دایکی پەرچەم: کۆمەڵگە شووکردنی دوای تەواوبوونی خوێندنی بەسەر ژناندا سەپاندووە

دابوونەریت و ئەقڵیەتی پیاوسلاری هەمیشە کارکردنی ژنانی ڕەت کردووەتەوە و چالاکوانێکیش دەڵێت: کۆمەڵگە لە تەمەنێکی دیاریکراودا شووکردنی بەسەر ژنانادا سەپاندووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا هەمیشە ڕووبەڕووی جۆرەها توندوتیژی بوونەتەوە و مافی کارکردن و ئابووری سەربەخۆ و ئازادیان لێ زەوت کراوە، بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژنان هەر وەک بەخێوکەری ماڵ و منداڵ دەبینن و تەمەنێکیان بۆ دیاریکردوون تا ژیانی هاوژینی پێکبهێنن.

 

"پێویستە ژنان پێش پێکهێنانی ژیانی هاوژینی خۆیان بنیاد بنێن"

دایکی پەرچەم، چالاکوانی بواری ژنان ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کاتێک ژنێکی گەنج هەوڵ دەدات کارێک بۆخۆی بدۆزێتەوە و بچێتە بواری کارەوە، پێی دەوترێت ژیانی هاوژینی پێکبهێنە و کار مەکە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییەی هەیە، هەر لە پەروەردەی خێزان و بواری ئاینی و سیاسی جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاودا دروست کراوە، ژنان کەوتوونە بەر چەپۆکەی پیاوان و پیاوانیان کردووە بە پشت و پەنای ژنان، پێویست ناکات ئەوە بە ژنانی گەنج بوترێت پێکهێنانی ژیانی هاوژینی هەموو شتیکیان بۆ دابین دەکات، چونکە ئەو پرۆسە زۆر جار ئابووری سەربەخۆ و ژنبوونی خۆیان و ئازادبوونیان لێ زەوت دەکات، بۆیە هەندێک جار کاتێک پیاو نەخۆش دەبێت یان کارەساتێکی بەسەردا دێت، ئەگەر ژنەکە خاوەن ئیرادە نەبێت ناچار دەبێت لە سەرتاوە دەستپێبکات و خۆی بکات بە قوربانی.

 

"پیاوان ژنانی خاوەن بڕیاریان لا پەسەند نییە"

دایکی پەرچەم ڕوونی کردەوە، ئیمە لە ئێستادا سەیری کۆمەڵگە بکەین دەبینین ژیانی سەپێندراوی و دوورخستنەوەیان لە بواری ژیاندا، بۆ ژنان زیاترە لەوەی ڕێگەیان پیشان بدرێت، پیاوان ئەو ژنانەیان لا پەسەندە لە ماڵەوەن و بێ کارن و ئەو ژنانەیان لا پەسەند نییە خاوەن بڕیار و ئابووری خۆیانن، کۆمەڵگە وای دەبینێت ژن دەبێت منداڵ پەروەدە بکات و کاری ماڵەوە ئەنجام بدات، زۆربەی پیاوان جگە لەوەی ڕێگە نادەن ژنان کار بکەن، لە کاتی جیابوونەوەش هەموو هەوڵێک دەدەن تا مارەیی بە ژنان نەدەن.

 

وتیشی: کار کردن ئەرکە لەگەڵ ئەوەشدا مافێکی بنەڕەتی ژنانە، ئەگەر سەیری ئاماری کارکردنی ژنان بکەین لە ساڵی ٢٠١٨ دەبینین ٪١٤ی ژنان کار دەکەن، ٪١ی ژنان بازرگانن، ژنانیش پێویستە کارکردن و پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە یەک جیابکەنەوە، دەستەواژەی "خوێندنت تەواو کردووە ئیتر شوو بکە و ماڵ دروست بکە" وای لە ژنانی گەنج کردووە بڕیاری شوو کردن بدەن، نەک کار کردن، لە کاتێکدا ژنان ئەگەر خۆیان بیانەوێت لە هەر کاتێکدا بێت ماڵی خۆیان دروست بکەن.

 

"خێزانەکان پاڵپشتی ژنان ناکەن لەوەی کار بکەن و شوو نەکەن"

دایکی پەرچەم ئەوەشی خستەڕوو، مەرج نییە هەر ژنێک ویستی کارێک بکات یان بچێتە دەرەوە پشت بە پیاوێک ببەستێت، پێویستە خیزانەکان زۆر لە ژنانی گەنج نەکەن بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، کاتێک خوێندن تەواو دەکەن کۆتایی تەمەنیان نییە، بەڵکو لە ئەرکێکی سەرەتایی تەواو بوون، با بهێڵین چەندین ئەرکی تر ئەنجام بدەن.

 

دەشڵێت: ژنان پێویستە لەو دابوونەریتە چەقبەستوەی کۆمەڵگە بێنە دەرەوە و متمانەیان بە خۆیان هەبێت و کار بکەن و پێگەی خۆیان دیاری بکەن، بۆیە ناکرێت پێکهێنانی ژیانی هاوژینی بە پاڵەپەستۆی خێزان و دین و کۆمەڵگە بێت، ئەم پاڵەپەستۆیە وا دەکات ژنان وا بیر بکەنەوە ئەرکن بەسەر خێزانەکانیانەوە، وا دەکات بێ بیرکردنەوە شوو بە کەسێک بکەن بە بێ ئەوەی بیناسن.

 

دایکی پەرچەم لە کۆتایدا وتی: زۆرجار خێزانەکان نابنە پاڵپشتییەک و بە ژنانی گەنج و بڵێن جاری کاتی شوو کردن نییە و کار بکە، ژیانی هاوژینی دیاریەک نییە کەسیکی تر بۆت بهێنێت، بەڵکو دەبێت بە ڕەزامەندی کەسەکان خۆیان بێت، بۆیە دەبێت بە ئاگایانە ئەو بڕیارە بدرێت و لە دواتردا نەبێتە هۆی جیابوونەوە و کوشتنی ژنان.