خەباتی ٣٤ ساڵەی ئەڤین گۆیی ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەی ژنانە

ئەمینە کارا، بە ناسناوی ئەڤین گۆیی، یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ژنانی کورد، بە ماندووبوون و تێکۆشانی لە کۆمەڵگەدا بە درێژایی تەمەنی بوو بە نموونە و هێمای بەرخۆدان.

بەرژین کارا

 

مەخموور- لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، سێ تێکۆشەر بە ناوەکانی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لەلایەن میتی تورکەوە تیرۆر کران، دوای ١٠ ساڵ هەر لە پاریس، لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لە هێرشێكی چەکداریدا بۆ سەر ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردی ئەحمەد کایا ئەمینە کارا-ئەڤین گۆیی، پێشەنگی بزووتنەوەی ژنانی کورد و هونەرمەند میر پەروەر و نیشتمانپەروەری کورد عەبدوڵا کزل تیرۆر کران، ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئێستاش حکومەتی فەرەنسا هەوڵی دادپەروەری و دادگاییکردنی ئەو دوو بکوژە نەداوە، ئەو دوو کۆمەڵکوژییەی کە لە دژی نیشتمانپەروەرانی کورد ڕوویاندا، ناوەندەکەیان پاریس بوو، کە بووەتە جێگەی پرسیار بۆ گەلی کورد.

 

لە خەبات بۆ ئازادیی کوردستان هەمیشە پێشەنگەکانی شۆڕش کراونەتە ئامانج، بەتایبەتی ژنانی پێشەنگ، چونکە تەڤگەری ئازادی لەسەر بنەمای ئازادی ژنان بنیادنراوە و ئەمەش دەبێتە ترسێک بۆ دەوڵەتانی داگیرکەر، ئەمینە کارا، ناسراو بە ئەڤین گۆیی، یەکێک بوو لەو پێشەنگانەی لەلایەن داگیرکەرانەوە کرایە ئامانج، ئەڤین گۆیی تا دوا ڕۆژ بۆ ئازادی خەباتی کرد و بەرخۆدانی کرد، ئاسەواری خەباتی ئەو لە هەموو شارێکی کوردستاندا هەیە و لە هەر شوێنێک چووبێت بە کارەکانی سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆیدا ڕاکێشاوە.

 

 هێلین کارا، خوشکەزای ئەڤین گۆیی، باسی لە تێکۆشان و خەباتی ئەڤین گۆیی کرد و وتی: کاتێک لە ماڵەوە باسی ئەویان دەکرد، بەتایبەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قوتابخانە و مامۆستایان و کۆمەڵگە و هاوڕێکانیدا جێگەی تێڕامان بوو، کۆمەڵگەی ئەو سەردەمە و وەک ژنێکی گەنج هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە ژیانی ئێستا و ڕەتکردنەوەی ئەو ژیانە، چوونە ناو هەوڵێک و گەڕان بەدوای ژیانێکی جیاوازدا سەرنج ڕاکێش بوو، ئەو هەمیشە لە لێکۆڵینەوە و کنجکۆڵیدا بوو، بیرکردنەوەکانی دەریدەخست کە کەسێکی ئاسایی نییە.

 

"ئیرادەی ژنان بووەتە مایەی ترس بۆ دەوڵەتی تورکیا و هاوبەشەکانی"

هێلین کارا ئاماژەی بەوەدا کە هێڵی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بۆ ژنان سەرچاوەی هێزێکە بۆ خەبات و وتی: ئەو هێڵەی کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادی کۆمەڵگە و ژنان دایناوە، چەندین ژنی پێشەنگ و بەهێزی بنیاد ناوە، ئەم دەسەڵاتە هەم کاریگەری لەسەر شێوازی ژیانی کۆمەڵگە و هەم لەسەر جیهان بەگشتی هەبوو، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی پێشەنگەکانی ئەو هێڵە ببنە ئامانجی دوژمن، چونکە ئەم هێزە ئەگەر ڕێگری لێ نەکرێت دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی ئازاد بنیاد بنێت و دوژمنیش وەک هێزێکی مەترسیدار سەیری دەکات، لەسەر ئەو بنەمایەش کۆمەڵکوژییەکان ئەنجام دەدات، چونکە ئەگەر ژن ئازاد بێت، ئەوا هێز و ئیرادەی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی کۆمەڵگە، شەهیدبوونی هەڤاڵ ئەڤینیش لەو چوارچێوەدا هەڵسدەنگێندرێت، چونکە پێش ئەوە لە هەمان شوێن، بە هەمان شێوە کۆمەڵکوژییەک ڕوویدا، ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بە شەهیدبوونی سارا و هاوڕێکانی دەستی پێکرد، دوای ١٠ ساڵ ئەم کۆمەڵکوژییە لە هەمان شوێن ڕوویدایەوە، ئەمە ڕێکەوت و چارەنووس نەبوو، بەڵکو پلان بۆ داڕێژراوە.

 

"لە هەموو پارچەیەکی خاکی کوردستان شوێن پەنجەی دیارە"

هێلین کارا باسی لە ئەڤین گۆیی کرد کە وەک هەموو ژنێک داوای ئازادی دەکرد و وتی: ٣٤ ساڵ ژیان و تەمەنی خۆی بەخشی بەم تێکۆشانە، لە هەموو پارچەکانی کوردستان کار و خەباتی کردووە، خەڵک لە هەموو بەشەکانیدا شوێن پەنجەی ماندووبوون و خۆڕاگرییەکەی دەبینن، بەتایبەتی لە شەڕی داعشدا، مرۆڤ دەتوانێت ئەو کار و خەباتانە ببینێت کە بەرامبەر کۆمەڵگە کردویەتی.

 

"هیچ کەس ناتوانێت ڕێگری لە خەبات بۆ ئازادی بکات"

هێلین کارا، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە کۆمەڵکوژیی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ی پاریسی کرد و وتی: کۆمەڵکوژی ساڵی ٢٠٢٢ کە ئێمە پێی دەڵێین کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس، لە شەهیدکردنی هەڤاڵ سارا و هاوڕێکانی کە پێدەنێتە ١١ ساڵەوە دابڕاو نییە، به هەمان شێوه و له هەمان شوێن پەیامێکی دوژمن بوو له دژی گەلی کورد، کە دەتوانێت کۆمەڵکوژی بکات و لەناومان ببات، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەو هەڵوێستەی کە خرایەڕوو پەیامێکی باش بوو بۆ دوژمن، هەموو ئەو دەستانەی کە لەم کۆمەڵکوژییەدا بەشداربوون، ڕووخساری ڕەشیان دەرکەوت، بێ گومان ساڵێکە و هێشتا دادپەروەری سەبارەت بەم کۆمەڵکوژییە بەدی نەهاتووە، بەڵام هەموو هەوڵ و تێکۆشانمان لەمەودوا بۆ جێبەجێکردنی ئەم دادپەروەرییە دەبێت، هێزی کۆمەڵکوژی و هێزی پیلانگێڕ هەرگیز سەرکەوتوو نابن، چونکە خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادی سەردەکەوێت و بەدڵنیاییەوە ئەمە بە جێبەجێکردنی دادپەروەری ڕاستەقینە بەدی دێت.