لە "نەخێر"ەوە بۆ توندوتیژی... چیڕۆکی ئەو ژنانەی باجی ڕەتکردنەوەکانیان لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا دا

وشەیەی "نەخێر" کە گوزارشت لە مافی ژن لە هەڵبژاردندا دەکات، لە هەندێک بارودۆخدا دەگۆڕێت بۆ هۆکارێکی هەڕەشە و توندوتیژی، بە جۆرێک کە چیڕۆکی زیانبەرکەوتووان بەردەوامیی کولتووری خاوەندارێتی و لەسەرخۆبۆوە و دەربازبوون لە سزا دەردەخات.

سارا پورخەزری

 

کرماشان ـ دەبێت ئەو پیاوانە تێبگەن کە وشەی (نەخێر) واتە (نەخێر). ئەو ژنەی دەڵێت (نەخێر)، چ نزیکبێت، چ هاوڕێ، چ خۆشەویست، تەنانەت کرێکاری بواری سێکسی،  گەر هاوژینەکەشت، ئەوا وشەی (نەخێر) واتە نەخێر.

 

ئەم دیمەنە بەشێکە لە گفتوگۆیەکی کاریگەر لە فیلمی هیندی "Pink" کە لە ساڵی ٢٠١٦ بەرهەم هێنراوە، لەوێدا پەیامێکی مرۆیی و یاسایی ڕوون لەبارەی مافی ژن بۆ ڕەتکردنی هەر ڕەفتارێک دەخاتەڕوو کە دەستدرێژی دەکاتە سەر ئیرادەی، هیچ پەیوەندییەک بوونی نییە کە مافی کۆنتڕۆڵکردنی جەستەی بە پیاو بدات، وشەی "نەخێر" واتە ڕەتکردنەوەیەکی ڕوون کە دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت، هەروەها گفتوگۆکە مەترسیی ئەو بیرکردنەوەیە دەردەخات کە پەیوەندییەکان دەگۆڕێت بۆ بیانوویەک بۆ خاوەندارێتی و توندوتیژی، کە ئەمەش لە ڕێگەی بەردەوامیی شێوازەکانی توندوتیژی دژی ژنانەوە لە جیهانی ڕاستەقینەدا ڕەنگ دەداتەوە، بەتایبەت کاتێک ڕەتکردنەوەی ژن دەبێتە هۆکارێک بۆ هەڕەشە یان ئازاردان، لە هەندێک حاڵەتی تراژیدیدا دەگاتە ئاستی کوشتن.

لە دوایین زنجیرەکانی ئەم توندوتیژییە پەرەسەندووەدا، پەرژین ئەڵادینی لە شاری مەسجید سولەیمان کوژرا، پاش ئەوەی داوای هاوسەرگیریی کەسێکی ڕەتکردەوە، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، بکەرەکە بە هێزەوە هەڵیكوتاوەتە سەر ماڵەکەی و چەند گوللـەیەکەی لە پێش چاوی منداڵە بچووکەکەیەوە پێوە ناون، سەرەڕای بڵاوکردنەوەی وێنەی بکەرەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بەڵام ڕوخساری شێوێنرا و ناسنامەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکرا.

 

ئەم تاوانانە لەسنووری رووداوی تاكەتاكەدا ناوەستن، بەڵکو لە چوارچێوەی زنجیرەیەکی دووبارەبووەوە لە توندوتیژیی سێکسی و ڕەگەزیدا دێن، کە تێیدا ژنان لەبەر مافیان لە هەڵبژاردن و ڕەتکردنەوەدا دەکرێنە ئامانج، ساڵی ڕابردوو، ژنێک لە شاری کرماشان کوژرا دوای ئەوەی خوازبێنیکەرەکەی تەقەی لێ کرد، دوای تەنها دوو مانگ، منداڵێکی کچ بە ناوی شیدا، کە تەمەنی ١٥ ساڵ بوو، لە شاری بابل لە ئەنجامی ئامێری تیژ لەلایەن خوازبێنیکەرەکەیەوە گیانی لەدەست دا، هەروەها ژنێک لە شاری ئیوان لە ڕۆژئاوای وڵات کوژرا پاش ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیرییەک، لە کاتێکدا "غەزالە حدودی" لە شوێنی کارەکەی لە شاری سنە لەبەر هەمان هۆکار ئاگری تێبەردرا.

ئەم حاڵەتانە، لەگەڵ دەها تاوانی تریش لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، شێوازێکی نیگەرانکەر لە توندوتیژی دژی ژنان دەردەخەن، کە تێیدا مافی ژن لە ڕەتکردنەوەی پەیوەندییەک یان هەڵبژاردنی هاوژینی ژیانی دەبێتە هۆکارێک کە هەڕەشە لە ژیانی دەکات.

 

کاتێک کۆتاییهاتنی پەیوەندی دەبێتە هەڕەشەو توندوتیژی

سەحەر. ق، ژنێک کە چەندین جار ڕووبەڕووی هەڕەشە و توندوتیژی بووەوە لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە، ەتی: لەو ڕۆژە سەرەتاییانەی کە گەڕامەوە ماڵی باوکم و دەستم بە ڕێوشوێنی جیابوونەوە کردبوو، بەردەوام بوو، لە هەرکوێیەک دەبووم بەدوام دەکەوت، بە تووڕەییەوە دەیوت: مافی ئەوەت نییە جیا ببیتەوە، چەند جارێک لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا لە پێش چاوی خەڵک لێی دەدام، کاتێک سکاڵام لە دژی تۆمار کرد، پێم وترا کە ناتوانن هیچ بکەن، چونکە هێشتا وەک هاوژینی یاسایی من هەژمار دەکرا، بۆیە هیچ پاراستنێکی یاساییم نەبوو.

 

وتیشی: لە ڕۆژێکدا، کە لە دەرەوەی ماڵ بووم، لە پڕ لە پێشم وەستا و دەستی کرد بە شەڕکردن، پێش ئەوەی بتوانم وەڵام بدەم، ناوەڕۆکی شوشەیەکی کردە سەر سینگ و سکم، بۆ چرکەیەک پێم وا بوو تێزاب بێت، جەستەم لە ترسا ڕەق بوو و بە توندی دەستم کرد بە هاوارکردن، بە هێمنی پێی وتم ئەوەی ئەمجارە تێزاب نەبوو، بەڵام لە جارەی داهاتوودا تێزاب دەبێت، بە ئاسانی لە من ڕزگارت نابێت، لەو ساتەدا تێگەیشتم کە هەڕەشەکانی تەنها قسە نەبوون، دەکرێت هەموو کارێک بکات.

 

وتەکانی سەحەر. ق دەریدەخەن کە زۆرێک لە ژنان ڕەنگە نەک تەنها لەلایەن خوازبێنیکەرەکانەوە، بەڵکو تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکەش لەلایەن هاوژینەکانی پێشوویانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەڕەشە ببنەوە،  ئەزموونی ئەوە دەردەخات کە لە پێکهاتە کۆمەڵگەییە پیاوسالارەکاندا، وشەی سادەی "نەخێر" دەکرێت ببێتە هۆکاری کاردانەوەی مەترسیدار و تۆڵەسەندنەوەیەک.

 

پیاوسالاری؛ لە ئاساییبوونکردنەوەی توندوتیژی تا ڕزگاربوونی بکوژان لە سزادان

فرنگیس. هـ، چالاکوان لە بواری مافی ژنان ئاماژەی بەوەش کرد، کە ژن لەو کۆمەڵگەیانەی کە سیستەمی پیاوسالاری تێیاندا باڵادەستە، هەندێک جار دەخرێتە ئەو پێگەیەی کە پێشبینی دەکرێت خزمەتی پیاو بکات و داواکانی بێ ناڕەزایەتی جێبەجێ بکات، لە ناو ئەم پێکهاتە کۆمەڵگەیییەدا، هەندێک لە پیاوان نەک تەنها خۆیان بە خاوەنی دەسەڵات بەسەر ژناندا دەزانن، بەڵکو هەر ڕەتکردنەوەیەک لەلایەن ئەوانەوە بە پێشێلکردنی پێگە و هەڵوێستیان دەزانن، ئەم تێڕوانینە کە لەسەر خاوەندارێتی بونیاد ناڕێت، هەستێکی نادروست بە پیاو دەدات بەوەی کە مافی لە فەرمان دەرکردن و چاوەڕوانیی گوێڕایەڵیدا هەیە، بۆیە هەندێک لەوانە هەست دەکەن کە ڕەتکردنەوەی ژن دەستدرێژییە بۆ سەر پیاوەتی و دەسەڵاتیان، ئەوەش پاڵیان پێوە دەنێت بۆ هەوڵدانی تۆڵەسەندنەوە لێیان بەهۆی هەستکردن بە شکۆشکاندن.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەم تێڕوانینە دەکرێت هەندێک لە پیاوان ناچار بکات بۆ هەڕەشەکردن لە ژنان و فشارخستنە سەریان، لە هەندێک حاڵەتدا پرسەکە بگاتە ئاستی ئەنجامدانی تاوانی کوشتن، ئەم توندوتیژییە تەنها بە باوەڕە پیاوسالارەکانەوە گرێدراو نییە، بەڵکو یاسا ناکاراکان و لاوازیی ئامرازەکانی پاراستن و بەربەست لە دروستکردنی، هەروەها ژینگەیەک دروست دەکات کە ڕێگە بە بەردەوامبوونی دەدات، کە چەند ژنێک پێشتر سکاڵای فەرمییان تۆمار کردبوو و لە هەڕەشەی کوشتن هۆشدار ببوونەوە، بەڵام نەبوونی وەڵامدانەوەی یاسایی کاریگەر ڕێگەی گرت لە پاراستنیان و ڕزگارکردنی ژیانیان.

