"کێشانی ڤەیپ دوورە لە هەموو کولتوورێکی کۆمەڵگەوە"

بڵاوبونەوەی ڤەیپ لە ناو تاکەکانی کۆمەڵگە و گەنجانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ ڕووی لە زیادبوون کردووە و توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش دەڵێت: بڵاوبوونەوەی ئەم حاڵەتە دوورە لە بەهاکانی کۆمەڵگەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- جگەرەی ئەلکترۆنی کە بە ڤەیپ ناسراوە گەنجان لە جیاتی جگەرە بەکاریدەهێنن، بەڵام بێ ئاگان لەوەی زیانەکەی لە جگەرە زیاترە، بە جۆرێک ڕێژەی ماددەی فۆڕمەلدیهاید لە ڤەیپدا ١٥ جار لە جگەرە زیاترە، کێشانی ڤەیپ لەناو کاتەکانی کۆمەڵگەدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، بەشێک لە هۆکارەکانی ئەم بڵاوبوونەوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرقاڵکردن و لەخشتەبردنی تاکەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە، هەروەها دابین نەکردنی هەلی کار بۆ گەنجان لە لایەن حکومەت و بازرگانی کردن پێوەی، وای کردووە گەنجان بە ئاسانی ئاڵوودەی کێشانی ئەم جۆرە بابەتانە بن، لە هەرێمی کوردستانیشدا بەهۆی جێبەجێ نەکردنی یاساکانەوە هەموو شتێک ئاسای بووەتەوە، تەنانەت ڕیکلام بۆ ئەو ماددانە دەکرێت کە لە ڕاستیدا بازرگانیکردن پێوەی و ڕیکلامکردن بۆی قەدەغەیە.

 

"منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ ڤەیپ دەکێشن"

لەیلا عەبدوڵا، توێژەری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکرد، ڤەیپ یەکێکە لە شێوازەکانی جگەرە و نێرگەلە کە بە ئاشکرا ڕیکلامی بۆ دەکرێت، هۆکارێکی سەرەکی توشبوون بە شێرپەنجەیە، بەڵام خەڵکانێکی زۆر ئاڵوودەی کێشانی ئەم بابەتانەن، لە کۆنیشدا جگەرە خواردن هەر هەبووە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا مۆدێلێکی تری جگەرە کە پێی دەوترێت ڤەیپ لە ناو تاکەکەندا تەشەنەی کردووە، زیانەکانی هەروەکو نێرگەلە و جگەرە وایە، ڤەیپ لەبەرئەوەی بۆنێکی خۆشتری هەیە زیاتر دەکێشرێت، بەڵام ئەمە تەنها خۆ هەڵخەڵەتاندنە، لە کاتێکدا لە لایەنی ئابووریشەوە ڤەیپ گرانترە، دەبینین منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵیش پێیانە کە ئەمە کارەساتە، چونکە ئەو منداڵە لە تەمەنێکی کەمەوە ئاڵوودەی بەکارهێنانی ئەو ماددانە دەبێت.

 

"تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کێشانی ڤەیپی ئاسایی کردووەتەوە"

لەیلا عەبدوڵا ڕوونی کردەوە، گەنجانی ئێستا وا دەزانن ئەگەر ڤەیپ بکێشن شەخسیاتێکی تریان هەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی کە لە ئێستادا بە شێوەیەکی زۆر بەکاردەهێنرێت لەلایەن تاکەکانەوە و ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنیان هەیە لەسەر ژیانی خۆیان، کاتێک دەبینن بە ئاسای ڤەیپ دەکێشرێت و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاو دەکرێتەوە ئاسای دەبێتەوە لای تاکەکانی تریش، بۆیە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوەی دژی دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاسایی بووەتەوە.

 

وتیشی: دەبێت سانسۆر بخرێتە سەر کافتریاکان و منداڵانی خوار تەمەن ١٨ وەرنەگرن، چونکە لەو تەمەندا هەست بە هەڵەکان ناکەن و ئەگەر خۆیان گەشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵ بەرەو سەرەوە تێگەیشتنێکی تریان دەبێت و هەست بە زۆربەی هەڵەکان دەکەن، هەبوونی بۆشایی وای کردووە گەنجان دەست بدەنە کۆمەڵێک کاری هەڵە، چەندین ساڵە گەنجان دوای تەواوکردنی خوێندن بێ کارن، بۆیە دەیانەوێت بە شتێکەوە خۆیان مەژغوڵ بکەن و دواجار ڤەیپ دەکێشن و ئاڵوودە دەبن بە تۆڕی کۆمەڵایەتی و کێشانی ڤەیپ و نێرگەلە.

 

"زیانی کێشانی ڤەیپ لەسەر دایک زیاترە"

لەیلا عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو، زیانەکانی کێشانی ڤەیپ لە هەموو ڕوویەکەوە زیانی بۆ کۆمەڵگە هەیە، زۆر جار گەنجان ئەو کارەی کە دەیکەن و بڕە پارەیەک وەردەگرن لە جیاتیدا، زۆر جار دەیدەن بە ڤەیپ کەواتە هیچ سوودێکی وەرنەگرت لە سەرفکردنی تواناکانی، لە ڕووی تەندروستیشەوە زیانێکی زۆری هەیە بەتایبەتی بۆ ژنان کە ئەوان دەبن بە دایک و دواتر منداڵەکە کێشەی تەندروستی بۆ دروست دەبێت، وا دەکات ئەو منداڵە حەز بە کێشانی ئەو ماددانە بکات، بۆیە بڵاوبوونەوەی ڤەیپ کۆمەڵگەی تەواو پەرتەوازە کردووە و منداڵ بە گوێی دایک و باوک ناکات و دایک و باوک نازانێت چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵەکانی بکات.

 

دەشڵێت: زیانەکانی جگەرە و ڤەیپ و ئەو جۆرە ماددانە بە جۆرێکە کە بازرگانی کردن پێوەی قەدەغەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە ئاسانی ڕیکلامی بۆ دەکرێت و بازرگانی پێوە دەکرێت تەنها لەبەر بڕێک پارە، بۆیە پێویستە یاسایەکی تر و ڕێگایەکی تر بگیرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە و سانسۆرێک بخرێتە سەر ئەو دوکان و شوێنانەی ڤەیپی تێدا دەفرۆشرێت، یاسا هەیە بۆ هەموو شتێک، بەڵام جێبەجێ ناکرێت، لێرەدا دەتوانرێت یاساکان توندتر بکرێت بۆ ئەوەی ئەم حاڵەتانە کەم بکرێتەوە.