لە کرماشان وێنەیەکی ترسناکی هەژاری و داڕمانی ئابووری دەبیندرێت

هەژاری و فشاری ئابووری لە کرماشان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، خێزانەکان بۆ دابینکردنی گوزەرانیان پەنایان بۆ کۆکردنەوەی خاشاک بردووە، لەوێ ژنان، پیاوان و منداڵان پێكەوە لە ناو پاشماوەی خاشاکدا بە دوای ژیاندا دەگەڕێن.

سارا پورخەزری

 

کرماشان - لە کۆماری ئیسلامیدا سوود وەرگرتن لە ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکاری بەرپرسان لە پۆستە گرنگەکاندا بووەتە هۆی چڕبوونەوە و قۆرخکردنی دەسەڵات لە ناو تۆڕەکانی بنەماڵەدا، وەک ئەوە وایە فەرمانگەی حکومەت بووەتە کارێکی خێزانیی نەک بەرپرسیارێتییەکی گشتی، ئەم نەخشەیە لە بنی کۆمەڵگەدا شێوازێکی جیاواز وەردەگرێت، زۆرێک لە خێزانەکان ناچارن وەک یەکەیەکی کار مامەڵە بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان و هەموو ئەندامەکان لە ڕووی ئابوورییەوە بەشداری دەکەن نەک بە هەڵبژاردن بەڵکو بە ناچاری، بەم شێوەیە هەمان پێکهاتە کە لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتدا دەبێتە هۆی قۆرخکاری، بووەتە هۆی هەژاری و هاوکاری خێزانی زۆرەملێ بۆ مانەوە لە بنی هەرەمەکەدا.

 

کاتێک خێزانەکان بۆ گوزەرانیان سەردانی زبڵدان دەکەن

ئەمڕۆکانە، لە شەقامەکانی کرماشاندا شوێنی کاری زۆرێک لە خێزانەکان ئیتر کارگە، دوکان یان ئۆفیس نییە، بەڵکو زبڵدانە، هاوژینان و منداڵەکانیان لە ناو خاشاکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی خواردن یان شتی شیاوی فرۆشتن بۆ ماڵەوە بدۆزنەوە، وێنەیەک کە لە ساڵانی ڕابردوودا باوتر بووە، بەهۆی ئەوەی هەڵاوسان و گرانبوونی نرخەکان زیادی کردووە.

 

ئەم دیمەنانە بێمبەست نین، دەرئەنجامی سیستەمێکن کە تێیدا هێز لە سەرەوە لە تۆڕە خێزانییەکاندا کۆ دەبێتەوە و هەژاریش لە بنکەی کۆمەڵگەدا بڵاو دەبێتەوە، خێزانەکان بوونە یەکەی کاری نەخواستو و منداڵان لە شوێنی ئەوەی بچنە قوتابخانە لە تەنیشت زبڵدان دەوەستن، نموونەیەک کە لە سەرەوە پێویستی و لە خوارەوەش ناچارییەکی ژیانە.

 

سەحاری، نیشتەجێیەکی کرماشان و ڕۆژنامەنووس وتی: هەتا پێش چەند ساڵێک ئەگەر سەیری کۆکەرەوەکانی خاشاکمان بکردایە، بە شێوەیەکی گشتی تەنها باریان لەسەر شان بوو یان عەرەبانەیەکی بچووک بۆ هەڵگرتنی کارتۆن و ئەو شتانەی کە کۆیان دەکردەوە، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بینیم کە زۆرێک لەم کەسانە بە ئۆتۆمبێلیش دەگەڕێن، لە لایەکی ترەوە، کۆکردنەوەی خاشاک تەنها یەکێکە لە دیاردەکانی فشاری ئابووری لەسەر خێزانەکان، زۆرێک لە خێزانەکان بەهۆی نەبوونی هەلی کار، کەمبوونی داهات و زۆرتربوونی تێچووی ژیان ناچار بوون پەنا بۆ کۆکردنەوەی خاشاک ببەن، ئەم دۆخە بە ڕوونی دەریدەخات کە هەژاری تا چەند ژیانی مرۆڤەکان، بەتایبەت خەڵکی کرماشانی، خستووەتە ژێر سێبەرەوە و زۆرێک لە خێزانەکانی ناچار کردووە پەنا بۆ کۆکردنەوەی خاشاک بەرن.

