لە یەمەن، ژنێکی گەنج لە ململانێی نێوان شەڕ و ئاشتیدا جێی خۆی کردووەتەوە

مەها عەون وەک دەنگێکی چالاکی گەنجان سەریهەڵدا،لە هێڵەکانی پێشەوەدا جووڵەی کرد، سەرکردایەتی دەستپێشخەرییە مرۆییەکان و بەهێزکردنەکانی کرد، بووە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکان کە هەوڵی دروستکردنی ئاشتی و بەهێزکردنی ژنان و گەنجانی یەمەن دەدات.

ڕەحمە شەنزور

 

یەمەن- لە نێوان کۆڵانە تەسکەکانی شەڕ و هێڵەکانی پێشەوەی سووتاو لە شاری تەعز، لەگەڵ ساڵانی سەختی ململانێ گۆڕا بۆ ئەزموونێکی مەیدانی کە لە دەستپێشخەرییە خۆبەخشییە ناوخۆییەکانەوە بردییە سەر پلاتفۆرمە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کە پەیوەندییان بە پرسەکانی ژنان و گەنجان و ئاشتییەوە هەبوو.

 

لە ڕێگەی گەشتە مەترسیدارەکان لە نێوان ناوچە جێناکۆکەکان و بەڕێوەبردنی دەستپێشخەرییە مرۆییەکان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا، مەها عەون توانی خۆی وەک دەنگێکی گەنجان جێگیر بکات، کە هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی شەڕ و بەهێزکردنی ژنان و بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دەدات لە شارێکدا کە بەهۆی چەندین ساڵ لە ململانێکانەوە ماندوو بووە.

 

مەها عەون، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی"كيان السلام والتنمية" ”ئاشتی و گەشەپێدانی کیان” وتی: لە ناوچەیەک کە لەلایەن لایەنێکەوە کۆنترۆڵکرابوو بۆ لایەنێکی دیکە دەجووڵام، ئەمەش لە ژیانیدا بەدەر نەبوو، بەڵکو ڕۆتینێک بوو کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ لەگەڵیدا ژیاوە، کاتێک ململانێی یەمەن لە لوتکەدا بوو.

 

کاری مرۆیی و کۆمەڵایەتی

بەشداریکردنی مەها عەون لە کاری کۆمەڵایەتیدا پەیوەندی بەو ململانێیەوە نەبووە، لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەشداربووە لە دەستپێشخەرییەکانی گەنجان کە تیایدا گرنگی بە پشتیوانی دەروونی و چالاکییە مرۆییەکان و بەهێزکردنی ژنان و گەنجان دەدا، بەڵام سەرهەڵدانی ململانێکان لە ساڵی ٢٠١٥دا بەتەواوی ڕەوتی ژیانی گۆڕی، دوای ئەوەی خوێندنی زانکۆیی ڕاگیرا و شارەکە بوو بە مەیدانی شەڕێکی کراوە.

 

وتیشی: لە ساڵی ٢٠١١-٢٠١٢ دەستم بە کاری کۆمەڵایەتی کردووە، لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانی گەنجان کە گرنگییان بە پشتیوانی دەروونی و چالاکییە مرۆییەکان و بەهێزکردنی ژنان و گەنجان داوە، هەروەها ئەزموونێکی بەرچاوم لە کاری کۆمەڵایەتیدا بەدەستهێنا، بەڵام ساڵی ٢٠١٥ هەموو شتێکی گۆڕا.

 

مەها عەون ئەو ساڵە بەبیر دێنێتەوە و وتی: ئێمە لە زانکۆ بووین، لەناکاو گروپە چەکدارەکان لە ناو کامپەکەدا دەرکەوتن، من پێشبینیم دەکرد بۆ ماوەی یەک دوو هەفتە وانە خوێندن ڕابگیرێت، بەڵام بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو ڕاگیرا.

