شۆخان میرزا: پێویستە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە میدیادا ژنبوونی خۆیان بپارێزن

دروستبوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە و بەشێکیان سەر بە دەسەڵاتن و بەشێکیشیان ئازادانە کار دەکەن، لە نێویشیاندا ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕۆڵیکی کاریگەر دەبینن لە خستنەڕووی ڕاستی بابەتەکان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە باشووری کوردستان چەندین دەزگای ڕاگەیاندن هەن کە دابەش دەبن بەسەر دوو لایەندا، لایەنێکیان سەر بە دەسەڵات و سێبەری دەسەڵات و حزبن، بە پێی شێوازی کارکردنی حزب کارەکانیان ئەنجام دەدەن و پرسەکانی ژن بە لاڕێدا دەبەن، بەشێکیشیان ڕاگەیاندنی ئازادن کە هەموو پرسەکانی کۆمەڵگە باس دەکەن بە تایبەتی پرسەکانی ژنان، لەم نێوەندەشدا ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە.

 

"بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان لە جەوهەری ژن دەدەن"

شۆخان میرزا، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، ڕاگەیاندن بە گشتی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئاڕاستەکردن و پرسەکانی کۆمەڵگە، ئیتر ئەگەر ئەو پرسانە تایبەت بن بە ژنان یان بابەتی گشتی بن، لە ئێستاشدا ڕێڕەوی ڕاگەیاندن لە بەشێک لە دەزگاکاندا بەلاڕێدا ڕۆشتووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری سیستەمی دەسەڵاتداری و سەرمایەداری لەسەر ڕاگەیاندنەکان، لە ئێستاشدا کە توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان زیادی کردووە، سەیر دەکەین ناوەڕۆکی بابەتی ڕاگەیاندنەکان لێدانە لە پرسەکانی ژن، لێدانە لە کەسایەتی و جەوهەری ژن، ڕاگەیاندن لە ئێستادا قۆرخکاری دەکات، بۆ کۆکردنەوەی بینەر و لایەنێک دەهێنێتە سەر شاشە لە ڕووی ئایدۆلۆژیەوە لە پرسە نەتەوەییەکان و ژن دەدات.

 

"بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان هەوڵ دەدەن کوشتنی ژنان بخەنەوە ئەستۆی ژنەکە خۆی"

شۆخان میرزا ئەوەشی خستەڕوو، جێگەی خۆشحاڵیە لە ئێستادا ڕاگەیاندنی ئازاد هەیە و کار لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان و ژن دەکات، ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانە شێوازی کار کردنیان دیارە بە شێوەیەکی ڕاستی لەسەر بابەتەکان کار دەکەن، ڕاگەیاندنە حزبییەکانیش ڕەوتی کار کردنی ڕاستەقینەیان لەدەستداوە و لە کۆمەڵگەشدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینرێن، ڕاگەیاندن دیوێکی باشی کۆمەڵگە و ئەو دیوەشی نەنگیەک دروست دەکات پیشان دەدات، هەندێک جار کاتێک هەواڵی کوشتنی ژنێک بڵاو دەکرێتەوە، دەبینین بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان ئەوەندەی هەوڵ دەدەن هۆکاری کوشتنەکە بخەنەوە ئەستۆی ژنەکە خۆی، ئەوەندە بەدوای ڕاستیەکاندا ناگەڕێن و ئەوە پیشان نادەن ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت ڕیشەدارە لە کۆمەڵگەدا و دەبێت چارەسەر بکرێت.

 

"ڕۆژنامەنووس دەبێت ئازاد بێت لە گرتنە دەستی بابەتەکان"

شۆخان میرزا باسی لەوەشکرد، پێویستە ڕۆژنامەنووسان هۆشیاریان هەبێت لەسەر هەموو بابەتەکان، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە، ڕۆژنامەنووسی ئازاد بن بەرامبەر هەموو ئەو کێشانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن، ڕۆژنامەنووسی ئازاد و ڕاگەیاندنی ئازاد ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە گرتنەدەستی پرسەکانی ژنان، چونکە تا توندوتیژییەکانی سەر ژنان زیاتر بێت، کۆمەڵگە زیاتر بەرەو هەڵدێر دەڕوات و کاریگەری لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی دەبێت و داگیرکاری لەسەر خاکی کوردستان زیاتر دەکات.

 

وتیشی: دەزگایەکی ڕاگەیاندن کاتێک بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری کار دەکات، بێگومان کاریگەری لەسەر ڕۆژنامەنووسانی ژن دەبێت، ژنان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە خستنەرووی ڕاستی بابەتەکانی پەیوەست بە ژنان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، بەڵام ئێمە ئەگەر ببینین ژنان بە ئیرادەیەکی بەهێز و بە ئایدۆلیژیایەک کار ناکەن و کاریگەری ئەقڵیەتی پیاوسالارییان لەسەر بێت، دەبێت بگەڕێینەوە سەر ناسینی خودی ژن، کە مافەکانی خۆی وەکو ژن باش بزانێت.

 

لە کۆتاییدا شۆخان میرزا وتی: ڕۆژنامەنووسانی ژن هۆشیارییەکیان هەیە بەرامبەر مافەکانی خۆیان، دەبێت بە شێوەیەک کار بکەن ئیرادەی ژنبوونیان بپارێزن و ئەو پیشێلکاری و توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت، بیانخەنە پێشچاوی بینەر.