چیمەن دوای کۆچی دوایی دایکی ژیانی سەخت دەبێت

چیمەن ناوی خوازراوی ژنێکی گەنجە کە لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا و دوای مردنی دایکی ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، ئەو چیرۆکەکەی دەگێڕدرێتەوە کە یەکەم توندوتیژی دەرکردنی بوو لە خوێندن لەلایەن باوکییەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە کۆمەڵگەیەکدا، کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەریدا و دابونەریتەکەی ڕەوایەتی بە پیاوان داوە توندوتیژی بەرامبەر ژنان بکەن، چیرۆکەکانی توندوتیژی سەر ژنان لە دادگاکاندا زیاد دەبن و هەر ڕۆژە و گوێمان لە چیرۆکێکی ناخهەژێن دەبێت، نیگار محەمەد، پارێزەر لە دادگای سلێمانی، یەکێک لەو کەیسانە باس دەکات کە چۆن ژنێکی گەنج لە تەمەنێکی کەمدا توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت.

 

چیمەن ئەحمەد ناوی خوازراوی ژنێکی گەنجی ٢٠ ساڵە، کە ماوەی ٢ ساڵە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و چیرۆکەکەی بەمشێوەیە دەستپێدەکات؛

 

من و براکەم لەگەڵ دایک و باوکمان ژیانێکی ئاسایی دەژیاین، تا ئەو کاتەی دایکم نەخۆش کەوت، دایکم نزیکەی ساڵێک بە دەم نەخۆشییەوە دەیناڵاند، بەڵام بەداخەوە کۆچی دواییکرد، ئەوە ناخۆشترین ڕۆژ بوو بۆ من، چونکە من ئەو کاتە تەمەنم ١٦ ساڵ بوو و براکەشم تەمەنی ١١ ساڵ بوو، نەمدەزانی چی بکەم، بۆیە باوکم وتی دەبێت واز لە خوێندن بهێنێنیت، هەرچەندە زۆر خەمبار بووم ، بەڵام ناچاریش بووم، چونکە دەبوو براکەم بخوێنێت و ئەو لە من منداڵتر بوو تا واز لە خوێندن بهێنێت و دەست بکات بە کار کردن، من وازم لە خوێندن هێنا و باوکیش کرێکاری دەکرد، ژیانمان بەردەوام بوو تا ساڵێک.

 

بڕیارەکەی باوکی وا دەکات چیمەن ڕووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە

دوای ئەوەی ساڵێک تێپەڕبوو بەسەر کۆچی دوایی دایکیدا، چیمەن و براکەی ژیانێکی بێ دایکی بەسەر دەبەن، باوکی بڕیار دەدات دووبارە ژیانی هاوژینی پێکبهێنێتەوە، دوای مردنی دایکی ئەم قسەیەی باوکی ناخۆشترین شتە کە چیمەن دەیبیستێت، بەڵام چیمەن هیچ ناڵێت، باوکی ژنێکی تر دەهێنێت، چیمەن هیوایەکی هەیە کە دایکی دووەمی هاوکاریان دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە بوو، هەرچەندە ئەنجامدانی ئەو کارە زۆرەی ماڵەوە قورس دەبێت بۆ چیمەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت.

 

چیمەن توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت تا ساڵێک و تەمەنی دەبێتە ١٨ ساڵ، ئەم توندوتیژییانەی خێزانەکەی وا لە چیمەن دەکات بریارێک بدات کە نەزانێت لە دواڕۆژدا ئەو بڕیارە چۆنە بۆی، بڕیار دەدات لەگەڵ پیاوێک ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت کە جیاوازیەکی زۆری تەمەنیان هەیە و پیاوەکە ١٩ ساڵ لە خۆی گەورەترە، بەڵام چیمەن ئامادەیە بە بێ بیرکردنەوە لەگەڵی بژی، چونکە ناتوانێت چیتر ئەو توندوتیژیانەی خێزانەکەی قبوڵ بکات.

 

توندوتیژیەکان بە درێژایی ژیانی چیمەن بەردەوام دەبێت

چیمەن هەرچەندە بۆ ڕزگار بوون لە توندوتیژی خێزانەکەی لەگەڵ پیاوێک ژیانی هاوژینی پێکهێنا، بەڵام ئەمە تەنها خەیاڵێک دەبێت و ژیانی ڕاستی چیمەن دووبارە توندوتیژی تیادا ئەنجام دەدرێت، چیمەن لەبەرئەوەی خێزانێکی نییە پشتگیری لێ بکەن، هاوژینەکەی بە دەرفەتی دەزانێت و توندوتیژی بەرامبەر دەکات، ئەویش قبوڵی دەکات، دوای ساڵێک لە ژیانی هاوژینی چیمەن منداڵێکی کچی دەبێت، هاوژینەکەی لەبەرئەوەی دابونەریتی کۆمەڵگەکەی وایە حەز بە لەدایکبوونی منداڵی کوڕ دەکەن، دووبارە توندوتیژی بەرامبەر چیمەن دەکات، ئەمجارە لەبەر منداڵەکەی قبوڵی دەکات.

 

دوای ئەوەی منداڵەکەی چیمەن دەبێت بە ١٠ مانگ و ژیانی چیمەنیش هاوشێوەی دۆزەخە و هیچ کەسێک پشتگیری ناکات، بڕیار دەدات لە هاوژینەکەی جیا ببێتەوە، هەرچەندە هاوژینەکەی بەوە هەڕەشەی لێ دەکات کە ئەگەر جیا ببێتەوە منداڵەکەی لێ وەردەگرێتەوە، بەڵام بەردەوامبوونی توندوتیژییەکان وا لە چیمەن دەکات پەشیمان نەبێتەوە لە بڕیاری جیابوونەوە و دەڕواتە دادگا، لە ئێستاشدا کەیسی چیمەن وەکو ئەو دەیان کەیسەی ژنان کە لەبەر توندوتیژی خێزانەکەی پەنەیان بردووەتە بەر ژیانێکی تری پڕ لە توندوتیژی لە دادگا دایە.

 

نیگار محەمەدی پارێزەر لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، کە چیمەن بەردەوام ئەو قسەیەی لەسەر زارە، "با چیتر خێزانەکان توندوتیژی بەرامبەر منداڵەکانیان نەکەن، بە تایبەتی ژنان لە هەر حاڵەتێکدا بێت، چونکە زۆرجار ئەو توندوتیژییانە هۆکاری ئەنجامدانی بڕیارە هەڵەکانە، هەروەها ژنان هۆشیار بن و هەرگیز ئەو توندوتریژیانە قبوڵ نەکەن کە بەرامبەریان دەکرێت و بێنە دەنگ لەسەر مافەکانیان، چونکە بێ دەنگ بوون توندوتیژییەکان زیاتر دەکات، پیاوانیش هۆشیار بن کاتێک هاوژین یان خێزانەکەی پشتگیریان لێ ناکەن، نەیکەن بە هۆکارێک و ڕێگەخۆشکەرێک بۆ ئەوەی توندوتیژییان بەرامبەر بکرێت.