 

بەڵام لەبری ئەوەی بێهیوا بێت، ئەو قۆناغەی وەک دەرفەتێک دەبینی بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی گەورەتر بگێڕێت، ڕووی لە کاری مرۆیی مەیدانی کرد، لە نێوان ناوچە جێناکۆکەکاندا دەجووڵایەوە بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی فریاگوزاری و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان، لە کاتێکدا مەترسییە ئەمنییەکان و سەختی جووڵە بەشێک بوون لە ژیانی ڕۆژانەی.

 

مەها عەون ئەو گروپانە دەخاتە ڕوو کە بەهۆی ململانێکانەوە کاریگەرییان لەسەر بووە، وتی: ئێمە باس لە ژنانی ئاوارە، پزیشک، مامۆستا و خوێندکاری کچ دەکەین، کە هەموویان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر بووە، فشارەکان و بارگرانییەکان دوو هێندە زیادیان کردووە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ژنان بوونە بژێوی ئابووری، چوونە دەرەوە بۆ گەڕان بەدوای کاردا لەکاتێکدا هێشتا پشتگیری و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان دەکەن لە ماڵەوە.

 

مەها عەون ساڵی ٢٠١٦ی بە ساڵێکی نوقمبوو لە کاری مرۆیی پێناسە کرد، چونکە لە نێوان ئەو ناوچانەی کە لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە کۆنترۆڵکراون، جووڵەی کردووە بۆ بەردەوامبوون لە چالاکییەکانی، لە گروپەکانی دابەشکردنی ئاوەوە تا دەستپێشخەرییەکانی سەبەتەی خۆراک و پڕۆژەکانی گۆڕینی مرۆیی کە تێیدا لەگەڵ گروپەکانی گەنجان بەشداریی کردووە.

 

سەختترین ئاڵەنگاری ڕووبەڕووی بووەوە بەبیر دێنێتەوە، وتی: سەختی جوڵە و دۆخی ئەمنی، هەندێکجار دەبوو یەک دوو کاتژمێر چاوەڕێ بکەم تا پێکدادانەکان کەم دەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانم بپەڕمەوە بۆ لاکەی دیکە، باسی بارودۆخی سەختی ئابووری و ژیان ناکەم، تەواوی کۆمەڵگەی یەمەن، بە تایبەت لە توعز، بە بارودۆخێکی ناوازەدا تێپەڕین.

 

لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی مرۆیی لە ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨، سەرنجی ئەو فراوانتر بوو، بۆ ئەوەی ئاشتی و چارەسەرکردنی ململانێی کۆمەڵایەتی لەخۆبگرێت، ئەمەش لەو باوەڕەوە سەرچاوەی گرت کە شەڕەکە نەک تەنها قەیرانێکی مرۆیی دروستکردووە بەڵکو دابەشبوونی کۆمەڵایەتی لەناو خودی کۆمەڵگە ناوخۆییەکانیشدا دروستکردووە.

 

بونیادنانی ئاشتی و چارەسەرکردنی ململانێکان و بەهێزکردن

ڕوونی دەکاتەوە، جەنگەکە ململانێی کۆمەڵایەتی لەناو گەڕەکەکان و کۆمەڵگە بچووکەکاندا لەسەر پرسە سادەکان دروستکرد، من باوەڕم وابوو کە بونیادنانی ئاشتی لە بنەڕەتەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە سەرنجم لەسەر چارەسەرکردنی ململانێ ناوخۆییەکان بوو، هەروەها بەهێزکردنی ژنان و گەنجان لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە و دەستپێشخەرییەکانی گەنجان هەموویان پەیوەستن بە بونیادنانی ئاشتی، هەروەها هاوکارییە مرۆییەکان و بوژانەوە و وەڵامدانەوەی فریاگوزاری، لەو قۆناغەوە تا ئێستا کارم لەسەر بونیادنانی ئاشتی و چارەسەرکردنی ململانێکان و بەهێزکردنی ژنان و گەنجان کردووە، چ بە شێوەیەکی سەربەخۆ و چ لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە.

