ئانیا و دایکی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پێکەوە کار دەکەن

قورسی باری ژیان بارگرانی بۆ بەشێکی زۆری خەڵک دروستکردووە و ئانیا و دایکیشی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان دەەستیان کردووە بە کارکردن.

 

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەموو کۆمەڵگەکاندا پێگەیەکی جیاوازیان هەیە و خزمەتێکی باش دەکرێن لە لایەن حکومەتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە پێی پێویست خزمەت ناکرێن، ئەمەش وای کردووە بەشێکی زۆریان بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان دەست بکەن بە کارکردن.

 

ئانیا خاوەن پێداویستی تایبەتە و ناوەستێنێت لە کارکردن

ئانیا قادر، کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە، تەمەنی ١٢ ساڵە و خەڵکی شاری سلێمانییە، ماوەی ساڵێکە دەستی کردووە بە کاری دەستی، بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی ژیانی خێزانەکەی و پێداویستییەکانی خۆی دابین بکات، ئانیا لەبەر ئەوەی بەهرەیەکی هەیە، نایەوێت وەکو بەشێک لە منداڵانی کۆمەڵگە کاتەکانی خۆی بەفیڕۆبدات لە تۆڕە کۆمەڵایەتەییەکاندا، بۆیە دەست دەکات بە کاری چنین و دەبێتە خاوەنی پەیجی خۆی بۆئەوەی کارەکانی ساغبکاتەوە.

 

"دەبێت ژنان پەرە بە تواناکیان بدەن"

ئانیا رۆژانە کاتێک بیەوێت کارێکی دەستی دروست بکات،سەرەتا دایکی دروستی دەکات و دواتر ئانیا لەسەر ئەو بیرۆکەیە کارەکانی بەردەوامی پێ دەدات و زۆرجاریش خۆی بیرۆکە هەڵدەبژێرێت، ئانیا هەرچەندە خوێندکاریشە، بەڵام ئەم کارە ڕێگری نەکردووە لە خوێندنەکەی، دایکیشی پاڵپشتیەکی گەورەی دەکات، بۆئەوەی هەر لەم تەمەنەوە ببێتە خاوەن کاری خۆی.

 

ئانیا پەیامی ئەوەیە بۆ ئەو ژنانەی خاوەن بەهرەیەکن پەرە بە تواناکانیان بدەن و ڕووبەڕووی ئەو ڕێگریانە بوەستنەوە کە دێتە ڕێگەیان لە کارکردندا، تەنانەت ئەگەر شتێکی بچوکیش بێت و خۆیان دروستی بکەن بۆ سەرەتای دەستکردن بە کارکردنیان شتێکی باشە، کارەکانیشی بە پێی داواکاری خەڵک دروست دەکات، کاتێک خەڵک دەستخۆشی لێ دەکەن بۆ کارەکانی، ئەم قسانە زیاتر هاندەدات بۆ کارکردن.

 

زەکیە تا کاتی تەواو بوونی کاتی قوتابخانە لەگەڵ ئانیا دەمێنێتەوە

زەکیە محەمەد، دایکی ئانیا ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتا کاتێک ئانیان دەستی کردن بە دروستکردنی کاری دەستی خۆم هانمدا و ئەو پێداویستیانەی پۆ چنین بەکاردێت بۆم کڕی و دواتر خۆم لە پێشچاوی بۆم دروست دەکرد. تا ئانیاش فێر ببێت، دواتر لە ڕێگەی کەسێکەوە بەشداری فێستیڤاڵەکانمان کرد بۆ ئەوەی کارە دەستییەکانمان ساغ بکەینەوە، بۆیە کردنەوەی پیشانگا و فێستیڤاڵەکان سودێکی باش بە ئێمە دەگەیەنێت.

 

زەکیە لە کاتی قوتابخانەشدا وەکو چاودێری ئانیا بەردەوام لەگەڵی دەبێت تا کاتی تەواو بوون، هەروەک خۆی دەڵێت: وەکو دایکێک هەرگیز نەموتووە کە ڕۆژێک ئانیا وەکو خاوەن پێداویستی تایبەت بارگرانی بۆ من دروست کردبێت، بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا پاڵپشتیم کردووە، هەرگیز هەستێکی وام لای دروست نەکردووە، وا بزانێت خاوەن پێداویستی تایبەتە.

 

زەکیە محەمەد لە کۆتاییدا وتی: پەیامم ئەوەیە بۆ دایک و باوکان، کاتێک منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەیە با فێری بەهرەیەکیان بکەن، چونکە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەهرەیەکی جیاوازیان هەیە، پێویستە ناکات لە خوێندن دەریان بکەن، چونکە ئەوانیش وەکو کەسانی تر پێویستیان بە خوێندن هەیە.