ژنانی گەنج: فشاری کۆمەڵگە هۆکاری خۆکوشتنی ژنانە

ژنانی گەنج باس لە هۆکارەکانی خۆکوشتنی ژنان دەکەن و دەیخەنەڕوو، فشاری کۆمەڵگە و پیشاندانی خۆکوشتن وەک پاڵەوان لە فیلمەکاندا، پاڵنەری زیادبوونی خۆکوژییە لەناو گەنجاندا.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- ژنانی گەنج لە زانۆی کۆیە، باس لە هۆکار و پاڵنەرەکانی خۆکوشتنی ژنان و گەنجان دەکەن و پێیان وایە فشاری کۆمەڵگە هۆکاری زیادبوونی خۆکوشتنی ژنانە و میدیاش ڕۆڵی کاریگەری هەیە.

 

بێگەرد مستەفا، پێی وایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری سەرەکین لە زیادبوونی خۆکوشتن، چونکە کاتێک پاڵەوانێک لەناو فیلمەکان خۆی دەکوژێت وەکه هێزێک نیشانی بینەرەکان دەدرێت، ئەمەش زیاتر کاریگەری لەسەر گەنجان دروستدەکات، چونکە وەک هێز و توانایەک دەیبینێت و کاتێک تووشی کێشە دەبێت بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە، وتیشی: یەکەم شت کە پێویستە بکرێت سنورێک دابنرێت بۆ پەخشکردنی فیلمەکان و بەتایبەت ئەو فیلمانەی کە پاڵەوانەکان ڕۆڵی خراپ دەگێڕن و خۆیان دەکوژ و یان ئالوودەن بە ماددەی هۆشبەر.

 

سۆز محەمەد دەڵێت: خۆکوشتن لە ئەنجامی فشاری کۆمەڵگەیە، چونکە هەموو کات چاوەڕێی شتی زۆر  باش و گەورەت لێدەکەن، کە زۆر زیاترە لە توانای کەسەکان بۆ ئەنجامیدان، ئەمەش وادەکات بیر لە خۆکوشتن بکەنەوە، سەرەتا هەر کەسێک بیرۆکەی خۆکوشتنی بەمێشکدا دێت ناتوانێ جێبەجێی بکات، مەگەر بەهۆی ئەو فشارە زۆرە نەبێت کە لەلایەن کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بۆیە پێویستە سەرەتا لە خێزان دواتر لە کۆمەڵگەوە دەست بە چاکسازی بکەین.

 

میهناز جەبار ئاماژەی بەوەدا زاڵبوونی کولتوری دەرەوەی وڵات بەسەرماندا، لەگەڵ فەرامۆشکردنی نەتەوە و هەستی نیشتمانپەروەری و نەبوونی خێزانی باش و کۆمەڵگەی باش و مانەوەی کولتووری پیاوسالاری لەناو کۆمەڵگەدا، وادەکات ژنان پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن.

 

بێگەرد محەمەد باسی لەوەکرد، "لە ڕابردووەوە بە کەم سەیری ژنان کراوە، سەرەتا کچ و ژنیان زیندە بەچاڵ دەکرد، بەڵام لە  سەردەمی ئێستادا هۆکارەکەی دەگەڕێنمەوە بۆ تەنیای و فەرامۆشکردنی ژنان، زیاتر گرنگی بە کوڕ دەدەن، کچیان بۆ شووکردن داناوە لە ماڵەوە و کوڕیان بۆ کاروباری دەرەوە داناوە.

 

بێگەرد محەمەد کاریگەری خێزان لەسەر منداڵەکان بە هۆکارێکی دیکەی پاڵنەری خۆکوشتن دادەنێت، کە کاتێک کێشە خێزانییەکان دەبنە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی خێزان و دووبارە بنیادنانەوەی خێزانێکی دیکە لەلایەن باوکەوە، دەبێتە هۆی فشاری دەروونی بۆ سەر ژنانی گەنج و پاڵنەری خۆکوشتنی ژنانی گەنجە.

 

ڕۆشنا عەزیزی، نەبوونی ئامانجێکی دیاریکراو کە ژنان هەوڵی بۆ بدەن بە پاڵنەری خۆکشتن دەزانێت و وتی: دەبێت ئامانجی دیاریکراومان هەبێت، بۆ نموونە ئەگەر دایکە منداڵی باش پەروەرە بکات بۆ ئەوەی سود بە کۆمەڵگە بگەیەنێت، جگەلەوە، لە منداڵیەوە فێرمان دەکەن تۆ کچیت ئەمە عیبە ئەمە شەرمە، پێمەکەنە، قسە مەکە، فێرمان ناکەن چۆن خۆمان بە گرنگ بزانین و خۆمان پیشان بدەین، بۆیە پێویستە هانی ژنان و کچان بدەین بۆ خوێندن و کارکردن و پیشاندانی دەست ڕەنگینی و بەهرەکانیان، هەم بۆ ئەوەی ببنە خاوەن کاری خۆیان هەم بۆ ئەوەی فێربن پشت بەخۆیان ببەستن و بەشێوەیەک سەرقاڵی ژیانی خۆیان بن، کە دووربن لە بیرکردنەوەی نەرێنی و خۆکوژی.