توندوتیژی بەرامبەر ژنانی دووگیان، هۆکارێک بۆ لەدایکبوونی تاکێکی توندوتیژ

ناهۆشیاری و زیادبوونی بەکارهێنانی ماددە کهولی و هۆشبەرەکان وای کردوە توندوتیژی بەرامبەر ژنانی دووگیان ڕوو لە زیادبوون بکات، پزیشکێکیش دەڵێت: ئەم توندوتیژییانە کاریگەری دەروونی لەسەر تاک  بەجێدەهێڵن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە جیهان و بە ڕێژەیەکی زیاتر لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا کاتێک ژنان دووگیان دەبن، ۆخی جەستەیی و دەروونی ئەو ژنانە لە پێش چاو ناگرن و توندوتیژییان بەرامبەر دەکەن، کە ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ هێنانە دنیای تاکێکی توندوتیژ.

 

"پاڵپشتی کردنی ژنانی دووگیان وا دەکات کۆرپەلەیەکی تەندروست لە دایک ببێت"

سۆما تاهیر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و منداڵبوون، ئاماژەی بەوەکرد، دووگیانی پرۆسەیەکی فیسیۆلیژییە لە لەشی ژناندا ڕوودەدات، لە کاتی دووگیانیدا ژنان لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە کۆمەڵێک گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، دەبێت لەم کاتەدا پاڵپشتیان بکرێن بۆئەوەی کاریگەری ئەو گۆڕانکارییانە کەمتر بکەنەوە، چونکە پاڵپشتی کردن و هەڵسوکەوتی باش لەگەڵ ژنانی دووگیاندا، وا دەکات دایکەکە و کۆرپەلەکەش تەندروستییەکی باشتریان هەبێت و دایکەکە بتوانێت خواردنێکی باشتر بخوات و لایەنی دەروونیشی باشتر بێت، لە کۆتایشدا کۆرپەلەیەکی سەلامەت لە دایک ببێت.

 

"توندوتیژی کردن بەرامبەر ژنانی دووگیان لە ئاستێکی بەرزدایە"

سۆما تاهیر ڕوونی کردەوە، لە هەموو جیهاندا ژنان توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت بە تایبەتی بەرامبەر ژنانی دووگیان بە ڕێژەی نزیکەی ٪٢٠ و زیاتر ئەو ژنانەشن تەمەنیان لە نێوان ١٥-٢٠ساڵیدان، ئەم توندوتیژییانەش کاریگەری نەرێنی لەسەر دایکەکە و منداڵەکەش هەیە، ئیتر ئەگەر توندوتیژیەکە جەستەیی بێت وەکو لێدان یان دەروونی بێت، ئەمەش وا دەکات دایکەکە بە باشی نان نەخوات و خۆراکی پێویست نەگات بە کۆرپەلە و وا لە دایکەکە دەکات تووشی سترێس ببێت و پەنا بباتە بەر جگەرە کێشان و ماددە کهولیەکان.

 

وتیشی: توندوتیژی کردن بەرامبەر ژنانی دووگیان زۆر جار دەبێتە هۆی لەبارچوون، لەدایکبوونی پێشوەختە و زۆرجاریش ئەو کۆرپەلانەی لە دایک دەبن کێشی جەستەیان کەمە یان بەهۆی بەرکەوتنێکی زۆرەوە دەمرن، یان خوێن بۆ ئەندامێکی جەستەیان ناڕوات و لە دوا ڕۆژدا دەبنە کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت، هەروەها ئەو کاریگەرییە دەروونیەی لەسەر دایکەکە هەبووە لە کاتی توندوتیژیدا دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکە.

 

"توندوتیژی بەرامبەر ژنانی دووگیان کاریگەری دەروونی لەسەر منداڵ جێدەهێڵێت"

سۆما تاهیر ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کاریگەرییانەی لەسەر منداڵ جێدەمێنێت بەهۆی توندوتیژی بەرامبەر دایکەکەی لە کاتی دووگیانیدا زیاتر کاریگەرییە دەروونیەکانن، وە لە دوایشدا دایکەکە ناتوانێت بە شێوەیەکی پێویست هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵەکەدا بکات، بەڵام ئەگەر لە دوای لە دایکبوون دوور لە کەشێکی توندوتیژ کەشێکی باش بۆ منداڵەکە بڕەخسێت، ئەوە کاریگەرییە دەروونیەکانی لەسەر کەم دەبێتەوە.

 

دەشڵێت: ئەو ژنانەی دووگیانن و دێنە لای ئێمە هەموو ڕێکارێکی پزیشکی لەگەڵدا دەگرینەبەر و بۆ ڕێکارە یاسایەکەشی دەنێردرێنە لای پزیشکی دادوەری، زۆرجار ئەو کەسانەی توندوتیژی بەرامبەر ژنانی دووگیان ئەنجام دەدەن لە پێشتردا خۆیان توندوتیژییان بەرامبەر کراوە یان لە ژینگەیەکدا گەورە بوون کە توندوتیژی تیادا بووە.

 

"توندوتیژی بەرامبەر ژنانی دووگیان کارێکی دووهێندە نامرۆڤانەیە"

سۆما تاهیر لە کۆتایدا وتی: ڕێگە چارەسەرییەکی بنبڕ نییە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر ژنانی دووگیان بەهۆی کرانەوەی کۆمەڵگە و زۆری بەکارهێنانی ماددە کهولی و هۆشبەرەکانەوە، بۆیە سەرەتا دەبێت سانسۆرێک بخرێتە سەر ئەو ماددانە، چونکە توندوتیژی کردن خۆی کارێکی نامرۆڤانەیە بەرامبەر ژنان یان هەر تاکێک، بەڵام کاتێک بەرامبەر ژنانی دووگیان دەکرێت، ناشرینی ئەو کردەوەیە دەگاتە دوو هێندە و کاریگەرییە نەرێنیەکانیشی دوو هێندەیە، چونکە دواجار ئەو کۆرپەلەیەکی لە سکدایە و تاکێک دەهێنێتە ناو کۆمەڵگەوە.