پارێزەرێک: بەهۆی توندوتیژییەکانەوە ژینگەکەمان لە مرۆڤایەتی دەردەچێت

توندوتیژییەکان دژ بە ژنان زیادیان کردووە، توندوتیژی و گێچەڵی سێکسی یەکێکە لەو جۆرە توندوتیژییانەی بە ئاشکرا ئەنجام نادرێت و پارێزەرێکیش دەڵێت: حاڵەتەکانی توندوتیژی کپ دەکرێنەوە و ناکرێنە سکاڵا.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژنان هەمیشە لە ئەگەری ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر جۆرێک لە توندوتیژیدان، توندوتیژییە سێکسیەکان و گێچەڵەکان یەکێکە لەو جۆرەی بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەنجام نادرێت، بۆ سەلماندنی پێوست بە بەڵگەی تۆکمە هەیە، بەڵام بەهۆی هەبوونی ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری و دواکەتووی لە کۆمەڵگەدا تا ئێستا ئەو توندوتیژیانە کپ دەکرێنەوە، ماف نادرێتە ژنان تا داوای مافەکانی خۆیان بکەن و تاوانبار بە سزای خۆی بگەیەنن.

 

"توندوتیژی سێکسی یەکێکە لە توندوتیژییە دیارەکانی کۆمەڵگە"

سۆزان حسێن، پارێزەر دەربارەی هەبوونی توندوتیژییەکان ڕوونیکردەوە، توندوتیژی جۆری زۆرە و هەموو جۆرەکانیشی حاڵەتی تێدا تۆمار دەکرێت، یەکێک لەوانەش توندوتیژی سێکسییە، کە یەکێکە لەو توندوتیژیانەی لە ماڵ و خێزان هەروەها دەرەوەی خێزانیش بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، توندوتیژی هەر جۆرێک بێت دەستدرێژی سێکسی یاخود گێلەکردن هەردووکی دەچێتە بواری توندوتیژییەوە، بەڵام ئەوە زیاتر لەناو خێزان و دەرەوەی خێزانیشدا ئەنجام دەدرێت، گێچەڵی سێکسییە.

 

دەربارەی هۆکارەکانی ئەنجامدانی توندوتیژییەکان ئەو پارێزەرە ڕوونیکردەوە، زۆر کەس پێیان وایە، ئەوەی ئاستی ڕۆشنبیری بەرز بێت توندوتیژی ناکات، ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە یاخود کەسێک پێی وابێت کەسی بەرامبەر بڕوانامەیەکی هەیە و ئەگەری ئەنجامدانی توندوتیژی نییە، ئەوە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە، چونکە چەندین حاڵەت هەن کەسەکە خاوەن بڕوانامە بووە و گێچەڵی بە چەندین کەس کردووە.

 

"حاڵەتەکانی توندوتیژی کپ دەکرێنەوە و ناکرێنە سکاڵا"

پارێزەر سۆزان ڕوونیکردەوە، پەروەردە، دەروون و ئەو ژینگەیەی کەسەکە تیایدا دەژی، هۆکارە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی، وتیشی: کەیسەکانی دادگاکانی هەرێمی کوردستان ئەو گێچەڵانەن کەسی توندوتیژی لێکراو قبوڵی توندوتیژییەکەی نەکردووە و کردوویەتی بە سکاڵا لە دادگاکاندا، بەڵام چەندین حاڵەت هەن ناگەنە دەستی دادگا و پەردەپۆش دەکرێن، هەندێکیان بە سوڵحی عەشایەری ڕێکەوتنیان کردووە، هەندێک لەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ترسیان لە دڵایە بۆ ئەوەی قسە بکەن، یاخود پێیان شەرمە بڵێن توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، هەندێکیشیان هۆشیاریان نییە دەربارەی ئەوەی ئەو مامەڵەیەی لەگەڵیاندا کراوە توندوتیژییە.

 

ئەو پارێزەرە بە پێویستی دەزانێت ژنان هۆشیار بن تا ئەو ئاستەی هەرکات توندوتیژیان بەرامبەر کرا سکاڵا تۆمار بکەن، یاخود لەکاتی گێچەڵکردن و کردە توندوتیژییەکەدا، بەڵگە کۆبکەنەوە وەک تۆماری دەنگی، ڤیدیۆ یاخود کەسی سێهەم ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی کەسی توندوتیژیکەر لە دواجاردا لەبەر نەبوونی بەڵگە بۆی دەرنەچێت، بە سزای خۆی بگات، ببێتە نمونە بۆ کەسانی دوای خۆی.

