مهاباد؛ زیندانەکان شوێنی بەتاڵیان نەماوە و مردووەکان شەوانە بە خاک دەسپێردرێن

زیندانیانی زیندانی مهاباد لە خراپترین بارودۆخدا ژیان بەسەردەبەن، بەندی ژنانی ئەو زیندانە چۆڵکراوە و کراوە بە بەندی پیاوان، سەرەڕای ئەمەش هێشتا شوێنی بەتاڵ نییە، بەشێک لە بریندارەکان گیانیان لەدەستداوە و شەوانە بە خاک دەسپێردرێن.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمەوە، خۆپیشاندەران لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە نادادپەروەری هەڵاواردن و کوشتنەکانی حکومەت ڕژانە شەقامەکان، لە بەرامبەردا ڕژێم دۆخی ئەمنی توند کردەوە و بە تانک و چەکی قورس خەڵک سەرکوت دەکەن.

 

ئاماری گیانلەدەستدان لە سیستان و بەلوچستان و کوردستان بە بەراورد بە شارەکانی دیکەی ئێران زیاترە و جیاکاری و نادادپەروەری لە ئاستی باڵا دایە، لە شارەکانی سەردەشت، مهاباد، سنە، جوانڕۆ، بۆکان، شنۆ و چەندین شاری دیکە، خەڵک ڕژانە شەقامەکان و بەشداری ڕاپەڕینیان کرد، مانگرتنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاڵی بەهێزی ناڕەزایەتییەکان بوون و خەڵک دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەوتەوە.

 

مهاباد یەکێک لەو شارانە بوو کە گەنجێکی زۆری تێدا گیانیان بەختکرد، بەشێکی زۆریان بەهۆی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ و نەبوونی ئەمنیەتییەوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت، دوای سەرکوتکردنی سەختی سەربازی و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران، کەشێکی سەختی ئەمنی لە شاری مهاباد زاڵە و ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانی سەر بە ڕژێم بە ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و جلوبەرگی تایبەتەوە شارەکەیان کۆنترۆڵ دەکەن.

 

"لەناوخۆی شارەکاندا بازگە دادەنێن و خەڵک دەگەڕێن"

خاڵی پشکنینی چڕ لە دەروازەکانی شار و هەندێک ناوچەی وەک موکریان لەلایەن هێزە ئەمنییە دەمامکدارەکان بووەتە هۆی تیرۆر و کۆنترۆڵکردنی خەڵک لە شاری مهاباد. لەم بازگانەدا ئۆتۆمبێلەکان بە شێوەیەکی تەواو هەڕەمەکی و بەبێ هیچ هۆکارێک دەوەستێنرێن و کەلوپەلی تایبەتی ناو ئۆتۆمبێلەکە و مۆبایلی سەرنشینەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت.

 

"بەهۆی گوشاری دەزگا ئەمنییەکان و نەبوونی ئاسایش و ئاسودەیی لە مهاباد خەڵکێکی زۆر ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە"

ژمارەیەکی زۆر خانوو لە ناوچەکانی پشت تەپە و گۆڕەپانی ئیستقلال و شەقامەکان چۆڵکراون، چونکە هێرشی جلوبەرگ تایبەتەکان و بەکرێگیراوانی حکومی ئارامیان زەوتکردووە و ژمارەیەکی زۆر گەنجیان دەستگیرکردووە، زۆرێک لە گەنجان لە ترسی بەکرێگیراوانی حکومەت بێ ماڵ و حاڵ بوون و ماڵەکانیان بەجێهێشت و پەنایان بردووە بۆ شوێنی ئارامم لیستی ئەو خۆپیشاندەرانەی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردووە بەدەست حکومەتەوەیە، شەوانە بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن و بە زۆر و هەڕەشە هێرش دەکەنە سەر ماڵەکانیان و دەستگیریان دەکەن، سەرەڕای هەموو فشارەکان، هێشتا گەنجانێک هەن کە دوای داخستنی قوتابخانەکان و دروستکردنی بەربەست بۆ ژن، ژیان، ئازادی هاوار دەکەن و نووسینی دروشم هەرچەند کەم بێت، بەردەوامە.

