چالاکوانانی هەڵەبجە: پێویستە یەک دەنگی و یەک ڕیزی ژنان دووپات بکەینەوە
ژنانی چالاکوانی شاری هەڵەبجە وێڕای پیرۆزباییەکانیان لە ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژناندا، جەخت لە یەکڕیزی و یەک دەنگی و کۆتایی هێنان بە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ژنان دەکەنەوە.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنانە و ژنان لەم ڕۆژەدا بەڵێنی خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی خەباتی مەدەنی و تێکۆشانی خۆیان دەدەن، ژنانی هەڵەبجەش، جەخت لە یەکڕیزی و یەک دەنگی و کۆتایی هێنان بە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ژنان دەکەنەوە.
شارا عەبدولکەریم، چالاکوان لە بواری کەیسەکانی ژنان، پیرۆزبایی لە ژنانی هەڵەبجە، شارەزوور و هەورامان کرد و و هیوای خواست ئەم یادانە ببێتە ڕۆژی وەرچەرخانی ڕۆڵ و پیگەی ژن لە کۆمەڵگەدا و ژنان چیتر لە چاوی کۆمەڵگەدا بە پلە دوو سەیر نەکرێن.
هەرچەندە ڕێژەی کاری ژنان زیادە، بەڵام کێشە و ئاستەنگەکان زۆرن
لە سنوری هەڵەبجە، شارەزوور و هەورامان ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کاردان و لە پۆستە حکومییەکانیشدا جێگەیان هەیە، بەڵام وەک ئەو چالاکوانە باسی لێوە دەکات، ئاستەنگییەکانی بەردەمیان زۆرن، وتیشی: بەهۆی ئەوەی باکگراوندێکی ڕۆشنبیری لە هەڵەبجە هەیە کە ژنانێکی زۆر پلە و پۆستی باڵایان وەرگرتووە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ژنان بێ کێشەن، بەڵکو بەدەست کۆمەڵێل گرفتی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە دەناڵێنن و ژنمان هەیە پەراوێزخراوە، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بێنە سەر خەت، بۆ ئەوەی ژنان توانا و ڕۆڵی بەرچاو بگێرن و ئاستەنگە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان کەم بخرێتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە وتی: پێشکەوتن و جیهان بینی لە ئێستادا کراوەتەوە، ژنانیش لە سەرجەم سێکتەرەکان کار دەکەن و بە توانا و لێهاتوویی خۆیان تەرازووی لاسەنگی کۆمەڵایەتی ڕێکدەکەنەوە.
پێویستە ژنان خۆیان لە سەرجەم ڕەنگەکان داماڵن
شەهێن عومەر، چالاکوانی بواری ژنانە و پیرۆزبایی لە ژنانی کوردستان کرد، باس لەوە دەکات کە ژنانی هەڵەبجە هەرچەند بەشێکیان خاوەن پێگەن، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت بەردەوام لە نوێبوونەوەدا بن و سەرجەمیان بتوانن پێگە و کورسیەکانیان لە ئاست بەتواناییان بێت نەوەک لەسەر بنەمای حزبی بێت.
شەهێن عومەر، چالاکوان، وتیشی: ئاستەنگەکان بریتین لە نەبوونی خزمەتگوزاری و ئابووری و هومیشە ژنان لە پاشکۆکاندا سەیر دەکرێن، نەبوونی پاڵپشتی و یەک دەنگی بۆ سەرکەوتنی ژنان بوونیان هەیە، بۆیە پێویستە خزمەت بە ژنان بکەین و بە بێ جیاوازی پاڵپشتی یەکدی بین.