کرماشان... پەرەسەندنی جگەرەکێشان و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو گەنجاندا نیگەرانی دروست دەکات
پەرەسەندنی بەکارهێنانی تووتن و ماددە هۆشبەرەکان لە کرماشان و دابەزینی تەمەنی ئاڵوودەبوون لەنێو هەرزەکاران و گەنجاندا بووەتە نیگەرانییەکی گەورە؛ ئەمەش بەهۆی هۆکارگەلێکی وەک هەژاری، فشارە کۆمەڵایەتییەکان، لاوازی چاودێری و ئاسانیی دەستکەوتنی ئەو ماددانەوەیە
سارا پورخەزری
کرماشان پەنجەی زۆرێک لە هەرزەکاران و گەنجانی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێستا لەبری ئەوەی پێنوسێک یان پەرتوکێک بەدەستەوە بگرن، ئێستا جگەرەیان بەدەستەوەیە، جگەرەیەکی ئەلیکترۆنی، یان نێرگەلەیەکیان بەدەستەوەیە، لە دیمەنێکدا کە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی کێشانی تووتن و ماددەی هۆشبەرە لەنێو گەنجان و بەتایبەت کچاندا، ئەم ڕاستیە نیگەرانی زیاتر لەبارەی کەمبوونەوەی تەمەنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگایەکدا دەوروژێنێت کە ساڵانێکە بەدەست ڕێژەی بەرزی هەژاری و ئالوودەبوون و نەبوونی خزمەتگوزاری و پەراوێزخستن و توندوتیژی خێزانییەوە دەناڵێنێت.
تێبینییە مەیدانییەکان و ڕاپۆرتە نافرمییەکان ئاماژە بە زیادبوونی منداڵانی کچان بۆ جگەرەکێشان و بەکارهێنانی هەندێک ماددەی هۆشبەر دەدەن، سەرەڕای نەبوونی ئاماری فڕمی ورد لەسەر قەبارەی دیاردەکە لەنێو قوتابیانی کچان لە قوتابخانەکاندا، هەروەها سەرچاوە خۆجێییەکان باس لە بڵاوبوونەوەی بەردەوامی جگەرە و نێرگەلە دەدەن، لەپاڵ شێوازی مەترسیدارتر لە بەکارهێناندا، کە ئەمەش ڕەنگە ببێتە دەروازەیەک بۆ ئاڵوودەبوون بە ماددەی مەترسیدارتر.
دابەزینی تەمەنی بەکارهێنان
شاهین.ر، کارمەند لە نەخۆشخانەی محەمەدی کرماشان وتی: جگەرەکێشان لەنێو منداڵانی کچانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵیدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە بینیوە "زیاتر لە ٦٠٪ی ئەو منداڵە کچانەی تەمەنیان لەنێوان ١٢ بۆ ١٦ ساڵدایە و سەردانی نەخۆشخانە دەکەن، هەفتانە لانیکەم ٢٠ جگەرە دەکێشن، واتە بە تێکڕا ڕۆژانە سێ جگەرە، زۆرینەیان لە دەرەوەی ماڵ جگەرە دەکێشن، هەروەها زۆرێکیان لەناو خێزانێکدا گەورە بوون کە کەسی ئاڵوودەبوویان تێدایە، کە ئەمەش وا دەکات جگەرەکێشان ببێتە ڕەفتارێکی ئاسایی لایان.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە بابەتەکە تەنها بە جگەرە سنووردار نەبووە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵە کچانە ماددەی "ماریجوانا"ش بەکاردەهێنن، ئەمەی بە مەترسیکی گەورە دانا و ڕەنگە ببێتە دەروازەیەک بۆ گواستنەوە بۆ جۆرەکانی تری ئاڵوودەبوونی قورستر، ئامار و سەرچاوە بڵاوکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە زیاتر لە نیوەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٢٩ ساڵدایە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قووڵبوونەوەی نیگەرانییەکانە لە بڵابوونەوەی جگەرەکێشان و ماددە هۆشبەرەکان لەنێو هەرزەکاراندا، بەتایبەت قوتابیانی قوتابخانەکان، کە دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە ئاسانی دەستکەوتنی ماددەکان، لاوازی چاودێری لە دەوروبەری قوتابخانەکاندا، فشارەکانی خوێندنی و خێزانییەکان، لەپاڵ نەبوونی خزمەتگوزاریی ڕێنمایی و پشتیوانی دەروونی کاریگەردا.
هەندێک لە هەرزەکاران پەنا بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەبەن بۆ ئەوەی لە دڵەڕاوکێ ڕزگاریان بێت، بەدوای ئەزموون و وروژاندندا بگەڕێن، بەدوای قبوڵکردنی کۆمەڵایەتیدا بگەڕێن، سەبارەت بە منداڵانی کچان، فشارە کۆمەڵایەتییەکان، سنووردارکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خواستی سەربەخۆیی یان خۆ دووپاتکردنەوە بەشدارن لە زیادکردنی ئەم ئارەزووە، لە نەبوونی بەرنامەی خۆپارێزی کاریگەردا.