 

"لە زیندانەکان شوێن نەماوە و خۆپیشاندەرانیش کە بریندار بوون دەرمانیان دەستناکەوێت"

زۆرێک لە بنەماڵەکان ئەندامێک یان چەند ئەندامێکیان لە زینداندایە و بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، بەندی ژنانی زیندانی مهاباد چۆڵکراوە و زیندانییەکان بۆ زیندانی ئورمیە گواستراونەتەوە، پیاوە دەستبەسەرکراوەکان خراونەتە بەندی ژنان، زیندانییەکان خۆراکی پێویستیان نییە و بەهۆی زۆری ژمارەی زیندانییەکانەوە چەندین بینای حکومیش کراون بە زیندان، شانەکانی زیندان قەرەباڵغن و شوێنی ئازاد بۆ زیندانییەکان نییە.

 

بارودۆخی تەندروستی برینداران باش نییه و شاری مهاباد ڕووبەڕووی کەمی دەرمان دەبێتەوە، زیندانییەکان ناچارن خواردن بۆ خۆیان پەیدابکەن، ئەمەش بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە بۆ زیندانییەکان قورس دەبێت، چەند بریندارێکی شارەکە، کە بە گولـلەی جەنگی برینداربوون، گیانیان لەدەستدا و بە شەوانە و بە نهێنی بە خاک دەسپێردرێن، ئەو بریندارانەی کە بارودۆخیان سەختە بۆ نەخۆشخانەی ورمێ گواستراونەتەوە و ئەوانەی برینەکانیان زۆر قوڵ نییە، لەلایەن پەرستار و پزیشکەوە دوور لە چاوی حکومەت چارەسەر دەکرێن.

 

"بەکرێگیراوان داوای پارە لە بنەماڵەکانی مهاباد دەکەن بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان"

بەشێک لە بەکرێگیراوان سودیان لە باری دەروونی بنەماڵەی زیندانییەکان وەرگرتووە و داوای پارە یان ئۆتۆمبێلیان لێکردوون بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانییە و لە بەرامبەر ئەو پارەیەی کە وەریانگرتووە، هیچ کام لەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکراون و هیچ دەزگایەکیش بەرپرسیارەتییەکەیان هەڵنەگرتووە، هاوڵاتییەک بە ناوی خوازراوی مەهەستی دەڵێت: لە خودی شاری مهاباد دوای ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان خاڵی پشکنین دانراون، پێشتریش لە دەروازەی شارەکاندا بازگە هەبوون، خاڵە پشکنییەکان ئێستا زۆر توندترن و توندوتیژی و سووکایەتییان لەگەڵدایە.

 

"س. ا." کە خەڵکی شاری مهابادە، باس لە بازگەکانی ناو شار دەکات و دەڵێت: یەکێک لە کەسوکارمان لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا بە ئۆتۆمبێلەکەیان هۆڕنیان لیداوە، لەلایەن بازگەیەکەوە لە ناوچەی موکریان ڕاگیران، مۆبایلەکانیان پشکنین، دواتر بە دەمانچەی بێهۆشکەر و چەقۆ و بۆکسخەنجەر هێرشیان کرایەسەر، یەکێک لە ژنەکان لێیدراوە و یەکێک لە پیاوەکان چەقۆ لە ملی دراوە و باری تەندروستی ناجێگیرە و لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەکەدایە.

 

"ش. گ." هاوڵاتییەکی دیکەیە و دەڵێت: ئێمە دوو ژن بووین بە ئۆتۆمبێلێکەوە لە بازگەی دەروازەی شار لە نزیک جادەی پۆلیسی مهاباد کە بازگەیەکی نوێیە، هەندێک کەس کە دەموچاویان داپۆشیبوو، ڕایانگرتین و هەموو ئۆتۆمبێلەکەیان پشکنی، سەیری ناسنامەکانیان کردین، ئێمە بۆ سەردانی یەکێک لە خزمەکانمان چووبووین بۆ گوند و پرسیاریان کرد بۆچی شارت بەجێهێشت و بۆ کوێ چووی؟ نزیکەی پێنج خولەک مۆبایلەکەمانیان پشکنی و هیچیان نەدۆزیەوە، دواتر ڕێگەیاندا بچینە ناو مهاباد.