لە نێوان پەرەسەندن و ئاوارەبوون... خوێندکارانی یەمەن بۆ خوێندنگە ڕووبەڕووی گەڕانەوەیەکی مەترسیدار دەبنەوە

خوێندکارانی یەمەن لە نێوان ڕاستیەکی ئاڵۆزتردا بەهۆی پەرەسەندنی سەربازی، ئاوارەبوون و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری، ساڵی خوێندنیان دەستپێدەکەنەوە، نیگەرانییە ئەمنییەکان سێبەریان خستە سەر گەڕانەوەیان بۆ خوێندنگەو زانکۆکان.

ڕەحمە شەنزور

 

یەمەن- لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی خوێندن، خوێندنگەو زانکۆکان لە یەمەن بەڕووی خوێندکاراندا کرانەوە، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە شاهیدی پەرەسەندنی سەربازییە لە چەند بەرەیەکدا، کە ئەمەش ئاڵەنگاری نوێ بۆ ڕێکوپێکی پرۆسەی خوێندن زیاد دەکات، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بەهۆی گرژییە ئەمنییەکانەوە کاریگەرییان لەسەرە.

 

ئەم گەڕانەوەیە لە پاشخانی ڕاستیەکی پەروەردەییدایە کە بەهۆی کاردانەوەی ساڵانێک لە ململانێ و ئاوارەبوون و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری بارگرانییە، ئەم هۆکارانە کاریگەرییان لەسەر توانای بەشێک لە خوێندکاران هەبووە بۆ دەستڕاگەیشتن و بەردەوامبوون لە خوێندن، دەستپێکی ساڵی خوێندن هاوکاتە لەگەڵ نیگەرانییەکانی پەیوەست بە ئاسایش و سەقامگیری و بارودۆخی ژیانی ڕۆژانە.

 

لە شاری تەعز، کە ساڵانێک بەرگەی ململانێی گرتووە، خوێندکاران لە نێو ترسی بۆردومان و تەقینەوەی کتوپڕدا، هەوڵدەدەن دەست بە خوێندن بکەنەوە، شایەتحاڵی خوێندکاران و ئەکادیمیستەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەم ترسانە لە دەروازەی دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە درێژدەبنەوە، دەگاتە ئەو خێزانانەی کە لە کاتی گەشتکردن و گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانە و زانکۆکان نیگەرانن لە پارێزراوی منداڵەکانیان.

 

شەمس فکری، خوێندکاری کۆمەڵناسی لە کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی تەعز، ڕۆژی خوێندنی بە دڵەڕاوکێ دەستپێدەکات کە لە ساتەوەختی جێهێشتنی ماڵەوە بۆ زانکۆ دەست پێدەکات و بە درێژایی خوێندن بەردەوام دەبێت، لەکاتێکدا گرژییە سەربازییەکان لە چەند بەرەیەکی دەوروبەری تەعزدا پەرەدەسەنن.

 

وتیشی: گەڕانەوەی ئەمساڵ بۆ قوتابخانە جیاوازە لە هەموو شتێک کە پێشتر ئەزموونی کردووە، ئێستا نیگەرانی ئەمنی لە هەموو لایەنەکانی ڕۆژەکەیدا هەیە، لە جێهێشتنی ماڵەوە تا گەیشتن بە زانکۆ، تا دەگاتە نیگەرانی بەردەوامی بۆردومانکردن و تەقینەوەی لەناکاو، هەروەها دەبینم دۆخەکە گۆڕاوە، پێشتر هەستکردن بە پارێزراوییەکی ڕێژەیی هەبوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ نوێبوونەوەی ململانێکان، ترس هەیە بەهۆی تۆپباران و تەقینەوەکانەوە.

 

شەمس فکری، ڕوونیکردەوە، کە ئەم دڵەڕاوکێیە تەنها لە خۆی و هاوپۆلەکانیدا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ خێزانەکانیان کە بە دڵەڕاوکێیەوە چاوەڕێی گەڕانەوەیان دەکەن بۆ ماڵەوە، وتی: کاتێک لە ماڵەوە دەردەچین خێزانەکانمان دڵییاب پڕ دەبێت لە نیگەرانی، دایک و باوکمان بەردەوام خەمی ئێمەن، ترسیان هەیە شتێکی خراپمان بەسەر بێت، سەرەڕای ئەم ترسانە، هیوادارە شەڕەکە کۆتایی بێت و ڕێگە بە خوێندکاران بدات بەردەوام بن لە خوێندن بەبێ ئەو دڵەڕاوکێیەی پەیوەستە بە پەرەسەندنەکەوە.

 

پەروەردە لە ژێر فشاردا

نیگەرانییەکانی شەمس فکری لە ڕاستیەکی پەروەردەییەوە سەرچاوە دەگرن کە بەهۆی کاردانەوەی ساڵانێک لە ململانێکانەوە بارگرانی لەسەرە، جگە لەو نیگەرانییە ئەمنییانەی کە یاوەری بەشێک لە خوێندکارەکانن لە ڕێگەی چوونە قوتابخانە و زانکۆکان، پەروەردە ڕووبەڕووی ئاستەنگی دیکە دەبێتەوە، لەوانە زیانگەیاندن بە هەزاران قوتابخانە و ئاوارەبوون و سەختی گەیشتن بە دامەزراوە پەروەردەییەکان.

