ژنان دەتوانن لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا خۆیان بەیان بکەن

کۆڕ و کۆبوونەوەکان ڕێگەیەکن تا ژنان بتوانن خۆیان بەیان بکەن، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت ژنان حەز و توانایان هەبێت بۆ هاتنە دەرەوە و پیشاندانی تواناکانیان.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- هەورین عەلی، مامۆستای زانکۆ لە شاری کۆیە پێی وایە، نووسین یەکێکە لەو ڕێگایانەی مرۆڤ چی لە ناخ و مێشکی دایە دەری ببڕێت، بە پێشینەی زانستی بێت یان بەو داتایانەی کە لە خۆیدا کۆیدەکاتەوە، هەر بۆیە ژنان خۆیان مەبەستیان بێت دەتوانن کێشە و گرفتەکانیان بگەیەنن.

 

ئەو مامۆستایە وتیشی: هەوڵ هەیە بۆ گەیاندنی ئەو گەڵاڵەبووە لە ڕێگەی نووسینی بیرەوەریەکان و یان لەو پسپۆڕیەیی کە ژنان خۆیان ئیشی تێدا دەکەن، هەر باشە کە هەنگاوە  نراوە  کێشە و گیروگرفتەکان دەنووسن، بەڵام لە ئاستی پێویست نییە و دەبوو زیاتر بێت.

 

هەورین عەلی ئاماژە بە گرنگی کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەکات کە دەتوانێت بەشداری ژنان زیاد بکات و وتی: کۆڕ و کۆبوونەوەکان گرنگن بەتایبەت بۆ ژنان، ئەگەرچی بەشداری ژنان کەمە، بەڵام بۆ زیاتر ئاشناکردنی خۆیان دەبێت بەشدارییەکانیان بەرز بکەنەوە و بتوانن توانای خۆیان بەکاربهێنن، توێژینەوە و بەدواداچوون بکەن و کۆمەڵگا هەڵبسەنگێنن، زیاتر بەرەو پێشەوە دەڕۆن، بۆیە گرنگە ژنان لە هەر سەردەمێک بن یان لە هەر شوێنێک بن ڕۆڵی خۆیان ببین، چونکە لە بوون جیاوازیان نییە، لە تواناش لە هیچیان کەم نییە، بۆیە پێویستە ئەم توانایانە بەکاربهێنرێن لە خزمەتی کۆمەڵگەدا.

 

لە کۆتایشدا وتی: حەق دەسەندرێت و ناردرێت، ژنیش ئەگەر بیەوێت لە ماڵ بێت کەس ناتوانێت دەری بهێنێت، ژن دەبێت خۆی حەز و توانای هەبێت، دواتر کۆمەڵگە هاوکار دەبێت، دەتوانن لە پیاو زیاتر بەرەوپێش بچن، بەڵام دەبێت هەنگاوی یەکەم خۆیان هەڵیبێنن.