 

ڕوونیکردەوە، پیاوان دەزانن کە ژیانی ژنان لە کۆماری ئیسلامیدا نرخێکی بەرزی نییە، ئەم هۆشیارییە مەترسیدارەش وایان لێدەکات لە هەر بارودۆخێکدا مامەڵە بکەن وەک ئەوەی دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر ژیان یان مردنی ژنێکیان هەبێت، لە ڕاستیدا ئەم پەراوێزخستنە پێکهاتەییە بۆ بەهای ژیانی ژنان وایکردووە توندوتیژی بۆ پیاوان ئاسانتر و هەرزانتر بێت، تەنانەت وای کردووە کە وەک مافێکی سروشتی بێت، تا ئەو ئاستەی کە پیاو بەبێ گوێدانە پێگەی خۆی، وا مامەڵە دەکات کە دەسەڵاتی بڕیاردانی چارەنووسی ژنێکی هەبێت.

 

جەختی لەوەش کردەوە، کە کاتێک حکومەت پشتیوانی سیستەمی پیاوسالاری بێت، ئەوا یاسا و ئامرازە یاساییەکان لەوانەیە لەپێشینە بدەن بە بەرژەوەندیی پیاوان، لە سیستەمێکی لەو جۆرەدا، هەندێک لە پیاوان لەوانەیە خۆیان بە خاوەن مافی تایبەت لە ناو پەیوەندییە کەسیی و خێزانییەکاندا ببینن، ئەم تێڕوانینە دەکرێت ڕێگە خۆش بکات بۆ توندوتیژی لەوانەش کوشتنی ژنان.

 

فرنگیس. هـ ئاماژەی بەوەش کرد، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کەسوکاری بکوژەکە هەندێک جار ناسنامەکەی دەشارنەوە، لە کاتێکدا وێنەی ژنەکە و وردەکارییەکانی ژیانی بە بێ هیچ چاودێرێک بڵاو دەکرێتەوە، ئەم شێوازە لە ڕووماڵی ڕاگەیاندن ژنەکە دەخاتە بەر دادوەری و سەرزەنشتی کۆمەڵگە، لە کاتێکدا پیاوەکە لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەیی دوور دەخاتەوە، سووڕی سەرزەنشتکردنی زیانبەرکەوتوو و خۆدزینەوەی پیاوان لە بەرپرسیارێتی دووبارە بەرهەم دەهێنێت.

 

وتیشی: بێگومان دەبێت وێنەی کەسی بکوژەکە بڵاو بکرێتەوە، تاوەکو لە کۆمەڵگەیەکدا کە بانگەشەی دژایەتیکردنی توندوتیژی دەکات، بێڕێز و سەرزەنشت بکرێت، تاوەکو هەست بەوە نەکات کە هێشتا هێزی هەیە، لە کۆمەڵگەی تەندروستدا، پێویستە ڕای گشتی بەرامبەر بەم جۆرە تاوانانە هەستیار بێت، و ڕێگە نەدات کەسێک کە کۆتای بە ژیانی مرۆڤێک هێناوە، بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆی بە بێ هیچ دەرئەنجامێک، بەڵام بەداخەوە، ئەم وێنەیە نزیکتر دەردەکەوێت لە کۆمەڵگەیەکی نموونەیی کە بوونی نییە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەم خولەی پشتیوانی و پشتگوێخستنە هەستی بێ سزا و دەسەڵاتی پیاوان بەهێزتر دەکات، لە هەمان کاتدا ژنان لە بێدەنگی و نادادپەروەریدا بەجێدەهێڵێت، وتی: لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا هەمیشە فاکتەرێک هەیە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەو چەوساندنەوە و توندوتیژییەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت و هەندێکجاریش سادەترین ڕەفتار یان بڕیارێک کە ژن دەیکات دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ توندوتیژی.

 

داگیرکردنی مافی هەڵبژاردنی ژن دەتوانێت سەرەتاییترین مافەکانی وەک وتنی ”نەخێر” و دانانی سنوورەکان بگۆڕێت بۆ هۆکارێک بۆ توندوتیژی، ئەم خولە تەنها بە ڕێزگرتن لە ئیرادەی ژنان و پاراستنیان کۆتایی دێت، چونکە ڕێزگرتن لە مافی ڕەتکردنەوەی ژن ڕێزگرتنە لە مرۆڤایەتی و دادپەروەری.