 

داتاکانی حکومەت ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی سێ ملیۆن منداڵ لە خوێندن بێبەش دەبن لە ئەنجامی زیانگەیاندن یان لەناوبردنی نزیکەی سێ هەزار قوتابخانە، لەکاتێکدا یونیسێف ژمارەی منداڵانی دەرەوەی قوتابخانە بە زیاتر لە ٣.٧ ملیۆن منداڵ دەخەمڵێنێت.

 

قەیرانەکە خراپتر بووە بەهۆی زیانگەیاندن یان بەکارهێنانی نزیکەی دوو هەزار و ٩١٦ قوتابخانە بۆ مەبەستی ناپەروەردەیی، لەگەڵ پێدانی ناڕێکی موچە بۆ زیاتر لە دوو لەسەر سێی نزیکەی ١٧٢ هەزار مامۆستا لە ساڵی ٢٠١٦ەوە.

 

لەگەڵ ئاوارەبوونی بەردەوام و دووری قوتابخانەکان و مەترسییەکانی تەقەمەنی و کەمی مامۆستای ژن، گەڕانەوەی بەشێک لە خوێندکاران بۆ پۆلەکانیان پڕە لە ئاڵەنگاری کە لە دەستکەوتی ئەکادیمی زیاتر درێژدەبێتەوە، کاریگەری لەسەر توانای پاراستن و درێژەدان بە خوێندنیان هەیە.

 

ترس لە تۆپباران

پزیشک لیبیا شرجبی، ئەکادیمیست لە زانکۆی تەعز، پێی وایە کە گەڕانەوەی خوێندکاران بۆ هۆڵەکانی خوێندن مەرج نییە بە واتای کۆتاییهاتنی ئەو ترسانەی پەیوەستن بە هەڵکشانی سەربازییەوە، ڕوونیکردەوە ،کە مەترسی تۆپبارانی لەناکاو هێشتا سەرچاوەی دڵەڕاوکێیە بۆ هەندێک لە خوێندکاران، هەروەها ئەم ترسانە ڕەنگە هەندێکیان، بە تێبینییەکەی، بیر لە وازهێنان لە خوێندن بکەنەوە.

 

لیبیا شەرجبی تیشکی خستە سەر ئەو ئاڵەنگارییانەی کە خوێندکاران ڕووبەڕووی دەبنەوە لە بەردەوامبوونیان لە خوێندن، هەروەها ئاوارەبوون بەربەستێکی زیادە بۆ هەندێک لەوانەی ناچارکراون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە خوێندکارانی ئاوارەبوون لە ناوچە کەنارییەکان لە خەباتدان بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن، بەهۆی ئەوەی لە قوتابخانەکانیان و ژینگەی فێرکاری ئاشنا جیابوونەتەوە، وتی: ئاوارەبوون کێشەیەکی گەورەیە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی ئاوارەبوون لە ناوچە کەنارییەکان، خوێندکاران خۆیان لە قوتابخانەکانیان دوور دەبیننەوە و پەیوەندییان بە خوێندنەوە پچڕاوە و تووشی حاڵەتێکی پشێوی بوون.

 

هۆشداریشیدا، لەوەی بەردەوامی شەڕ دەتوانێت کێشەکە گەورەتر بکات و هێندەی تر قورستری بکات بۆ گەڕانەوەی خوێندکاران بۆ قوتابخانە سەرەتاییەکانیان، هەروەها خوێندکارانی ناوچە کەناراوییەکان ناتوانن لە قوتابخانە سەرەتاییەکانیان دەست بە خوێندن بکەنەوە، مەگەر ململانێکان بوەستێت و مەرجەکان ڕێگە بە گەڕانەوەیان بدەن.

 

لەگەڵ بەردەوامی پەرەسەندنی سەربازی لە چەند بەرەیەکدا، پێدەچێت گەڕانەوەی خوێندکاران بۆ قوتابخانە و زانکۆکان زیاتر بێت لە دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، بۆ هەندێک کەس دەستڕاگەیشتن بە خوێندن بەستراوەتەوە بە نیگەرانییە ئەمنییەکان و ئاوارەبوون و سەختییە ئابوورییەکان کە بەدرێژایی ساڵانێک لە شەڕدا کۆبوونەتەوە.

 

لە کاتێکدا بنەماڵەکان و خوێندکاران سەرەڕای ئەم هەلومەرجانە هەوڵی پاراستنی پەروەردە دەدەن، وەستانی دوژمنایەتییەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی پارێزراو و سەقامگیر بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ململانێ و ئاوارەبوون نەبنە بەربەستێکی هەمیشەیی لەبەردەم مافی نەوەی نوێی یەمەنییەکان بۆ خوێندن.