جەستەی ژنانی سودان لە مەیدانی جەنگدایە

ململانێی سودان پێی ناوەتە سێیەم ساڵەوە، دوای ئەوەی هەموو هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی ئەو خوێنڕشتنەی ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە، شکستی هێنا، ئەم ململانێیە سەدان هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە و ١٤ ملیۆن هاوڵاتی لە ناوخۆ و دەرەوەی سودان ئاوارە بوون.

مێرڤەت عەبدولقادر


سودان- دوو ساڵ دوای ئەو ململانێیەی کە لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتومی پایتەختی سودان سەریهەڵدا لەو کاتەوە فراوانتر بوو ، چەندین دەوڵەتی سودان لەخۆ دەگرێت، ژنان ئەو چینانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە کۆمەڵگەدا، تووشی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی دەروونی و جەستەیی دەبن، لەوانە ئاوارەبوون، بێ ماڵ و حاڵ، برسێتی، توندوتیژی سێکسی و زۆر شتی تر.

 

ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە ١١ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ، زیاتر لە٣ ملیۆن ئاوارە ڕوو لە وڵاتانی دراوسێ دەکەن لە ئەنجامی ئەم ململانێ کارەساتبارە ،کە ٨٨٪یان ژن و منداڵن.


ئانا موتۆڤانی، بەڕێوەبەری ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ئەفریقا لەبارەی کاریگەری دوو ساڵ شەڕ لەسەر ژنان و منداڵانی کچانی سودانی ڕوونی کردەوە،"کە توانیویەتی چاوی بە چەند ژنێک بکەوێت لەو ناوچەیەی کە زیاتر لە ١٤ ملیۆن هاوڵاتی لە ناوچەکانیان ئاوارە بوون.

 

کەمی خۆراکی زۆر

ژنانی سودان هاوبەشی سەرەکین لە بوژاندنەوەی ئابووری سودان، شەڕەکە وایکرد ژمارەیەکی زۆر لە ژنان کار  و پڕۆژە بچووکەکانیان لەدەست بدەن، بەدەست برسێتی و منداڵەکانیانەوە دەناڵێنن، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٦ ملیۆن هاوڵاتی لە مەترسی قاتوقڕیدان، ١٨ ملیۆن هاوڵاتیان ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراکی دەبنەوە کە ١٤ ملیۆن منداڵیان هەیە.

 

ئانا موتۆڤانی دەڵێت: ئازاری ژنان و منداڵانی کچان بەهۆی نۆرمە کۆمەڵایەتیەکانی پەیوەست بە دابەشکردنی خۆراک و نەبوونی سەرچاوەی دارایی، پاڵپشتی کۆمەڵایەتی خراپتر بووە، "ئەوان پێشتر بۆ خێزانەکانیان کاریان دەکرد، کاری بچووکیان بەڕێوەدەبرد، دەچوون بۆ کار، بەڵام کاتێک شەڕ سەریهەڵدا هەموو ئەمانە تێکشکان ،ناچار کران شوێنەکانی خۆیان بەجێبهێڵن،هەموو موڵکەکانیان لەدەست بدەن.

 

قەیرانی تەندروستی

ئانا موتۆڤانی ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی کامپی ئاوارەکان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی، خزمەتگوزاری پاکوخاوێنی لە کامپەکاندا دەناڵێنن، بۆ ٨٥ خێزان تەنها سێ بنکەی پاکوخاوێنی هەیە.

 

ژنانی دووگیان ناتوانن دەستیان بە چاودێری پێویست بگات ،ئاو و خۆراک و دەرمان کەمی بەتایبەتی دوای ئەوەی ٨٠٪ نەخۆشخانەکانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەهۆی فشارەوە کاریان وەستاوە، مردنی دایکان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، دەستگەیشتنی ژنان بە چاودێری تەندروستی سێکسی و لەدایکبوون کەم بووەتەوە و زیاتر لە ١.٢ ملیۆن ژنی دووگیان و شیردەر بەدەست بەدخۆراکی دەناڵێنن، هەڕەشە لە تەندروستی، ژیانیان و ژیانی منداڵەکانیان دەکات.

 

توندوتیژی سێکسی

ئانا موتۆڤانی جەختی لەوە کردەوە کە توندوتیژی سێکسی و دەستدرێژی سێکسی لە شەڕی سوداندا بەشێوەیەکی سیستماتیک وەک چەکێک بەکاردەهێنرا بۆ سوکایەتیکردن بە تەواوی گەلێک، بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگە و ژنان.

 

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەستی گەیشتوون، خواست لەسەر خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ڕزگاربووان کە ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی،دەستدرێژی سێکسی بە کۆمەڵ،هەموو جۆرەکانی توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە بە رێژەی ٪٢٨٨ زیادیکردووە.

 

هەرچەندە زۆربەی ئەو ژنانەی کە توندوتیژی ڕووبەڕوویان بووەتەوە ڕاپۆرت ناکەن، بەهۆی دیدگای کۆمەڵگەکان، کە بە جۆرێک لە شەرمەزاری دایدەنێن، سەرەڕای ئەو شەرمەزاریەی کە پەیوەستە بەو هاوڵاتیانەی پێشێلکراون، ئەو ژنانەی دەستدرێژییان دەکرێتە سەر بڕیار دەدەن ڕاپۆرت تۆمار نەکەن، چونکە تەنانەت خێزانەکانیشیان نکۆڵی و شەرم لێدەکەن، بەهۆی ئەو کارەساتەی بەسەریاندا هاتووە، بۆیە جەستەی ژنان بۆتە گۆڕەپانی جەنگ.

 

نیگەرانی خۆی دەرببڕی لە نەبوونی دەستگەیشتن بە ژنان لە دارفور کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە کۆنترۆڵ دەکرێت ،وتی: ئەو ژنانە لە هەموو جۆرە یارمەتییەک بێبەش کراون لەوانە خۆراک، و یارمەتی پزیشکی،تەنانەت لە چاودێری گرنگ کە دوای دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی سێکسی پێویستیان پێیەتی، دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان کە لەکاتی دووگیانیدا پێویستیان پێیەتی و منداڵەکانیان بە سەلامەتی لەدایک بن.

 

ئانا مۆتۆڤانی، بەڕێوەبەری ناوچەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا کە ژنان لە کامپەکانی ئاوارەبووندا داوای دادپەروەری و لێپرسینەوە لە تاوانباران دەکەن، کە بە ترسناکترین شێواز تایبەتمەندی ژنانیان پێشێل کردووە. ئەوان داوای پاراستن دەکەن، سەلامەت بن، ئەمە بەسەر هیچ ژنێکی دیکەی دەوروبەریاندا نەیەت ،وڵاتانی دەرەوە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتەکەیان نەکەن ،ئەوانیش لە مێزی دانوستانی ئاشتیدا جێگیر بکرێن.