 

بە هەزاران کەس ئەم کارە دەکەن

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە لایەن سەرچاوە حکومییەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، لە شاری کرماشان نزیکەی ٣ هەزار کۆکەرەوەی خاشاک ناسێنران کە خاشاکیان کۆ دەکردەوە و بەو شێوەیە گوزەرانیان دەکرد، لە ساڵی ٢٠٢٥دا، هەمان سەرچاوەکان ژمارەی کۆکەرەوەکانی خاشاکی لە کرماشانیان لە نێوان ٣ هەزار و ٥٠٠ بۆ ٤ هەزاردا ڕاگەیاند، کە ئەمەش ژمارەیەک دەردەخات تەنها لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی هەزار کەس بۆ ژمارەی کۆکەرەوەکانی خاشاک لەم شارەدا زیاد بوون.

 

بە واتایەکی سادەتر، لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥دا، هەمۆ ڕۆژێک نزیکەی ٢ بۆ ٣ کەس بۆ ژمارەی کۆکەرەوەکانی خاشاک لە کرماشان زیاد بوون، ئەم ڕەوتە دەریدەخات کە هەژاری پەرە سەندن و توانای ئابووریی خێزانەکان کەم دەبێتەوە.

 

هەژاری لە گەڕەکە کەنارخستراوەکان تێپەڕیوە

مینا ئەسڵانی، چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی گروپە بنەڕەتییەکانی کە بۆ پشتگیریی هەژارانی کرماشان کار دەکەن، کە ناوی خوازراوە وتی: پێشتر، هەموومان ده‌مانزانی کە زۆرینەی کۆکەرەوەکانی خاشاک لە کرماشان سەر بە گەڕەکەکان وەک سەرچەشمە، شەهید، باریکە، دەهـ مەجنوون، چەمان، جەعفەراباد و چەند ناوچەیەکی لەو شێوەیە بوون، چونکە لەم گەڕەکەکاندا، کۆکردنەوەی خاشاک بۆ زۆرێک لە خێزانەکان بووبە کارێکی هەمیشەیی، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا، بەپێی چوارچێوەی چالاکییەکەمان، تووشی دیاردەیەکی نوێ بووین، زۆرێک لە کەسانی گەڕەکەکان وەک مەسکەن، قەڵای که‌نه‌ ئەڵاییە، موعلیم و ناوچەکانی تری چینی ناوەڕاستی سەرەوەی شارەکەش ئەم چالاکییەیان ئەنجام داوە، ئەمەش نیشانی دەدات کە هەژاری ئیتر تەنها بە گەڕەکە کەنارخستراوەکانەوە سنوردار نییە، ئەمە نیشانەیەکی ئاشکرای بڵاوبوونەوەی هەژاریی پێکهاتەیی و خێرابوونی دابەزینی چینی ناوەڕاستە لە کرماشاندا.

 

ئەم دیاردەیە ڕووخانی ئابووری لە ناو کۆمەڵگەدا ئاشکرا دەکات

لێکۆڵینەوەیەک لە بارەی دۆخی کۆکەرەوەکانی خاشاک لە کرماشاندا دەردەخات کە بەشێکی گرنگ لە خێزانەکان کەوتوونەتە ناو هەژارییەکی ڕەهاوە و بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان، ڕوو لە کۆکردنەوەی خاشاک دەکەن و دواتریش لە زنڵداندا بە دوای خواردندا دەگەڕێن، کە ئەمەش نیشانەی ڕووخانی ئەمنیەت و ئارامیی ئابوورییە لە نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا.

 

لێرەدا دژایەتییەکی ڕوون هەیە، حکومەت چاوپۆشی لە ئازارەکانی ژنان و پیاوان و منداڵان دەکات، کە بۆ بژێوی ژیانیان لەناو خاشاکدا کۆدەکەنەوە، بەڵام وەڵامی ناڕەزایەتییەکان دەداتەوە دژی هەژاری و زیانگەیاندن بە هەمان ئەو خاشاکانە بە توندترین ڕێوشوێن و تەنانەت سزای لەسێدارەدان، بۆ هەژاران زبڵدان ئاماژەی بژێوی ژیانە و بۆ حکومەت پاساوێکە بۆ نیشاندانی دەسەڵاتی خۆی و سەرکوتکردنی ناکۆکییەکان.