ژنانی گەنج لە ئیدلب؛ بەرپرسیارێتییە سەرەتاییەکان و خەونە ونبووەکان

بەشێکی ژنانی گەنج لە ئیدلب زیانبەرکەوتووی جەنگن و ئاوارەبوون و مافی خوێندنیان لێ بێبەش کراوە و بوونەتە کرێکارێک کە بەدوای بژێویدا دەگەڕێن بۆ یارمەتیدانی خێزانەکانیان.

لینا خەتیب

 

ئیدلب- لەژێر بارودۆخی سەختی جەنگدا، بەشێک لە ژنانی ئیدلب ناچارن کار بکەن بۆ ئەوەی بەشداری لە دابینکردنی بژێوی بکەن، هەندێکیان ناچارکراون بە هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زوودا، هەندێکی دیکە وازیان لە خوێندن هێنا و لە ماڵەکەدا بەندکران بەهۆی دووری خویندنگەکان لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون، یان ترسی دایک و باوکان لە بۆردوومانکردن و ناجێگیربوونی بارودۆخی ئەمنی و نەتوانینیان بۆ دابینکردنی خەرجییەکان.

 

ئاوارەیی و هەژاری لە خوێندن بێبەشی کردوون

عەبیر نەجاری تەمەن ١٣ ساڵ لە شارۆچکەی جەرجانەزەوە ئاوارە بووە بۆ کامپی سەرمەدا لە گوندێکی باکووری ئیدلب، هەموو بەیانییەک لەگەڵ برا ٩ ساڵانەکەی دەچێت بۆ خاشاکەکەی نزیک کامپەکە بۆ بەدەستهێنانی بڕێک پارە و پشتیوانیکردنی براکەی و داپیرە بەتەمەنەکەی، لەو بارەیەوە وتی: دوای ئەوەی باوکم بەهۆی برینداربوونی جەنگەوە گیانی لەدەستدا، دایکم هاوسەرگیری کردەوە، لەگەڵ دوو براکەم کار دەکەم بۆ کۆکردنەوەی ئاسن و نایلۆن لە خاشاکەکان، دەیانفرۆشین و هەندێک لە پێداویستییەکانی ژیان دابین دەکەین، کاردەکەین بۆ خواردن و دابینکردنی پێداویستییەکانمان، چونکە داپیرەم نەخۆشە.

 

سەنا حەجۆ، تەمەنی ١٠ ساڵەو لە شارۆچکەی خان سبول لە باشووری ئیدلب ئاوارە بووە بۆ شاری حارم لە باکووری ئیدلب، پشتیوانی لە خێزانەکەی دەکات، لە کاتێکدا دوای ئاوارەبوونی باوکی ڕێگریی لێکردووە لە خوێندن بۆ ئەوەی یارمەتی دایکی بدات لە کارکردن، وتی: خەونی خوێندن هێشتا جار جار هەر هەیەو هەست بە گرنگی بەردەوامبوونی خوێندن دەکەم، هەژاری هەموو خەونەکانی لەناوبردووم.

 

عایشە شێخ مستەفای تەمەن ٤٠ ساڵ، دایکی سەنا حەجۆ خەمبارە بە بارودۆخی کچەکەی کە مافی خوێندنی لەدەستداوەو وتی: نەبوونی سەلامەتی و دووری خوێندنگە لە ناوچەی نیشتەجێبوونمان یەکەم پاڵنەرە بۆ وازھێنان لە خوێندنی کچەکانمان و باری ژیان لە ئیدلب پێویستی بە کاری هەموو ئەندامانی خێزانەکەیە بۆ ئەوەی بژێوی دابین بکرێت.

 

بە ١٣ ساڵی لە بەرامبەر بڕێک پارە هاوسەرگیری پێکرا

حەنان عەتیقی تەمەن ١٥ ساڵ کە لە شاری سەراقیبەوە ئاوارە بوو بۆ گوندی کەفر یەحمول لە باکووری ئیدلب، لە تەمەنی ١١ ساڵییەوە وازی لە خوێندن هێناوە، لەگەڵ براکانی لە کارگەیەک بۆ دروستکردنی شیرینی کاردەکات بۆ یارمەتیدانی خێزانەکەیان و لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا خێزانەکەی بەهۆی هەژاری و ئاوارەییەوە هاوسەرگیرییان پێکرد لە بەرامبەر بڕێک پارە، وتی: هاوژینی سێیەمی ئەو پیاوەم کە ٢٠ ساڵ لە خۆم گەورەترە، زۆرجار لە ماڵەوە نییەو بۆ چەند هەفتەیەک بە تەنها جێم دەهێڵێت، بەهۆی کارەکانی لە بازرگانی و جوڵەی لەنێوان ئیدلب و گوندەکانی حەلەب و تورکیا، من وەک ژنێک لە هەموو مافەکانم بێبەشم، من جگە لە کۆیلەیەک هیچی دیکە نیم کە تەنها بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دێت بۆ لام.

 

"ژنان سەرەڕای مەترسییە تەندروستییەکان و کرێی کەم بە ناچاریی کار دەکەن"

جەمیلە مەرعی تەمەن ٣٣ ساڵ، کارمەندی کۆمەڵایەتی خەڵکی شاری سەلقین لە باکووری ئیدلب، باسی کاری ژنانی کردو وتی: لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە ئیدلب و نەبوونی هەلی کار، زۆرێک لە ژنان بەهۆی پێویستی کارکردن لە کۆکردنەوەی دانەوێڵە کشتوکاڵییەکان بە کرێیەکی کەم یان زبڵدان سەرەڕای مەترسییە تەندروستییەکانیان کە هەندێک جار دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان کاردەکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زوودا بووەتە ڕاسدتی بەبێ گوێدانە ئارەزووەکانیان، ئەم کردارە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و دەبێتە هۆی زنجیرەیەک زیان بە وازهێنان لە خوێنندگە دوای هاوسەرگیرییان، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی چاوەڕوانییەکانی داهاتوویان و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.