 

ئەمڕۆ، مەها عەون لە چەندین لوتکەی سەرکەوتندا وەستاوە، هەریەکەیان نیشانەی تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام ئەوەی زۆر بە نرخی دەزانێت کارەکانییە لەسەر پڕۆژەکانی گواستنەوەی پارە لە ساڵی ٢٠١٦، هەروەها لەنێو ئەو کەم کەسانەدا بووە کە ڕاستەوخۆ لە ناوچە جێناکۆکەکاندا کاریان کردووە، توانیویەتی کاریگەری لەسەر چەندین ڕێکخراو و دامەزراوە دروست بکات بۆ ئەوەی دەستی بگاتە ئەو ناوچانەی کە گەیشتن پێیان سەختە.

 

بەهۆی هەوڵەکانی ئەو، گروپە مرۆییەکان توانیان بگەنە ئەو خێزانانەی کە زۆر پێویستیان بە پشتیوانی و هاوکارییە، دوای ئەوەی پێشتر ئەم ڕێکخراوانە ڕووبەڕووی کێشەی بەرچاو بوونەتەوە لە چوونە ناو ناوچە جەنگییەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٨، لە ڕێگەی هەوڵەکانی خۆمەوە، توانیم زیاتر لە سەد ژن لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێز بکەم و زیاتر لە پەنجا گەنج لە ڕێگەی پڕۆژەی بچووکەوە، کە ئەمەش بڕگەیەکی گەورەیە لە ژیانی پیشەیی خۆمدا.

 

کاری نێودەوڵەتی

ژیانی پیشەیی مەها عەون تەنها لە کاری ناوخۆییدا سنووردار نەبوو، بەڵکو لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٦، گواستنەوەی بۆ کاری نێودەوڵەتی کردووە، ئەم بەرکەوتنە بووە هۆی ئەوەی کە ناسنامەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بەدەستبهێنێت، جگە لەوەی لەلایەن ڕێکخراوەکانی وەک ”فليرشايب” ڕێزی لێدەگیرێت، وتی: لەلایەن ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک یەکێک لە زیاتر لە ٤٧ کەس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا هەڵبژێردراوم بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ کار لەسەر پرسەکانی ژنان و یەکسانی ڕەگەزی بکەم.

 

ئەمڕۆ مەها عەون خەریکی خوێندنی ماستەرە لە مێژوو و زانستە سیاسییەکان و گرنگی بە "نێوەندگیری و دانوستان" دەدات، ئەم پسپۆڕییە تەنها ئەکادیمی نییە، بەڵکو ئەوە درێژکراوەی ئەزموونی مەیدانی ئەو ژنەیە کە نێوەندگیری لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا دەکات بۆ کردنەوەی ڕێگاکان و چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکان.

 

مەها عەون ئاواتەخوازە بڕوانامەی دکتۆرای تەواو بکات و دواتر لە "چارەسەرکردنی ناکۆکی نێودەوڵەتی، باڵیۆزخانەکان، یان وەزارەتەکانی دەرەوە" کار بکات، بەڵام گەورەترین خواستی ئەو، وەک خۆی باسی دەکات، ئاگربەستە، کە ئەمەش داواکاریی هەموو گەنج و ژنێکە لە یەمەن یان لە تەعز، وەستاندنی شەڕ پەیوەستە بە ژیانێکی پارێزراو و بەرهەمدارەوە، کە گۆڕانکاری بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە دروست دەکات، هەروەها ئاواتەخوازم ئینکوباتۆرێک کە گەنجان و ژنان بەهێز بکات و هۆشیارییان لە هەموو بوارەکاندا بەرز بکاتەوە، بەهێزکردنی ئابووری بناغەیە، کاتێک بژێوی ژیانی ژن باشتر دەبێت، دەتوانێت بیر لە بەشداریکردن لە کاری بونیادنانی ئاشتی و سیاسی بکاتەوە.