منداڵی نەبەکام لە غەززە بە بەردەوامی ڕەوانەی نەخۆشخانە و وڵاتان دەکرێت
چیرۆکی ئەزهەر ئەو سەختییانە نیشان دەدات کە دایکان لە شەڕدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە؛ منداڵێک کە بە زۆر لە باوەشی دایکی وەرگیرا، دوای چارەسەرکردن و دەربەدەری، لەگەڵ دایکیدا شاد دەبێتەوە بەڵام ڕووبەڕووی چادر و وێرانکاری و کەمی خۆراک دەبێتەوە.
ڕەفیف ئیسلیم
غەززە-لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی ساڵی ٢٠٢٣ کۆمەڵگەی تەندروستی شیفا لە غەززە گەمارۆدرا و دواتر لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە هێرشی کرایە سەر. ئەمەش بووە هۆی ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، دوای چەند ڕۆژێک نزیکەی ٣٥ منداڵی نەبەکام کە باری تەندروستییان ناجێگیر لەوێوە ڕەوانەی باشووری غەززە کران. بەهۆی نەبوونی کارەبا و ئۆکسجین هەندێکیان گیانیان لەدەستدا، پاشان کۆرپەکان لەلایەن کۆمەڵەی مانگی سوورەوە براونەتە میسر.
ڕۆژی ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، منداڵێکی کچ بەناوی ئەزهەر لە کەرتی غەززەوە لەگەڵ کۆمەڵێک منداڵی نەبەکام ڕەوانەی میسر کرا بۆ چارەسەر، مانگێک پێش جەنگ لەدایک بووە و سییەکانی گەشەی نەکردووە، ئەمەش وایکردووە دایکی لە ژوورێکی نەخۆشخانەدا بیهێڵێتەوە. کاتێک دایکەکە ئاوارە بوو بۆ باشووری غەززە و هەوڵیدا کۆرپەکەی لەگەڵ خۆی ببات، کارمەندانی تەندروستی ڕەتیانکردەوە و داوایان لێکرد کۆرپەکەی بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی ژیانی خۆی بپارێزێت.
لە بەڵگەنامەی لەدایکبوونی خۆیەوە کۆرپەکەی ناسیەوە
هیبا ساڵح، دایکی ئەزهەر ئاماژەی بەوەکرد، کچەکەی لە نەخۆشخانەی شیفاوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەبو یوسف ئەلنەجاڕ لە شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، لەوێ بەهۆی کەمی ئۆکسجین تووشی ژەهراویبوونی خوێن بووە. دواتر لە نەخۆشخانەیەکی پایتەختی ئیداری نوێی میسر چارەسەری بۆ کراوە، هەرچەنە داوای لێکراوە لەگەڵ کۆرپەکەی بێت بەڵام نەیتوانیوە بچێت، چونکە چوار منداڵی تری هەن و تەنها کاغەزەکانی واژۆکردووە کە ڕێگە بە منداڵەکە دەدات بە تایبەت خۆی بڕوات.
هیبا ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، دوای چەند مانگێک کاتێک بۆ یەکەمجار کچەکەی بینیوە، تەنها بە بەڵگەنامەی لەدایکبوونی کچەکەی ناسیوەتەوە، کۆرپەکە لە دۆخێکی جەستەیی سەختدا بووە و هەرگیز چاوەڕێ نەبووە وەک منداڵانی دیکە هەستێتەوە و بڕوات.
هیبا ساڵح لە ماوەی مانەوەی کچەکەی لە غەززە لە ڕێگەی هاوڕێیەکییەوە کە بە بەردەوامی سەردانی کچەکەی دەکرد، بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ کچەکەیدا هەبوو. بەڵام دوای ئەوەی نەخۆشخانەکە گەمارۆدرا و باکوور لە باشوور جیاکرایەوە، بەرکەوتنیان لەدەستدا. دوای ئەوەی منداڵەکە ڕەوانەی باشوور و پاشان بۆ میسر کرا، لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕەکان دۆخەکە خراپتر بوو.
ئەزهەر هێشتا لەگەڵ کەشوهەوای کامپەکەدا ڕانەهاتووە
هیبا ساڵح وتی: سەرەتا قبوڵی نەکردم، هەرچەندە بە ڤیدیۆ قسەم لەگەڵ کردبوو و وێنەی خێزانەکەی بینیبوو، لە هەموو شتێک دەترسا، وێرانکارییەکان و پچڕانی کارەبا و تەنانەت ژیان لە چادرەکان هەموویان بارودۆخی جیاواز بوون بۆی، تا ئەمڕۆش هەندێکجار دەگری و دەترسێت بەهۆی کەشوهەوای ناو چادرەکانەوە، هەرچەندە لەگەڵمان ڕاهاتووە.
خێزانی دوو منداڵ ناناسرێنەوە
هیبا ساڵح ڕوونی دەکاتەوە، لەکاتی پێشوازیکردن لە بەشێک لە منداڵە گەڕاوەکان، دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە، دوو منداڵەکەی دیکەش ماونەتەوە، هەروەها ملوانکەی ناسنامەیان لەدەستچووە کاتێک لە نەخۆشخانەی شیفاوە ڕگواستراونەتەوە، چوار خێزان لەسەر دایک و باوکی منداڵەکان دەمەقاڵەیان کردووە، هەریەکەیان بەڵگەیان خستۆتە ڕوو و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان خێزانی منداڵەکانن. بەهۆی نەبوونی پشکنینی دی ئێن ئەی لە کەرتی غەززە تا ئێستا چارەنووسی ناسنامەکانیان نادیارە.