هەژاری و فشارە کۆمەڵایەتییەکان
فەرناز. ف، کە قوتابیی بەشی دەروونناسییە لە کرماشان، پێیوایە هەستیارترین قۆناغ لە دروستکردنی ئارەزووی تاکەکاندایە، ئاماژەی بەوە کرد، کە قەیرانی ئابووری یەکێکە لە دیارترین ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی پارێزگاکە دەبێتەوە وتی: ڕێژەیەکی زۆر لە قوتابیانی قوتابخانەکان لە کرماشان خەڵکی خێزانی هەژارن، و ناکرێت کاریگەری ئەم هۆکارە پشتگوێ بخرێت، لەم تەمەنەدا، هەرزەکاران پێویستە ئەزموونی نوێیان هەبێت و پێویستی خۆیان بۆ وروژاندن تێر بکەن.
دووپاتیکردەوە، کاتێک منداڵانی کچان ڕووبەڕووی فشاری قورس دەبنەوە لەناو خێزاندا، کە ئەمەش بەهۆی هەژارییەوە خراپتر دەبێت، ئەوا پەنا دەبەنە بەر قوتابخانە، بەڵام ژینگەی قوتابخانەش لەلایەن خۆیەوە شوێنێکی پارێزراو دابین ناکات بۆیان، بەڵکو فشاری زیاتریان بۆ دەهێنێتە پێشەوە، ئەمەش وا دەکات هەندێکیان پەنا بۆ سادەترین جۆرەکانی کات بەسەربردن ببەن کە بەردەستن، ئەویش بریتین لە جگەرەکێشان یان بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
گێڕانەوەکان دەربارەی ئاسانی دەستکەوتنی ماددە هۆشبەرەکان
هەندێک لە خاوەن زەوییەکان ڕایانگەیاند، کە چاندنی ”ماریجوانا”، بەتایبەت ”خەشخاش”، هێشتا لە هەندێک ناوچەدا دەکرێت، سەرەڕای قەدەغەکردنی فەرمی، هەروەها باسیان لە چاوپۆشیکردنی هەندێک لایەن کرد لە چالاکیی دابەشکارانی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگاکەدا، گێڕانەوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەندێک لە دووکانەکانی فرۆشتنی تووتن لە کرماشان تەنها بە فرۆشتنی جگەرە و تووتنەوە نەوەستاون، هەروەها ماددە هۆشبەرەکان و ماددەکانی تر لەوێ بە وریاییەوە دەفرۆشرێن.
شایەتیدانی خاوەن دوکانێک
مەستانە.ح کە لەگەڵ هاوژینەکەی دوکانێک بەڕێوەدەبەن لە کرماشان، ئەزموونی خۆی دەگێڕێتەوە وتی: لە سەرەتای مانگی تەمووزدا دوکانەکەمان گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نوێ، ڕاست لە تەنیشتیەوە دوکانێکی فرۆشتنی تووتن هەیە، لە یەکەم ڕۆژەکانەوە سەرنجی ڕاکێشان کە ژمارەیەکی زۆر لە هەرزەکاران هاتووچۆی دەکەن، زۆرینەیان لە تەمەنی خوێندندا بوون، پاش ماوەیەکی کورت زانیمان کە دوکانەکە تەنها تووتن نافرۆشێت، بەڵکو لەوێدا ماددەی هۆشبەر و ئەوانیدیکەش بە شێوازی ناڕوون دەفرۆشرێن، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو و هاوژینەکەی بڕیاریان دا سەردانی بنکەی پۆلیس بکەن بەو پێیەی گومانیان هەبوو بابەتەکە پەیوەندی بە دابەشکارێکی ماددەی هۆشبەرەوە هەیە، بەڵام یەکێک لە ئەندامانی پۆلیس هاتە شوێنەکە و پێی وتین کە خاوەن دوکانەکە "لە ناسراوەکانیانە"، هۆشداریی پێدان کە دەستوەردان نەکەن، ئەمەش وای لێکردوون باوەڕی بەوە هەبێت کە دوکانەکە پارێزگارلێ دەکرێت کە توانای ئەوەی پێبەخشیوە بەردەوام بێت لە چالاکییەکانی بەبێ ترس لە لێپێچینەوەی یاسایی.
لە ڕێگەی ئەم شایەتییەوە دەکرێت بوترێت کە پەرەسەندنی دیاردەی ئاڵوودەبوون لەنێو گەنجاندا لە کرماشان تەنها پەیوەندی بە هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە نییە، بەڵکو کەمتەرخەمی یان هاوکاریی هەندێک لە لایەنە فەرمییەکان هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا.