چیرۆکی سێ ژن بە بارتەقای مێژووی گەلێک

چیرۆکی ئەو ژنانەی کە ئەگەر زیندانی بکرانایە بە هەزاران لۆمە و تانەیان دەخرایەپاڵ، بەڵام لەپێناو ڕێباز و بیر و باوەڕی کوردایەتی هەموو هێز و توانستی خۆیان بەخشی بە ئازادی و پاراستنی خاک و نیشتمان.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- ژن کاتێك بەهێز و بە توانا و گەشبین بێت، باوەڕی تەواوی بە تواناکانی خۆی هەبێت دەتوانێت نەریوە دواکەوتووەکانی کۆمەڵ بشکێنێت و سەرکەوتوو بێت، بەسەر تەگەر و بەربەستەکاندا زاڵ بێت، سەرکەوتنی ژن لە ژیاندا هەموو لایەنەکان دەگرێتەوە، دایکایەتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئارەزووە هونەرییەکان، تێکۆشان، شەڕ و بەرهەڵستکاری، خواستی ئاشتی و ئازادی و ....

 

بەشداری ژن لە خەبات و تێكۆشان لەسەر ئاستی ژنی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەدەبی توانیویەتی کۆمەڵگە بەرەوپێش ببات، لەم ڕاپۆرتەدا، بە سوود وەرگرتن لە پەرتووکی "گوڵدانی ژن"ی نەرمین عوسمان، مێژووی سێ ژن دەهێنینە بەرچاو کە ساڵانێک لەپێناو ماف و ئازادییدا تێکۆشان و بەرەنگار بوونەتەوە.

 

زەکیە ڕەشید؛ مامۆستایەک بە ڕەنگی ژیان

زەکیە ڕەشید، مامۆستا و پەروەردەکار و وەرزشەوان و نووسەر و دایکێکی میهرەبان، لە ١٤ی تەمووزی ١٩٤١ لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی لە خانووەیەکی گڵی کۆنی گەورەی خدر ئاغا لەدایکبووە، باپیرە گەورەیان بەشێک لە خانوەکەی بەخشیبوو بە مزگەوت، کە ئەمرۆ پێی دوترێت مزگەوتی "بن تەبەق".

 

زەکیە ڕەشید لە سەرەتای ژیانیەوە ئارەزووی بۆ خوێندن هەبووە و چاوی لەوە بووە وەک خوشکە گەورەکەی بچێتە بەر خوێندن، خوێندکارێکی زیرەک و چالاک بووە، ئارەزووی بووە لە زانکۆ بخوێنێت، بەڵام لەبەر گرفتی خێزانی کە برا گەورەکەی کۆچی دوای کردبوو، باوکی هانیدا بچێتە خانەی مامۆستایان و بە پلەی یەکەم قۆناغەکەی تەواو کردووە و لە ٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٢ وەک مامۆستای وەرزش لە خوێندنگەی ناوەندیی هونەری مال و خوێندنگەی نەسرین دامەزراوە، ئەوکات وانەی وەرزش لە خوێندنگەکاندا بە وانەیەکی لاوەکی دادەنرا، بەڵام زەکیە توانی گیان بە بەری وەرزشدا بکاتەوە و بیکاتە وانەیەکی گرنگ لە خوێندنگەکەیدا، هەروەها لە نووسیندا توانایەکی باشی هەبوو، خاوەنی ١١ کتێبە حەوتیان بە چاپ گەیەنراون، چوار کتێبیان چاپ نەکراون، ووتاری لە "گۆڤاری ئاییندەسازی" لەسەر باباتی جیاواز لە ژێر ناونیشانی کاری خۆبەخشی لە کولتووری کوردیدا لە شار و گوندەکانی کوردستان بڵاو کراونەتەوە، لە ماوەی یەک ساڵدا ١١ چیرۆکی نووسیوە و بەرهەمی هۆنراوەی لە ڕۆژنامەی قوتابیاندا بڵاوکردووەتەوە، نمونەیەک لە هۆنراوەکانی؛

 "ڕەوڕەوەی مێژوو ناگەڕێتەوە

خەباتی سەختیش ناسڕێتەوە"

 

شەمسە عەبدولقادر؛ ژنێک ترس و تۆقینی بەعس کۆڵی پێنەدا و سەری هەر بە بڵندی مایەوە

شەمسە عەبدولقادر ژیانی لەگەڵ ئازار و ناخۆشیدا تێپەڕاند، لە کۆتاییدا بووە یەکێک لە ژنە شۆڕشگێڕەکان، بەڵام لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا نیشانەکراوە و لە ١٤ ساڵیدا بەشوو دراوە، دوای ئەوەش ژیانێکی قورسی خێزانی ژیاوە، شەمسە لە ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی جافەرانی سەر بە ناوچەی قەرەداغ لە خێزانێکی مامناوەند بە هەموو دابونەریتێکی کوردەوارییەوە لەدایکبووە، یەکەم منداڵی خێزانەکەیان بووە و تاکو پۆلی دووەمی سەرەتایی خوێندووە.

 

شەمسە عەبدولقادر، وەک ژنە کوردێک پاڵپشتی هاوژینەکەی دەکرد لە ڕێکخستنە حزبییەکاندا و ئەرکی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی گرتە ئەستۆ، لەو کاتەشدا ژن خەبات و تێکۆشانی دەکرد بۆ بەرەنگاربوونەی ڕژێمی بەعسی فاشیست، شەمسە بێ ڕەچاوکردنی ئەو تێڕوانینەی کە ئەگەر ژنێک زیندانی بکرایە لەلایەن ڕژێمەوە هەزاران لۆمە و تانەی دەخرایە پاڵ، بەردەوام بوو لە تێکۆشان و لە داوی شەهیدبوونی هاوژینەکەشی توانی بێ ئەوەی ببێتە بارگرانی بۆ کەسانی تر منداڵەکانی پەروەدرە بکات و بیانگەیەنێتە ئاستی بەرز لە کۆمەڵگەدا.

 

ئەمیرە محەمەد؛ ژنێک ئازارەکانی نیشتمان دەنووسێتەوە

ئەمیرە محەمەد ئەو ژنەی بەردەوامە لە نووسینەوەی ئازارەکانی نیشتمان، لە ساڵی ١٩٥٢ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، سەرەتای خوێندنی لە قوتابخانەی سەربەستی سەرەتایی کچان دەستی پێکردووە، لە دواناوەندی سلێمانی کچان لە بەشی وێژەیی بووە و کۆلێژی ئاداب بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی سلێمانی بە پلەی زۆر باش تەواو کردووە، سەرەتای کار و چالاکییەکانی لە یەکێتی قوتابیان بووە، لە ساڵی ١٩٧٠ بۆ ١٩٧١ پەیوەندی بە ئەڵقەی ڕۆشنبیرییەکانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستانەوە کردووە وەک کادر خەبات و کار و چالاکی دەکرد.

 

ئەمیرە محەمەد لە ساڵی ١٩٥٨ سنووری چالاکییەکانی لە شارەوە گواستەوە بۆ شاخ و لەگەڵ دکتۆر شێرکۆی هاوژینی دەستی بە خەبات کردووە، لە دوای ئەنفال ئاوارەی ئێران بووە و لە هەمان کاتدا بەشداری چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کردووە، یارمەتی دکتۆر شێرکۆی هاوژینی داوە بۆ چارەسەری بریندار و نەخۆشەکان، دوای ڕاپەڕین بووە کادر لە مەڵبەندی سلێمانی و لە ساڵی ١٩٩٢ پەیوەندی بە یەکێتی ژنانی کوردستانەوە کردووە.

 

ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە لە دامەزراندن و بڵاوکردنەوەی "گۆڤاری تەوار" چەندین بابەتی گرنگی سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی ژن لە کایە ساسی و مەدەنییەکان نووسیوە و بەشێک لە بڵاوکراوەکانی بەناوی خوازیارەوە بووە، خاوەنی دەیان پرۆژەی جوانە و دامەزرێنەری پرۆژەی چنینی "فەرش، بەرە" بۆ خزمەتی پاشماوەی ئەنفال.

 

ئەمیرە محەمەد لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق بەشداری لە کۆنگرەی دەنگی ژنانی عێراقدا کردووە و سەردانی ناوچە دابڕاوەکانی کردووە بە مەبەستی کردنەوەی خوێندنگەی کوردی، لە ساڵی ٢٠٠٧ دەستی بە نووسینەوەی مێژوو کردووە و سەردانی ماڵان دەکات و چاوپێکەتن لەگەڵ تێکۆشەران دەکات، هەر لەو ساڵەشەوە بووەتە بەڕێوەبەری مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسورەکە، جگە لەوەش بەشداری دەیان پرۆژەی سەردەمیانەی کردووە و یەکەم پەرتوکی خوێندنی بۆ باخچەی ساوایان ئامادە کردووە بە ناونیشانی "خونچەکانی بەهار".

 

ئەمیرە محەمەد وەک مێژوونووسی ژن لە ئێستادا دەیان پێشەنگا، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لە پرۆژەکانی دیاری ئازاد ئامادە کردووە، دەیان پەرتوکی لە تەواوبووندایە و چەند پەرتوکێکی نووسراویشی هەیە.