 

"کەسانێک هەن خۆیان توندوتیژن و حەز بە ئەنجامدانی دەکەن"

دەربارەی هۆکاری ئەنجامدانی ئەو جۆرە توندوتیژییە ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک کەس حەز بە ئەنجامدانی توندوتیژی دەکەن و لە دەروونیاندایە، خۆیان کەسانێکی توندوتیژن، ئەگەرنا چەندین حاڵەت هەیە پیاوەکە ژنی خۆی هەیە و هیچ کەموکورتییەکی نییە، بەڵام دەستدرێژی دەخاتەسەر کەسێکی نزیکی ئیتر خوشکی بێت یاخود کچ و خزمەکانی، ئەم کەسە کەموکورتی نییە لە ڕووی پڕکردنەوەی حەزەکانی، تەنها ئەوە نەبێت کە خۆی کەسێکی توندوتیژە و حەز بە ئەنجامدانی دەکات، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش زیاتر کاریگەری هەیە لەسەر ئەم جۆرە کەسانە.

 

سۆزان حسێن وتی: هەموو کەسێک بەشی خۆی دەزانێت کامە مامەڵە توندوتیژییە و کامەش گێچەڵی سێکسییە، بەڵام ئەوەی هەندێک جار ژنان لەوپەڕی هۆشیاریدا تێی دەکەون بریتییە لەوەی لەم بابەتەدا پیاوان فێڵ بەکاردەهێنن، بە ناوی خۆشەویستی و شتی دیکەوە خۆیان نزیک دەکەنەوە و دواتر مەرامەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن.

 

"کۆمەڵگە وردە وردە لە مرۆڤایەتی دەردەچێت، چونکە حاڵەتەکانی توندوتیژی زۆرن"

ئەو پارێزەرە هەبوونی ئەو جۆرە توندوتیژیانەی گەڕاندەوە بۆ ئەو کۆمەڵگە و ژینگەیەی کە تیایدا دەژین و دەڵێت: وردە وردە ژینگەکەمان دەبێتە ژینگەیەکی ئاژەڵی و لە مرۆڤایەتی دەردەچێت، خێزان و کۆمەڵگە گەورەیی خۆی هەیە و نابێت خێزان ڕێگە بە شکاندنی شکۆی بدات، ئەو کەسانەی بەردەوام مێشکیان لای توندوتیژی و سێکسە، کەسانی تەندروست نین لە ڕووی ئەقڵەوە، بە پێویستی دەزانێت خێزان هۆشیار بێت هەروەها  ئەو جێگایانەی ئەم تاوانانەی تێدا ئەنجام دەدرێت ئەگەر لە دەرەوەی ماڵ بێت، مۆڵەتی کارکردنیان لێبسەندرێتەوە، چونکە چەندین جێگەی وەک ئارایشتگا هەن دەستدرێژی تیادا ئەنجام دراوە.

 

"مامەڵەی ناتەندروستی خێزانەکان کەسانی توندوتیژ بەرهەم دەهێنێت"

سۆزان حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی سەرەکی ئێستای خێزانەکان، بریتییە لە نەبوونی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی تۆکمە، لە ئێستادا خێزانەکان سەرقاڵی تۆڕی کۆمەڵایەتین و گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی خیانەت لەیەک دەکەن بە جۆرێک دێتە سەر جیابوونەوە کەسیان منداڵیان ناوێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت پەروەردەی منداڵ لە ئێستادا لەوپەڕی خراپیدایە، بۆیە کۆمەڵگە بەو جۆرە دەردەچێت.

 

"ژن بەهێز بێت پیاو ناتوانێت توندوتیژی بەرامبەر بکات"

دەربارەی ئەو توندوتیژیانەی لە دەرەوەی خێزان بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت سۆزان حسێن ڕوونیکردەوە، پیاوێک لەوپەڕی توندوتیژیدا بێت و ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەبێت، ناتوانێت توندوتیژی بەرامبەر بە ژنێکی بەهێز بکات، کاتێک دڵنیا دەبێت لە بێ توانایی ژنێک ئەوکات توندوتیژییەکە ئەنجام دەدات، بۆیە پێویستە ژنان هێزی خۆیان کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەتوانێت مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵدا بکات، چونکە ئەگەر پیاوێک هەست نەکات ژنێک خاڵی لاوازی هەیە، هیچ ڕەفتارێکی لەگەڵدا ناکات.

 

لەکۆتایدا ئاماژەی بەوەکرد، یاساکان یاسای باشن، بەڵام هاوڵاتیان ڕۆشنبیریان نییە بەرامبەر بە یاساکان و نازانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، تا ئێستا هۆشیاری نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەر ژنێک توندوتیژی بەرامبەر بکرێت، دەنگ هەڵبڕێت و سکاڵا تۆمار بکات، بەڵکو لەبەر عەیبە بابەتەکەیان کپ کردووەتەوە، کاتێک سکاڵا تۆمار نەکرێت بێگومان کەسی تاوانبار ناگات بە سزای خۆی، بۆیە پێویستە خێزانەکان پاڵپشتی تەواوی ژن و کچەکانیان لە پرسی لەو شێوەیەدا بکەن.