ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی ئەلیکترۆنی پەنا بۆ ماڵی ژنان دەبەن

توندوتیژی ئەلیکترۆنی دیاردەیەکی نوێیە دژ بە ژنان، دەبێتە هۆی کێشە و قەیرانی کۆمەڵایەتی و هەڕەشەکردن لەسەر ژیانیان و لاوازکردنی ئازادییەکانیان و پێشێلکردنی مافەکانیان، پێویستی بە دەستوەردان هەیە بۆ ڕێگریکردن لێی.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبج- ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووبەڕووی هەڕەشەو قسە دەبنەوە، ئەمە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەلامەتییان، هەڕەشەی زڕاندنی ناوبانگیان دەکرێت ئەگەر ملکەچی خواستەکان نەبن، ماڵی ژنان جەخت دەکاتەوە کە هۆشیاری باشترین چارەسەرە بۆ نەهێشتنی دیاردەی توندوتیژی ئەلیکترۆنی.

 

زۆربەی حاڵەتەکانی هەراسانکردن و توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ڕوودەدات لە ڕێگەی هەژماری نەناسراوەوە یان بەکارهێنانی هەژمار لەژێر ناوی ساختەدا، ئەمەش وادەکات ناسینەوەی تاوانباران قورس بێت.

 

دەستگیرانی پێشووی هەڕەشەی لێدەکات

"ئ.ح" خەڵکی شاری مەنبج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەلایەن دەستگیرانی پێشوویەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی ئەلیکترۆنی بووەتەوە، وتی: بڕیاربوو لە ماوەی مانگێکدا مەراسیمی هاوسەرگیرییەکە ئەنجام بدەین، بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە داواکردنی بیانوو بۆ درێژکردنەوەی ماوەی دەستگیرانداری بۆ دوو ساڵ، لەو ماوەیەدا وازم لە خوێندن هێنا، کاتێک بۆم دەرکەوت کە جدی نییە لە تەواوکردنی هاوسەرگیرییەکەدا، بڕیارم دا کە پەیوەندییەکە هەڵبوەشێتەوە، دەستیکرد بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی تایبەتمەندییەکانم لەو وێنانەی کە لەگەڵی گرتوومە ئەگەر لە بڕیارەکەم پاشگەز نەبمەوە، بەڵام بە دەستوەردانی ماڵی ژنان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، کێشەکە چارەسەر کرا.

 

لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی هەژمارەکەی داوای پارە دەکات

"س. ئ" کە هەژمارێکی تایبەتی هەبوو لە ئینستاگرام کە کار و بەرهەمەکانی تێدا پیشان دەدات، هەژمارەکەی بەدواداچوونێکی باشی لەلایەن ئەو کەسانەوە پێگەیشتووە کە حەزیان لەو کارەیە کە لە ماوەی ساڵێکدا ئەنجامی داوە، وتی: کەسێک پەیوەندی بە منەوە کردووە لە هەژمارێکەوە کە بە ناوی کچێکەوە تۆمارکراوە و یارمەتی دام بۆ زیادکردنی ژمارەی شوێنکەوتووانی لاپەڕەکەم بۆ ئەوەی کارەکانم بە شێوەیەکی فراوانتر بڵاو بکەمەوە،  دوای ئەوەی پرسیارم لێکرد دەربارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو کارە، پێی وتم کە پێویستە بچمە ناو ئەو بەستەرەی کە بۆی ناردم، و دوای ئەوەی کرتەم لەسەر بەستەرەکە کرد، هەژمارەکەمی تۆمارکرد، دواتر پێی وتم ئەو پیاوێکی گەنجە و خۆی بە کچ ناساندووە بۆ دزینی هەژمارەکەم، لێرە داوای ٢٠٠ دۆلاری لێکردم بۆ ئەوەی هەژمارەکەم بگەڕێنمەوە.

 

وتیشی: لە ڕێگەی هەژمارەکەمەوە چەند جارێک داوای پارەی لە بەشداربووانی هەژمارەکەم کردووە، هەژمارەکەم هێشتا لە دەستیدایە و جار بە جار داوای پارە دەکات، بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک نەکەوتە تەڵەکەیەوە چونکە بە هەمووانم وتووە کە چیتر هەژمارەکە لە دەستی مندا نییە.

 

چیرۆکەکەی "ن.م" و ئەزموونی لەگەڵ توندوتیژی  ئەلیکترۆنی هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ چیرۆکەکانی پێشووتردا نییە، وتی: کەسێکی نەناسراو لە ڕێگەی واتس ئەپەوە پەیوەندی پێوەکردم، داوای لێکردم بچمە پەیوەندییەکی ناڕەوشتییەوە لەگەڵیدا، بەڵام ڕێگرییم لە داواکارییەکەی کرد، لە ژمارەیەکی دیکەوە پەیوەندی بە منەوە کردوو هەڕەشەی کرد کە تایبەتمەندییەکانم بڵاو بکاتەوە و سووکایەتیم پێ بکات ئەگەر داواکارییەکەی جێبەجێ نەکەم، پێم وت هیچ هەڵەیەکم نەکردووە و دوودڵ نیم لە پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەری، جارێکی دیکە ژمارەکەی ڕاگرت.

 

هەڕەشە لە ژنان دەکەن بۆ یارمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان

ماڵی ژنان کە گرنگی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان دەدەن لە شاری مەنبج ڕوونیکردەوە، ئەم دیاردەیە بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستی پێکردووە بەپێی ئەو حاڵەتانەی کە وەریانگرتووە، چەندین حاڵەت هەیە کە تیایدا زۆرێک لە پیاوە گەنجەکان بەڵێنی درۆ بە ژنان دەدەن، و دوای ئەوەی متمانەیان پێدەدەن و وێنەیان ئاڵوگۆڕ دەکەن، پیاوە گەنجەکان هەڕەشەیان لێ دەکەن کە ناوبانگیان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بزڕێنن، یان یارمەتییان بدەن لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.

 

"بەکارهێنانی هەڵەی ئینتەرنێت کۆمەڵگە بەرەو لەناوچوونی ڕەوشتی دەبات"

بەگوێرەی ماڵی ژنان، ژنان لێرەدا ڕووبەڕووی دوو جۆری توندوتیژی دەبنەوە، کە بریتین لە هەڕەشەی ئەلیکترۆنی، توندوتیژی زایەندی و هەراسانکردن، ژنانیش ناتوانن ئەوە ئاشکرا بکەن کە لە ئەنجامی داب و نەریتە کۆنەکانەوە ڕووبەڕووی چی دەبنەوە، هۆشداری دا لە بەکارهێنانی هەڵەی ئینتەرنێت، کە کۆمەڵگە بەرەو لەناوچوونی ئەخلاقی دەبات، و پێویستە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە، لە خێزانەوە دەست پێدەکات، چونکە بچووکترین خانەی کۆمەڵگەیە و بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەبێتە هۆی ڕێکخستنی تەواوی کۆمەڵگە.

 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت و بەکارهێنانی بەربڵاوی بەرنامەکانی چات و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، توندوتیژی ئەلیکترۆنی جۆرێکی نوێی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز سەریهەڵداوە، بەپێی داتاکانی ڕاپۆرتی بانگەشەی گشتی بە ناونیشانی "توندوتیژی دیجیتاڵی دژی ژنان لە جیهاندا" ژنان ٢٧ جار زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە ڕووبەڕووی توندوتیژی ئەلیکترۆنی بکرێنەوە وەک لە توندوتیژی زایەندی، ئەمەش لەلایەن توێژینەوەیەکەوە ئاشکرا دەکرێت کە لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژییەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدراوە و لە ڕێگەیەوە تیشک دەخاتە سەر دیاردەی توندوتیژی ئەلیکترۆنی.