"بە فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان، ژنان ڕووبەڕووی نادادپەروەری و بیرکردنەوەی دەسەڵاتداری بوونەتەوە"

ژنانی عەفرین و شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوای ئاشکراکردنی دۆخی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد دوای بوومەلەرزەکەی تورکیا و جەختیان لە زیادبوونی خەبات و بەرخۆدان کردەوە، هەتا ئەو کاتەی ئازادی جەستەیی بەدەست دەهێندرێت.

ڕووبارین بەکر

 

شەهبا- ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمراڵی لە ناوچەی گەملیک لە بورسای تورکیا بەندکراوە و دەسەڵاتداران لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە ڕێگرییان کردووە لەوەی هیچ زانیارییەک دەربارەی ئەو بڵاوبکرێتەوە.

 

لە ٤ی کانوونی یەکەم، ناوەندی زەویناسی ئەوروپا-دەریای ناوەڕاست ڕایگەیاند کە بوومەلەرزەیەک بە پێوەری ٥.١ لە ڕۆژئاوای تورکیا ڕوویداوە و ناوەندی بوومەلەرزەکە لە قووڵایی ١١ کیلۆمەتر و ٣٢ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای بورسا ڕوویداوە. 

 

ئەو ژنانەی کە ئاشنای هزری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بۆ دیموکراسی و ئازادی ژنن، بە تایبەتی ژنانی ئاوارەی عەفرین و ژنانی ناوچەی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، داوای خستنەڕووی دۆخی تەندروستی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.

 

"بارودۆخمان دوای ناسینی بیری ڕێبەر ئۆجالان گۆڕاوە"

لەمیا عەباس ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕێگەی بیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە، خۆیان و ڕۆڵی خۆیان ناسیوە و بارودۆخیان بە بەراوردکردن بە ئاشنابوون بە هزری ڕێبەری ئۆجالان جیاوازە و وتی: ئەمڕۆ دەربارەی مافەکانمان و ڕۆڵەکانمان لە کۆمەڵگەدا زانیارییمان هەیە. دابونەریتە کۆنەکان ژنانی شەهبایان سنووردار کردووە و ئەوان زیانبەرکەوتووی بیرکردنەوەی پیاوسالاری بوون، ژنانی شەهبا لە مافەکانیان بێبەشکراون و لە ماڵەکانیاندا بەندکراون، بەڵام لە ڕێگەی ناسینی بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالانەوە زنجیرەکانی کۆمەڵگەی کۆیلایەتییان شکاندووە، ڕووبەڕووی نادادپەروەری و ستەمکاری بوونەتەوە و توانای ئەوەیان هەیە بۆچوونەکانیان لە بەڕێوەبردنی ماڵ و کۆمەڵگەدا دەرببڕن.

 

لەمیا عەباس داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد دۆخی ڕێبەر ئۆجالان ئاشکرا بکەن و جەختی لەوەکردەوە، ئەو خەڵکانەی کە خاوەنداری لە بیری ڕێبەر دەکەن نیگەرانن و مافی ئەوەیان هەیە تەندروستی ئۆجالان بزانن، بەتایبەتی دوای بوومەلەرزەکەی تورکیا.

 

"تورکیا پێشێلی مافی مرۆڤ دەکات بە تایبەتی مافی دەستگیرکراوان"

حەمیدە عومەر پێیوایە بەردەوامبوونی دەستگیرکردنی ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە و شاردنەوەی باری تەندروستییەکەی هەوڵێکە بۆ ڕەشکردنەوەی هەستی ئەو خەڵکانەی کە باوەڕیان بە ئایدۆلۆژیاکەی هەیە، وتیشی: دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی سیاسەتی خۆیەوە هەوڵدەدات ئیرادەی ئەو خەڵکانە بشکێنێت کە ئارەزووی ئازادی و دیموکراسی دەکەن، وەک کردارەکانی داگیرکاری تورکیا بە سەپاندنی گۆشەگیری و توندکردنەوەی بەسەر فەرماندە ئۆجالاندا، ڕێگەنەدان بە سەردانیکردنی لەلایەن خزم و پارێزەرەکانەوە سیاسەتێکە کە یاساکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات، بەتایبەتی دەستگیرکراوەکان.

 

حەمیدە دەربارەی ئەوەی کە ڕوودەدات بە "جەنگی لەناوبردن" پێناسەی کرد، ئەو خەڵکانەی داوای ئازادی و پێکەوەژیان دەکەن بەگوێرەی بنەماکانی دیموکراسی ڕووبەڕووی دەبنەوە و جەختی لەوەکردەوە کە پلانگێڕییەک هەیە دژی ئەو گەلانە لەلایەن وڵاتە هەژموونیەکانەوە، وتی: ئاشتی ناتوانێت بەدەستبێت بەبێ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد، بەتایبەتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، چونکە ئازادیی ئەو ئازادی هەموو گەلانە و تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوەی دەناڵێنێت.

 

"دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەربەست لەبەردەم گەلان و ڕیبەردا دابنێت"

زەینەب حوسێن وتی: بیری ڕێبەر ئۆجالان ئامانجی ڕزگاربوون و هۆشیاری و پێشکەوتنی ژنانە و ئێمە ئەم بیرۆکەیە بە فەلسەفەیەک دەزانین بۆ خۆمان، بۆیە دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی سیاسەتی خۆیەوە کار دەکات بۆ ئەوەی لەم بیرە دوورمان بخاتەوە و بەربەستێک لەنێوان ڕێبەر ئۆجالان و ئەو گەلانەدا دابنێت کە باوەڕیان بە چارەسەرەکانی هەیە.

 

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بە ڕێبەرایەتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی دەستگیرکراوان داوای ئاشکراکردنی دەستبەجێی دۆخی ڕێبەر ئۆجالان و ئازادکردنی جەستەیی و بەرپرسیارێتی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەن لە تاوان و کردارەکانیان دژی ئۆجالان و گەلی کورد.

 

"بە بیری ڕێبەرایەتی ڕووبەڕووی بیری دەسەڵاتداری وەستاین"

هێڤین محەمەد، ئاماژەی بەو گۆڕانکارییانە کرد کە لە کەسایەتی ژناندا ڕوویدا دوای ئەوەی بە بیری ڕێبەر ئۆجالان ئاشنا بوون، وتی: بیری ڕێبەر ئۆجالان ڕێگای ئازادی لەبەردەم ژناندا ڕووناک کردەوە و ئەو هێزە کەسایەتییەی پێداین کە ڕووبەڕووی ئەو بیرە دەسەڵاتدارییە ببینەوە کە لە مافەکانمان و ڕۆڵمان لە کۆمەڵگەکانماندا بێبەشی کردووین، بۆیە بیرۆ و فەلسەفەی ڕێبەرمان ناسی.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە بەرامبەر ئەوەی کە ڕێبەر ئۆجالان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، وتی: بێدەنگ نین لەبەردەم کردارەکانی تورکیا دژی ڕێبەر ئۆجالان، کڕنۆش بۆ سیاسەتەکانی داگیرکاری تورکیا نابەین، بەتایبەتی ژنان دوای ئەوەی لە ئازادییەکەیان فێر بوون، هەروەها خەباتمان بەرز دەکەینەوە.