ئەو شتە دەکەن، لە کاتێکدا ئەوە مامەڵەیەکی هەڵەیە و وا لە منداڵ دەکات ترسی بەرامبەر بە پزیشک هەبێت.

 

"مامەڵەی پزیشک لەگەڵ منداڵان دەبێت مامەڵەیەکی گونجاو بێت"

دەربارەی ئەو منداڵانەی ڕۆژانە سەردانی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ددانیان و ترسیان هەیە ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک لەو منداڵانە بەهۆی ئەوەی ئازاریان هەیە و ترسیان هەیە لە کاتی چارەسەرکردنیدا ئازاری زیاتریان توش ببێت بۆیە دەترسن لە پزیشک، دەڵێت "هەندێک کات بۆیە منداڵ هێندە لە پزیشک دەترسێت چونکە ئەگەر هەیە پێشووتر چوبێتە لای پزیشکێکی دیکە و ئازاری دابێت، لە مێشیکدا ئازاردانەکە مابێتەوە و بەردەوام لێی بترسێت".

 

باس لە هەندێک حاڵەتی دیکەی کرد لەوانە گوێبیستبوونی پزیشک بە شێوازێکی ترسناک لەلایەن منداڵانی هاوتەمەنی خۆیەوە، بە گرنگی زانی دایک و باوک پزیشکێک هەڵبژێرێت بۆ منداڵەکەی تەواو گرنگی بدات باو منداڵە، بە جۆرێک مامەڵە بکات منداڵەکە نەترسێت، یاخود پزیشکەکە تایبەت بێت بە پزیشکی منداڵان.

 

سیستمی پەروەردە دەتوانێت پیشە جیاوازەکان ئاشنای منداڵان بکات

لە درێژەی قسەکانیدا بینایی جەلال باسی لەوەکرد زۆرینەی پزیشکەکان بە جۆرێک ڕاهێندراون کە مامەڵەیەکی تایبەت بکەن لەگەڵ نەخۆشدا، ئەگەر نەخۆشەکە منداڵێک بێت بێگوومان دەبێت زیاتر وریاتر بن، جگە لە مامەڵەی پزیشکەکان لەگەڵ نەخۆشەکاندا هۆشیاری خێزانەکانیشی بە پێویست زانی و وتی "دەبێت دایک و باوک هێندە هۆشیار بن بە بەردەوامی منداڵەکانیان ببەن بۆ پشکنین نەک بەتەنها کاتی ئازار و نەخۆشی بۆ ئەوەی منداڵەکە هەست نەکات پزیشک بەس بۆ کاتی ئازارە".

 

بۆ کەمکردنەوەی ترسی منداڵان لە پزیشک بینایی جەلال چەندین ڕێگای خستە ڕوو لەوانە، خستنە نێو پڕۆگرامی خوێندن وەک چالاکییەک منداڵان ئەنجامی بدەن، خۆیان بکەن بە پزیشک بۆ ئەوەی منداڵەکە لە پزیشک نەترسێو ئاسایی ببێتەوە لەلای، بە پێویستی دەزانێت خێزان بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن و وایان لێبکەن هەست بە گرنگی جەستەی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی لە بوونی ئازارێک خۆیان داوای چارەسەری بکەن، جگە لەوەش خێزانەکان بە شێوازێکی کتوپڕ منداڵەکانیان نەبەنە لای پزیشک، لە کۆتایدا ئەو پزیشکە داوا لە دایک و باوکان دەکات چیتر منداڵەکانیان بە پزیشک نەترسێنن.