"گەنجان وەلانراون بۆیە بە ناچاری کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن"

گەنجان لە ئێستادا بێ هیواترین توێژی کۆمەڵگەن، دەسەڵات و حکومەت کارێکی کردووە گەنجان نەک ئامانجیان نەبێت، بەڵکو هەوڵی بەگەیشتنی ویستەکانیشیان نەدەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- گەنجان دینامیکی کۆمەڵگەن و گۆڕانکاری و تێکۆشان لە هێزی ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێت، گەنجانی خاوەن بەهرە و ئامانجدار لە لایەکەوە داهاتووی خۆی ڕۆشن دەکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە داهاتووی کۆمەڵگەکەی، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی دۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کاریگەری دەسەڵات و سیستمی پەروەردە گەنجان بێهیوا بوون.

 

"گەنج خۆی بونیاد نەنێت کۆمەڵگە بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپ دەچێت"

بەسۆز ئەحمەد، مامۆستا و خوێنەر، دەربارەی بایەخی گەنج لە کۆمەڵگەدا ڕوونیکردەوە، هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت پێشبکەوێت و شان بە شانی نوێگەری هەنگاو بنێت، ئەگەر هێز و توانای گەنج لەو کۆمەڵگەیەدا بوونی نەبێت، چونکە گەنجان داینەمۆ و بزوێنەری کۆمەڵگەن، بارودۆخی گەنج لە کۆمەڵگەدا بە چ شێوازێک بێت بەو شێوەیەش کۆمەڵگە ئاڕاستە دەکرێت، بۆیە ئەگەر گەنجان بێ ئامانج و هەوڵ بن لە کۆمەڵگەدا، خودی کۆمەڵگەش بێ بەرهەم دەبێت.

 

بەسۆز باسی لە گەنجی ئێستای کۆمەڵگە کرد و وتی: ئەگەر تەماشای گەنجان بکەین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەبینین گەنجێکی زۆر هەن بێ ئامانجن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەناسینی خودی تاک خۆی، کە تا ئێستا نەیتوانیوە خۆی بناسێت، لە ژیاندا دوو شت هەن دووبارە نابنەوە دایک و باوک و تەمەنی گەنجی، بۆیە گەنجێک نەتوانێت خۆی بنیاد بنێت، ناتوانێت لە ساڵانی داهتوویدا خۆی دروست بکات.

 

هۆکاری جیاواز هەن بۆ ئەوەی گەنجان بێ ئومێد بن

بەسۆز ئەحمەد، ڕوونیکردەوە لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی کار بۆ گەنجان دروست نەکراوە بۆ ئەوەی گەنجان سەرقاڵ بن، نەبوونی ئامانجیشی لە گەنجاندا کرد بە سێ بەشەوە و بەشی یەکەمی بۆ ژینگە و ئەو ناوچەیە گەڕاندەوە کە گەنجەکە تیایدا دەژی وتی: لە هەرێمی کوردستان گەنجان خراونەتە بەشێکی کۆمەڵگە و ئاوڕیان لێنادرێتەوە، بۆیە بەشی زۆریان کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی تر.

 

بەسۆز یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گەڕاندەوە بۆ دایک و باوک، کە بەردەوام داوا لە منداڵەکانیان دەکەن ببنە پزیشک یاخود ئەندازیار، لە کاتێکیشدا منداڵەکەی نمرەیەکی کەمتر دەهێنێت، بێ هیوا دەبێت، هەست دەکات لە قۆناغێکی ژیانیدا سەرکەتوو نەبووە، چونکە لە منداڵییەوە ئەم بیرە لە مێشکیدا چەسپ بووە، هۆکاری سێهەمی گەڕاندەوە بۆ خودی گەنجان کە تا ئێستا خۆیان ناناسن و ناتوانن پلان دابنێن بۆ ویستەکانیان، چونکە زۆر گەنج هەن ئامانجیان هەیە، بەڵام نازانن چۆن کاری لەسەر بکەن.

 

"هەبوونی پلان و ڕێکخستنی کات یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە ویستەکانت"

لە درێژەی قسەکانیدا بەسۆز ئەحمەد، ئاماژەی بەوەکرد هەندێک گەنج ئامانجیان هەیە، بەڵام دەناڵێنن بەدەست نەبوونی پلانەوە، زۆرینەی گەنجان بەهۆی ئەم کێشەیەوە بە زەحمەتیەکی زۆر دەگەن بەو ویستەی هەیانە، چونکە دەیانەوێت بە کاتێکی زۆر کەم و بە هەڕەمەکی بگەن، بەو ئامانجەی هەیانە، ئەمەش زیاتر بۆیان قورس دەکات، دەڵێت: یەکێکی تر لەو هۆکارانە نەبوونی خۆشەویستییە بۆ کارەکەی، بەشی زۆری گەنجان کار دەکەن، بەڵام کارەکەیان خۆشناوێت و تەنها بۆ دەستکەوتنی بڕە پارەیەک کارەکەیان دەکەن.

 

وەک گەنجێک ڕوونیکردەوە، ڕێکخستنی کات هۆکارێکە بۆ ئەوەی گەنج بتوانێت بە ویستەکانی بگات، کاتێک گەنجێک دەیەوێت لە ماوەیەکی کەمدا بە ئامانجەکەی بگات، لەو کاتەدا ڕووبەڕووی فشار دەبێتەوە، دروستبوونی ئەم فشارە وای لێدەکات بێزار بێت لە هەوڵدان، وتیشی: بۆیە کاتێک کات ڕێکدەخەیت و بەپێی کاتەکان هەوڵ دەدەیت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەت، بێگومان دەگەیتە ئامانج.

 

"هەرچەند دەسەڵات ژینگەی لەباری دروست نەکردووە بەڵام نابێت گەنجان بێ هیوا بن"

دەربارەی شکستی گەنجان و نائومێدبوونیان لە کاتی هەنگاونان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەسۆز ئەحمەد ڕوونیکردەوە، گەنجان کاتێک دەست دەکەن بە هەوڵەکانیان، دەیانەوێت بە یەکەم هەنگاو پێی بگەن، لە کاتێکدا هەموو ئامانجێک پێویستی بەکاتی دیاریکراوی خۆی و شەونخونی هەیە، یاخود هەندێکیان بیرۆکەی شکستیان لە مێشکی خۆیان دانەناوە و تەنها بیریان لەوە کردووەتەوە کە سەربکەون، کاتێک شکست دەهێنن، بێگومان بێ هیوا دەبن.

 

بەسۆز ئەحمەد وتی: لە پاش شکستهێنان بەشێک لە گەنجان بێ هیوا دەبن و ڕووبەڕووی خەمۆکی دەبنەوە، لە بەرامبەردا هەندێک گەنج هەن شکست بە بەشێک لە سەرکەوتنەکانیان دەزانن و دووبارە هەنگاو دەنێنەوە بۆ گەیشتن بە ویستەکانیان.

 

لە کۆتایدا باسی لەوەکرد، دەسەڵات ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، چونکە ئێستا دەسەڵات وایکردووە گەنجان تاقەتی خوێندنیشیان نەبێت و دەڵێن خۆ لە داهاتوودا نابین بە هیچ و کاریگەری لەسەر کەسانی دەورووبەریشیان دەکەن، وتیشی: پێویستە گەنجان خۆیان بناسن، پلانیان هەبێت بۆ ئامانجەکانیان و خودی کارەکانی خۆیان خۆشبوێت، تا بتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن.